كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای؛ ته‌حه‌دای كۆرۆنا و داعش ده‌كات

كه‌ركوك، 2020، كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق كه‌ له‌ ساڵی 2003ـه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

له‌ شه‌ش ساڵی رابردوی ته‌مه‌نیدا، كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای كاكه‌یی له‌لایه‌ك بای بڵابونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ روبه‌ڕوی تێكچونی بارودۆخی ئه‌منی بۆوه‌، به‌ڵام له‌ هیچیاندا به‌ یه‌كجاری ده‌رگاكانی به‌ڕوی خوێنه‌رانیدا دانه‌خست.

ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ 17 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تایبه‌تی به‌ ئامانجی خزمه‌تكردنی دانیشتوانی عه‌لی سه‌رای و گونده‌كانی دیكه‌ی خۆرئاوای قه‌زای داقوق بنیاتنرا، له‌وكاته‌وه‌ توانیویه‌تی توێژه‌رانی رۆشنبیری و زانست و خوێندكارانیش به‌لای خۆیدا رابكێشێت.

"له‌ ساڵی 2003دا وه‌ك هه‌وڵێكی تایبه‌تی كتێبخانه‌كه‌م بنیاتنا و تا هاوینی 2014 زیاتر له‌ سێ هه‌زار كتێبی تێدابوو" ره‌جه‌ب عاسی كاكه‌یی، دامه‌زرێنه‌ری كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای وای وت.

ره‌جه‌ب كاكه‌یی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كتێبخانه‌كه‌ له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا زیاتر له‌ 30 چالاكی جۆراوجۆری هه‌بووه‌ له‌ دیداری فكری و شیعری له‌ شه‌وانی هاوینی هه‌موو ساڵێكدا، جگه‌ له‌ خوله‌كانی گه‌شه‌پێدان و پێكهینانی تیمێكی وه‌رزشی و دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ خوێندكاران.

photo5469863601801113334
داقوق، 2008، كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای له‌شوێنی سه‌ره‌كی به‌رله‌وه‌ی بگوازرێته‌وه‌ بۆ گوندی رزگاری

خواستنی كتێب له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا

كارمه‌ندانی كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای، به‌ نیازبون ئه‌مساڵ چالاكی جیاواز رێكبخه‌ن؛ له‌ كۆڕی شیعری، سیمیناری فكری، خولی وه‌رزشی و رێزگرتن له‌ شاعیرانی كاكه‌یی ناوچه‌كه‌ وه‌ك خه‌لیل منه‌وه‌ر و مه‌لا عه‌باس حلمی، هه‌روه‌ك ساڵانی پێشتر.

به‌ڵام بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، خه‌ڵكی له‌ یه‌كتری دابڕان و ئه‌و چالاكییانه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ش، كتێبخانه‌كه‌ ئه‌و دابڕانه‌ی به‌ خزمه‌تگوزاری پێدانی كتێب به‌ شێوازی خواستن بۆ خوێنه‌رانی قه‌ره‌بوو كرده‌وه‌.

"په‌تای كۆرۆنا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی كتێبخانه‌كه‌ هه‌بوو، بۆ چه‌ند مانگێك كاره‌كانی كتێبخانه‌كه‌مان راگرت، به‌ تایبه‌ت كاتێك قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راگه‌یه‌نرا" عه‌لی حسێن (30 ساڵ)، یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانی كتێبخانه‌كه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

سه‌رباری رێكاره‌ تونده‌كان بۆ رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، به‌ڵام رۆشنبیران به‌رده‌وام سه‌ردانی كتێبخانه‌یان ده‌كرد بۆ خواستنی كتێب

ئه‌و وتی "سه‌رباری رێكاره‌ تونده‌كان بۆ رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، به‌ڵام رۆشنبیران به‌رده‌وام سه‌ردانی كتێبخانه‌یان ده‌كرد بۆ خواستنی كتێب، له‌ كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا رێژه‌ی خواستنی كتێب زیادیكرد".

حسێن ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌مساڵ ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده‌ پلانیان هه‌بووه‌، به‌ڵام هیچ چالاكییه‌كیان رێكنه‌خستووه‌، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

له‌ نێو چالاكییه‌ راگیراوه‌كاندا به‌ ئومێدبون خولی فێربونی چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ و ژه‌نینی ئه‌كادیمییانه‌ی ئامێره‌كانی مۆسیقا بكه‌نه‌وه‌.

هانا ره‌زا كاكه‌یی (27 ساڵ) ده‌ڵێت به‌ختی هه‌یه‌ ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ له‌ ناوچه‌‌كه‌یاندایه‌، چونكه‌ زۆر هاوكاری كردووه‌ له‌كاتی دوركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هۆی كۆرۆناوه‌، "به‌وپێیه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ته‌حه‌دی و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ بوو بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی هه‌وڵی ده‌ستخستنی سه‌رچاوه‌یان ده‌دا تا توێژنه‌وه‌ی زانستی كۆتا ساڵی خوێندنیان بنوسن".

 

ته‌حه‌دی بارودۆخی ئه‌منی

كۆرۆنا ته‌نیا ته‌حه‌دا نییه‌ روبه‌ڕوی كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای بوبێته‌وه‌، به‌ڵكو خراپی بارودۆخی ئه‌منی و هێرشی چه‌كدارانی داعش، هه‌ڕه‌شه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌م كاره‌كانیان بون.

دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌ ئابی 2014دا ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوكدا گرت، له‌ نێویاندا گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری عه‌لی سه‌رای (باشوری خۆرئاوای داقوق)، كتێبخانه‌كه‌ به‌ ناچاری شوێنه‌كه‌ی گواسته‌وه‌.

گواستنه‌وه‌ی كتێبخانه‌كه‌ بۆ گوندی رزگاری هه‌نگاوێكی باش بوو

له‌ ئاداری 2015دا كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای گواسترایه‌وه‌ بۆ گوندی رزگاری كاكه‌یی، كه‌ ئه‌وكات له‌روی ئه‌منییه‌وه‌ سه‌قامگیرتر بوو، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ خواستی ژماره‌یه‌ك له‌ رۆشنبیران و گه‌نجانی كاكه‌یی، كه‌ به‌شێكیان له‌ گوندی رزگاری كتێبخانه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌برد.

"گواستنه‌وه‌ی كتێبخانه‌كه‌ بۆ گوندی رزگاری هه‌نگاوێكی باش بوو، چونكه‌ بوو به‌هۆی دڵخۆشی رۆشنبیران و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجان و خوێندكارانی زانكۆ كه‌ توانییان له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه‌ و خوێندنیان ده‌ستبكه‌وێت، جگه‌له‌وه‌ی هه‌بونی كتێبخانه‌ رۆڵی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری رۆشنبیری بۆ گه‌نجان هه‌یه‌" بێباك حسێن (28 ساڵ)، كارمه‌ندی كتێبیخانه‌كه‌ واده‌ڵێت.

photo5469863601801113324-1
كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2020، بینای كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

له‌وكاته‌وه‌ كتێبخانه‌كه‌ له‌ گوندی رزگاری مایه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر به‌ناوی كتێبخانه‌ی عه‌لی سه‌رای-ـه‌وه‌.

هانا ره‌زا كاكه‌یی، كچه‌ خوێندكاری كۆلێژی ئادابی زانكۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م كتێبخانه‌یه‌دا چه‌ندین سه‌رچاوه‌م ده‌ستكه‌وت كه‌ پێویستم بون بۆ نوسینه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌رچونم، به‌هۆی ئه‌و سه‌رچاوانه‌شه‌وه‌ توێژینه‌وه‌كه‌م به‌ پله‌ی زۆرباش په‌سه‌ند كرا".

هانا ته‌نیا كه‌س نییه‌ سودی له‌و كتێبخانه‌یه‌ وه‌رگرتووه‌، چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ سه‌رچاوه‌ی زانستییان خواستووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كتێبی زۆری تێدایه‌.

هیوا خه‌لیل (23 ساڵ)، خه‌ڵكی گوندی عه‌لی سه‌رای، له‌ ستایشی كاره‌كانی كتێبخانه‌كه‌دا ده‌ڵێت شوێنێك بووه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ و چالاكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی؛ سه‌رنجی زۆرێك له‌ رۆشنبیران و گه‌نجانی به‌لای خۆیدا راكێشاوه‌، خه‌ڵك له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌شه‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ چالاكییه‌كاندا یان خواستنی كتێب رویانتێكردووه.

سه‌ره‌ڕای ته‌حه‌دییه‌كانی كۆرۆنا و بارودۆخی ئه‌منی، لێپرسراو و كارمه‌ندانی كتێبیخانه‌كه‌؛ به‌رگه‌یان گرت و ده‌رگاكانیان به‌كراوه‌یی هێشته‌وه‌ به‌ڕوی خوێنه‌رانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی باشوری كه‌ركوك كه‌ پێویستیان به‌ كتێبخانه‌یه‌كی هاوشێوه‌ هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT