ته‌ندروستی پارێزگای كه‌ركوك، هۆشداری ده‌داته هاوڵاتیان خۆیان له شه‌پۆلی دوه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن، چونكه له پێشتر به‌هێزتره و زیاتریش گه‌نجان تووش ده‌بن.
ئه‌و هۆشدارییه له كاتێكدایه به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، رۆژانه له پارێزگای كه‌ركوك لانیكه‌م 100 هاوڵاتی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن و پێنج كه‌سیش به‌وهۆیه‌وه گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن.
تهبیل حه‌مدی بوشناق، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، وتی رێژه‌ی مردن له به‌رزبونه‌وه‌دایه و له رۆژێكدا پێنج حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه تۆمارده‌كه‌ن.
هۆكاری ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ خه‌ڵك كه دوای تێپه‌ڕینی 15 رۆژ له په‌تاكه و كاتێك بارودۆخی ته‌ندروستی به ته‌واوی خراپ ده‌بێت ئه‌وكات سه‌ردانی نه‌خۆشخانه ده‌كات نه‌ك له سه‌ره‌تا ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كان و توشبونی به ڤایرۆسه‌كه.
"به‌پێی ئاماژەكانی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق؛ شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەهێزترە لە پێشتر، له رابردودا زیاتر كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن دوچاری په‌تاكه ده‌بون به‌ڵام له شه‌پۆلی دوه‌مدا زیاتر گه‌نجان توش ده‌بن و هه‌رزوو بارودۆخی ته‌ندروستییان تێكده‌چێت" به‌وته‌ی نه‌بیل بوشناق.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتیاندایه ته‌نیا رێنمایی و رێكاری خۆپارێزییه، بۆیه پێویسته هاوڵاتیان پابه‌ندبن و به‌دوربن له تێكه‌ڵاوی.
ته‌ندروستی كه‌ركوك رۆژانه 200 تا 300 پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان ده‌كات.
سه‌باح نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی گشتی له فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك له كۆنگره‌كه‌دا وتی "له كۆی توشبوانی كۆرۆنا نزیكه‌ی هه‌زار و كه‌سیان كارمه‌ندی ته‌ندروستین و له‌و ژماره‌یه هه‌شت كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه".
ئه‌و پێیوایه رێژه‌ی توشبوان زیاتر به‌وپێیه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك ناچنه نه‌خۆشخانه بۆ پشكنین.
تائێستا لە كەركوك 14 هەزار و 892 كەس توشی كۆرۆنا بون و 571 كەس بە كاریگەری ڤایرۆسەكە مردون.
زیاد خه‌ڵه‌ف، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ته‌ندروستی كه‌ركوك له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌كانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا كرد و وتی ئێستا نەخۆشخانەیه‌كی 220 قه‌ره‌وێڵه‌یی تایبه‌ت به‌و په‌تایه له قۆناغه‌كانی كۆتایی كاركردندایه و رێكخراوی پزیشكانی بێسنوریش نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له كه‌مپی ئاواره‌كانی له‌یلان بۆ كۆرۆنا ده‌كاته‌وه.
له عیراق ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا گه‌یشتۆته 413 هه‌زار و 215 كه‌س، له‌و ژماره‌یه 347 هه‌زار و 396 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه، هه‌زار و 21 هاوڵاتیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیانله‌ده‌ستداوه.