تەرمی ئەو سێ گەنجەی شەوی رابردوو لە روداوێكی تەمومژاویدا لە ناوچەی شێخ بزێنی، سنوری ناحیەی شوان كوژران، ئەمڕۆ بەخاكدەسپێردرێن. ئەوەش دوای ئەوەی تەرمەكانیان بۆ توێكاریی رەوانەی پزیشكی دادوەری كران.
شەوی رابردوو 17ی تشرینی یەكەم، دەستڕیژی گولـلە لە سێ گەنجی گوندی شەوگێڕ كرا و هەرسێكیان كوژراون، دووانیان بران و كەسی سێیەم ئامۆزایانە.
چەند شایەتحاڵێكی خەڵكی ناوچەكە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی "ئەو سێ گەنجە دوای ئەوەی لەناو گوندەكە دوركەوتونەتەوە و بەدوای چەند ئاژەڵێكیاندا گەڕاون لە سنوری نێوان هەردوو گوندی شەوگێڕ و توڵكی، دەستدڕێژی گولـلەیان لێكراوە و كوژراون"، جەختیشیانكردەوە "هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا سوتێنراون".
گوندەكە سەر بە ناحیەی شوانە لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی قەرەناوە لە شارۆچكەی تەقتەقە و دەكەوێتە سەر زێی بچوك.
كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە چونەتە شوێنی روداوەكە بۆ لێكۆڵینەوە و تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادوەری كردووە، بڕیارە ئەمڕۆ بەخاكبسپێردرێن.
ئەو سێ گەنجە ئارام مستەفا محەمەد، هەرێز مستەفا محەمەد بران، لەگەڵ پێشەوا عەبدولڕەحمان محەمەد كە ئامۆزایانە.
چەند كەسێكی نزیك لەو بنەماڵەیە جەختیانكردەوە لەوەی "هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كەسدا نەبووە و روداوەكە لە تیرۆریستی دەچێت، بەڵام چاوەڕێی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانن لێكۆڵینەوەكانیان لەوبارەیەوە تەواوبكەن".
(كەركوك ناو)، نەیتوانی هیچ لێدوانێك لە دەزگا ئەمنییەكانی شوان و قەرەناو وەربگرێت لەسەر ئەو كەیسە، چونكە ئامادەنەبون پێش لێكۆڵینەوە بكەون.
ئەوە یەكەم حاڵەتی لەو شێوەیەیە لە ناوچەی شێخ بزێنی روبدات لەدوو دەیەی رابردودا. ناوچەكە بەگشتی ئارامە لەڕوی ئەمن و ئاسایشەوە.
روداوەكە هاوكات بوو لەگەڵ جۆرێك لە شڵەژانی ئەمنی لە ناوەندی شاری كەركوك بەهۆی لێكەوتەی هێرشكردنە سەر بارەگای لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و سوتاندنی ئاڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان.