كارمەندانی نەخۆشخانە بەخێوی دەكەن
ئەیوب چوارەم منداڵی فڕێدراو لە نۆ مانگی رابردودا

كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2020/ ئەیوب لە باوەشی یەكێك لە كارمەندەكانی نەخۆشخانەی منداڵان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

كارمەندانی نەخۆشخانەی منداڵانی كەركوك سێ مانگە كۆرپەیەكی فڕێدراو هەر لەناو نەخۆشخانەكەدا بەخێودەكەن و ناویشیان ناوە ئەیوب. ئەوەش چوارەم منداڵی فڕێدراوە لە ماوەی ئەمساڵدا بەپێی ئامارەكانیان.

ئەیوب، مانگى حەوتى ئەمساڵ، لەنێو کارتۆنێکدا لەسەر پردى نزیک بازاڕی ئەتڵەس لەلایەن هاوڵاتییەكەوە دۆزرایەوە، بنكەی پۆلیسی قۆرییە دوای هەڵگرتنەوەی بە بڕیاری دادگا رەوانەى نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوکیان كرد.

دكتۆر شاهین کامیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەر لەسێ مانگ، منداڵەكەیان هێنایە ئێرە، لە بەشی خودەجی نەخۆشخانەی منداڵان داماننا، کەسوکاری هێشتا نادیارن، بۆیە لەوكاتەوە کارمەندانی نەخۆشخانەکە، پزیشک و کارمەندەكان گرنگی پێدەدەن و وەک منداڵی خۆیان بەخێوی دەکەن، لەسەر ئەستۆی خۆشیان پێداویستیی و جلوبەرگی بۆ دەکڕن".

كارمەندەكان بە ئەیوب بانگی دەكەن، دەوامی بەیانیان كاتێك دەڕۆنەوە، ئەیوب رادەستی دەوامی ئێواران دەكەن. لەو سێ مانگەدا هیچ كەسێك سۆراخی نەكردووە.

xodaj
كه‌ركوك، یه‌كه‌ی نه‌به‌كام له‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامین، گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی چارەنوسی ئەو منداڵە یەکلاییبکەنەوە"، شاهین كامل وایوت.

بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی منداڵانی كەركوك لە نۆ مانگی ئەمساڵدا چوار حاڵەتی فڕێدانی منداڵ چۆتە نەخۆشخانەكە و سیانیان كۆرپەلە بون.

شاهین وتی "هیچ شوێنێك لە كەركوك نییە بۆ ئەوەی كۆرپەلە و منداڵی فڕێدراو لەخۆبگرێت، بۆیە لەناو نەخۆشخانەی منداڵانی كەركوك دەهێڵدرێنەوە".

کارمەندێکی بەشی خودەجی نەخۆشخانەی منداڵان، كە بەباشی نەزانی ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "هەر وەکو منداڵی خۆم گرنگی پێدەدەم و لە دواى تەواوبونی دەوامەکەم رادەستى دەوامی دووەمى دەکەم، بەردەوام  پەیوەندی بە هاوڕێیەکانمەوە دەکەم و هەواڵی ئەیوب دەپرسم و لە خەمی ئەوم".

بەردەوام  پەیوەندی بە هاوڕێیەکانمەوە دەکەم و هەواڵی ئەیوب دەپرسم و لە خەمی ئەوم

"لەم رۆژانە پێیانوتین دادگا منداڵەكە دەبەخشێتە خێزانێك، من ئەو شەوە تا بەیانی بۆ ئەیوب گریام... هەستدەكەم بەشێكە لەخۆم، ئەگەر دادگاش نەیبەخشێتە هیچ کەسێک ئەوە من ئامادەم تا کۆتایی ژیانم وەک منداڵی خۆم بەخێوی بکەم"، ئەو كارمەندە وایوت.

لە كەركوك خانەی منداڵان نییە، سەرەڕای داواكاری بەردەوامی ئیدارەی پارێزگاكە لە حكومەتی عیراق. ئەوەش بەهۆی نەبونی یاسایەكی تایبەت كە رێگەبدات خانەی منداڵان لە پارێزگاكان بكرێتەوە، جگە لە بەغدا.

عەلى ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خانەى ماڵی بێسەرپەرشتان لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماڵی بێسەرپەرشتان تەنیا بۆ ئەوانەیە لە سەروی پێنج ساڵانەوەن، كە بە نەوجەوان ناودەبرێن، منداڵى تەمەن یەک رۆژ تا پێنج ساڵ دەبێت بچێتە خانەى منداڵان ئەوەش لە شارى کەرکوک نییە".

"چەند جارێک هەوڵمانداوە بكرێتەوە و داواكاری پێشكەش كراوە، بەڵام رەزامەندیمان وەرنەگرتووە"، عەلی ئیسماعیل زیاتر وتی "بۆ كۆرپەلە و منداڵی فڕێدراو بەر لە پێنج ساڵ، دەبێت دادگا كەیسەكەی یەكلایی بكاتەوە".

 

چۆن منداڵ لە خۆدەگریت؟

بەپێی یاسای چاودێری نەوجەوانان و رێنمایی و رێوشوێنەكانی دادگا، هەركەسێك بیەوێت منداڵێك لەخۆبگرێت، پێویستە لەیەكەم هەنگاودا داواكاریی پێشكەشی تویژەری كۆمەڵایەتی دادگای نەوجەوانان بكات.

ئەو خێزانەی داواكارییەكەی پێشكەش كردووە، پێویستە ئەو مەرجانەی تێدابێت كە دادگا دیاریكردووە، لەوانە پێگەی كۆمەڵایەتی خێزانەكە و ناوبانگی خراپ نەبێت، توانای ئابوری، باری دەرونیی و ئەقڵی خێزانەكە، خاوەنی منداڵی تر نەبێت.

mnalan
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2020، نەخۆشخانەی منداڵان فۆتۆ: كەركوك ناو

 پێشتر، ئاری ئەحمەد، پارێزەرى راوێژکار لە دادگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "توێژەری كۆمەڵایەتی دادگا بە هاوكاریی لیژنەیەك بەدواداچون بۆ ئەو مەرجانەی هەر خێزانێک دەكەن كە داواكاری پیشكەش دەكەن و ئینجا داواكارییەكەیان قبوڵدەكرێت و سەرەیان بۆ دادەنرێت".

هەر منداڵێكی فڕێدراو كە دەدۆزرێتەوە، دادوەر راستەوخۆ بڕیار لەوە نادات پێشكەشی خێزانێکی بكات، ئاری ئەحمەد وتی "ئەوە بەرپرسیارێتییە و پێویستی بە كاتە، چونكە دادوەر دەڵێت نەوەك سكاڵایەك هەبێت، یان كەسوكاری داوای بكەنەوە، ئەوەش هۆكاری دواخستنی كەیسەكانە".

بەپێی یاسای چاودێری نەوجەوانان، بەخشینی منداڵی فڕێدراو تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكی دادگای نەوجەواندان دایە. ئاری وتی "دادگا بڕیار لەسەر هەر منداڵێك بدات، پەیوەندی بەو خێزانەوە دەكرێت كە پیشتر ناوی تۆماركردووە".

بەپێی ماددەی 40 لە یاساکە، هەر خێزانێك ئەگەر مەرجەكانی لەخۆگرتنی منداڵی ساوای تێدابێت، بە كاتی بۆ ماوەی شەش مانگ منداڵەكەیان پێدەدرێت، ئەوەش لەژێر چاودێری تویژەرەی كۆمەڵایەتی.

چێنەر سیروان توێژەرێکی دەرونییە لە كەركوك، پێیوایە بونی ئاوارەیەكی زۆر لە پارێزگای كەركوك و زیادبونی حاڵەتەکانی دروستکردنی منداڵ لە دەرەوەی خێزان، هۆكاری زۆربونی حاڵەتەكانی فڕێدانی كۆرپەلەیە لەو پارێزگایە. ئەوەش لەپاڵ خراپی بواری ئەمن و ئاسایش و هەروەها خراپی بژێوی خێزانەكان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT