ئێوارەیەکی درەنگ، دوو برا و ئامۆزایەک بە دوای سۆراخی دوو ئاژەڵی ونبودا لە گوندی شەوگێڕەوە دەچنە ناوچەیەكی چۆڵی گوندی توڵكی، لەپڕ دەستڕیژی گولـلەیان لێدەكرێت. روداوەكە بە ماڵئاوایی یەكجارەكی دوو براو ئامۆزایەكیان كۆتایی هات، ئەوەی كۆتایی نەهاتووە ئەو ئاگرەیە لە ناخی مستەفا و كەسوكاریدایە.
ئەو کارەساتە تراژیدییە، ئێوارەی 17ی تشرینی یەكەم لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی شوان - باكوری خۆرئاوای كەركوك - رویدا، كاتێك دوو برا ئارام مستەفا محەمەد، هەرێز مستەفا محەمەد و ئامۆزایەكیان بەناوی پێشەوا عەبدولڕەحمان، لە گوندی شەوگێڕەوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب دەبڵ دەچنە گوندی توڵکی و لەوێ دەستڕێژی گولـلەیان لێدەكرێت و دەستبەجێ دەكوژرێن، دواتر هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا تەرمەكانیان دەسوتێنرێن.
مستەفا محەمەد باوکی دووان لە كوڕەكان و مامی یەكێكیان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر چواری ئێوارە بەدوای دوو ئاژەڵدا رۆیشتون، كە ماوەیەكە ونبون، ناوچەكە ئارامە و منیش ئاسایی وەرمگرت، بەڵام پاش نزیكەی سێ كاتژمێر هیچ دەنگیان نەبوو، تەلەفونەكانیشیان داخرابوو، بۆیە كەوتینە گەڕان بەدوایاندا".
دوای گەڕانێكی زۆر، لە دۆڵ و بانەكانی گوندەكە و نەدۆزینەوەیان، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە ئاگاداردەكەنەوە، لە دیارنەمانی سێ گەنجی گوندی شەوگێڕ.
ئەو سێ گەنجە ئارام خاوەنی سێ منداڵ، هەرێز ماوەی مانگێكە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و
پێشەواش هێشتا هاوسەرگیری نەكردووە.
كاتژمێر 8ی شەو زەنگێك لە یەكێك لە خزمەكانییەوە بۆ مستەفا محەمەد دێت و دەڵێت "كوڕەكانمان دۆزیونەتەوە، بەداخەوە هەرسێكیان كوژراون".
"ئێمە کێشەی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ کەسدا نییە، روداوەکە رون نییە، ئایا تیرۆرە یان دز و جەردە"، مستەفا وایوت.
ئێمە کێشەی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ کەسدا نییە، روداوەکە رون نییە، ئایا تیرۆرە یان دز و جەردە
یەكێك لە تەرمەكان لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە و دوانەكە تر لەناو بۆنیتەكەیدا بون و بە تەواوی سوتێنرابون.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، چەكدارەكان چەكی جۆری ئێم فۆریان پێبوە و شەش فیشەك بە ئۆتۆمبێلەكەوە بوو.
ناوچەكە بەگشتی سەختە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و دەكەوێتە سنوری گوندی توڵكی – هاوسنور لەگەڵ گوندی شەوگێڕ-.
مستەفا وتی "ئێمە گومانمان لەكاری تیرۆریستییە".
(کەرکوک ناو)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی تشرینی یەكەم، چووە شوێنی روداوەکە، كە 20 خولەك لە گوندی شەوگێڕەوە دورە.
تەرمەكان هەر شەوی رابردوو، رەوانەی پزیشكی دادوەری كەركوك كران و نیوەڕۆی ئەمڕۆ 18ی تشرینی یەكەم، گەڕێنرانەوە گوندی شەوگێڕ و بەخاكسپێردران.
هێرش مستەفا، برای ئارام و هەرێز، لەكاتی ناشتنی تەرمەكاندا بە (كەركوك ناو)ی وت "کاسبی ماڵی خۆمان بوین، کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە، بەڵام بەمشێوەیە جەرگمان سوتا".
ئارام مستەفا كە لە هەرێز گەورەتر بوو، پێشمەرگە بوو لە لیوای 126 و هەرێزیش هەر لەگەڵ باوكی لە گوندەكە سەرقاڵی ئاژەڵداری بوو.
هێرش وتی "چەكیان پێبوو، چونكە گومانمان كردووە گورگ ئاژەڵەكانی خواردبێت... کاتێک گەیشتینە سەریان تەرمەکان بە تەواوی سوتابون".
چەكیان پێبوو، چونكە گومانمان كردووە گورگ ئاژەڵەكانی خواردبێت
جەختیشیكردەوە بەپێی ئۆتۆمبێلەكە بێت، هەوڵی هەڵاتنیانداوە، "دەرگای پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە کرابۆەوە کە ئارام شوفێری دەکرد، هەروەها هندر برێکەکەش راکێشرابوو".
مەراسمێكی فراوان بۆ ناشتنیان رێكخرا و گوندی شەوگێڕ ماڵئاوایی كۆتایی لە سێ گەنج كرد، ئەوەی كۆتایی نەهاتووە ئەو ئاگرەیە لە ناخی مستەفا و خزم و كەسوكارەكەیدایە.
گوندەكە سەر بە ناحیەی شوانە لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی قەرەناوە لە شارۆچكەی تەقتەق و دەكەوێتە سەر زێی بچوك.