دوزخورماتوو: سەدان خێزانی ئاوارەی 16ی ئۆكتۆبەر نەگەڕاونەتەوە

سەڵاحەدین/ ژنێكی كورد لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ قەزای دوزخورماتوو ماڵەكەی بە روخاوی دەبینێت، ئەوەش بەهۆی روداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری 2017ەوە

لەیلا ئەحمەد

هێشتا سەدان خێزانی ئاوارەی 16ی ئۆكتۆبەر نەگەڕاونەتەوە بۆ قەزای دوزخورماتوو، قەرەبونەكراونەتەوە و وەكو ئاوارەش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە نەناسێنراون.

ئەو كێشەیە كە بەرۆكی ئەو خێزانانەی گرتووە، دوای سێ ساڵ دێت لە گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك، بەهۆیەوە سەدان خێزانی كورد، قەزای دوزخورماتویان لە پارێزگای سەڵاحەدین بەجێهێشت و ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بون.

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی قەزای دوزخورماتوو، لەسەدا 17ی ئەوانەی لە 16ی ئۆكۆتبەری 2017دا قەزاكەیان بەجێهێشتووە، هێشتا نەگەڕاونەتەوە. كە ژمارەیان 500 خێزان دەبێت.

هێرش حەسەن تەها، یەكێكە لەو ئاوارە كوردانەی نەگەڕاوەتەوە بۆ دوزخورماتوو و لە سلێمانی دەژیت، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماڵەكەیان سوتاندین و قەرەبوش نەكراینەوە، بۆیە بڕیارماندا هەر لە سلێمانی بژین".

ماڵەكەیان سوتاندین و قەرەبوش نەكراینەوە، بۆیە بڕیارماندا هەر لە سلێمانی بژین

هێرش خۆی فەرمانبەرە و لە ئێستادا دەوامەكەی لە كەركوكە و رۆژانە هاتوچۆ دەكات، هاوژینەكەشی مامۆستایە و راژەكەی بۆ سلێمانی گواستۆتەوە و بڕیاریانداوە بەهیچ شێوەیەك نەگەڕێنەوە بۆ دوزخورماتوو.

mnsaoxwrmatw
كفری، 2017، منداڵێكی خه‌ڵكی دوزخورماتوو دوای ئاواره‌بونی بۆ ناوچه‌ی زنانه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

كێشەیەكی بەردەم زۆرێك لە ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوەیە، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، وەكو ئاوارە نەناسێنراون، بۆیە لە قەرەبوكردنەوە بێبەشكراون.

عەلى نورى محەمەد، ئاوارەكی تری قەزاكە ئێستا لە گوندی شێخ لەنگەر لە گەرمیان نیشتەجێیە، وتی "ئەوەى هەمبوو لە دوزخورماتوو دوكانێك بوو و لەدەستمدا، ئێستا لێرە ئاوارەم و كرێكاری دەكەم".

خێزانەكەی عەلی هەشت كەسن و باری داراییان باش نییە، هەر بەو هۆیەوە نەیتوانی بەردەوامی بە خوێندنی كچە گەورەكەی بدات و كرێی هاتوچۆی بۆ بدات، بۆیە لە خوێندن دەریكرد.

"هێشتا ئێرە بۆ من باشترە، جار جار كارێك هەیە بیكەم، بگەڕێمەوە دوزخورماتوو چی بكەم، كرێكاریشم دەستناكەوێت".

بگەڕێمەوە دوزخورماتوو چی بكەم، كرێكاریشم دەستناكەوێت

لە 16ی ئۆكتۆبەردا، نزیكەی 400 خانوو لە دوزخورماتوو سوتێنران، 85ی خانوی تر تەقێنرانەوە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران كە بە (كەركوك ناو) دراوە.

هەر بەپێی ئامارەكە 500 خێزان هێشتا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان كە لەسەدا 17ی كۆی ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات.

swtanidukan-1
دوزخورماتوو، دوكانی هاوڵاتیه‌كی كورد دوای سوتانی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

ئەیوب جومعە جەبار، نۆێنەرى وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرێك لەوانەی نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی ئەوەوەیە كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن و بڕیاری ئەو حزبەش ئەوەیە جەماوەرەكەی جارێ نەگەڕێتەوە، خانوەكانیان چۆڵن یان تەقێنراونەتەوە و قەرەبوشیان وەرنەگرتووە".

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق تەنیا هاوكاریی 250 خێزانی ئاوارەی 16ی ئۆكتۆبەری كردووە، ئەو رێژەیەش بە بەراورد بە ژمارەی خێزانە ئاوارەكان زۆر كەمە.

جومعە وتی "خێزانێكی زۆر قەرەبونەكراونەتەوە و هاوكاریش نەكراون، ئەوانەی شەهید بون یان بریندار، قەرەبویەک کرانەوە، جارێکیش وەزیرى کۆچ کۆچبەران سەردانى قەزاى دوزخورماتوى کرد و بۆ هەر خێزانێک کە زیانى بەرکەوتبوو ملیۆن و نیوێک یان دوو ملیۆن و نیو هاوكاری كردن، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە وتیان تەنیا هاوكاریی 250 خێزان دەكەین بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوەكانیان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT