كاره‌كانی بنیاتنانی كه‌مپی عومله ده‌ستپێده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند مانگێك له راگرتنی به فشاری خه‌ڵك و عه‌شیره‌كانی ناحیه‌ی زوممار، به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌وه دژی نیشته‌جێكردنی "خێزان و كه‌سوكاری داعش" له ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌و كه‌مپه ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی زوممار له باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019دا ده‌ست به‌دروستكردنی كراوه، له نیوه‌ی كاره‌كانیدا به فشاری خه‌ڵك راگیرا و چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه بنیاتنانی ده‌ستپێكردۆته‌وه.
ئەحمەد جەعفەر، بەرێوەبەری ناحیەی زوممار بە (کەرکوک ناو)ی وت "زۆر به‌داخه‌وه، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه بنیاتنانی كه‌مپی عومله ده‌ستیپێكردۆته‌وه و ئێستا سه‌دا 95ی كاره‌كانی ته‌واو بون".
ئه‌و ده‌ڵێت زیاتر له سێ هه‌زار خێوه‌ت له كه‌مپه‌كه‌دا دانراون و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵك ئاماده‌ده‌بێت.
"ئه‌گه‌ر خێزانه‌كانی داعش بگوازرێنه‌وه بۆ كه‌مپه‌كه ئه‌وكات هه‌ڵویستی زۆر توندمان ده‌بێت و كێشه‌ی گه‌وره روده‌دات" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زوممار.
مۆڵه‌تی دوو رۆژمان داوه‌ته حكومه‌ت تا كاره‌كانی كه‌مپه‌كه رابگیرێت
ده‌رگای كه‌مپه‌كه له شوباتی ئه‌مساڵدا داخرا و كاره‌كانی بنیاتنانی راگیران، ئه‌وه‌ش به بڕیاری خۆپیشانده‌رانی زوممار، له نێویاندا ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك عه‌شیره‌ت، كه‌سایه‌تی و خه‌ڵك.
هه‌وار فارس، چالاكوانی مه‌ده‌نی له زوممار به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مۆڵه‌تی دوو رۆژمان داوه‌ته حكومه‌تی عیراق و لێپرسراوانی ناوچه‌كه تا به یه‌كجاری كاره‌كانی كه‌مپه‌كه رابگیرێت به پێچه‌وانه‌وه خۆپیشاندانی گه‌وره ده‌كه‌ین و له به‌رده‌رگای كه‌مپه‌كه‌دا مانده‌گرین".
به‌وته‌ی هه‌وار توڕه‌یی خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه "رێز له بۆچونه‌كانیان ناگیرێت و سه‌رباری ناڕه‌زاییان حكومه‌ت به‌رده‌وامه له ئاماده‌كاری بۆ جێگیركردنی خه‌ڵك له‌و كه‌مپه‌دا".
هه‌زاران هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چه‌كدارانی داعش له كه‌مپی هۆل-ی خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریان و حكومه‌تی عیراق هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌دات، تا له سنوری زوممار جێگیریان بكات.
شیروان جه‌مال، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و سوریاش فشار ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان و له كه‌مپی هۆل نیشته‌جێن، تا بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ عیراق، به‌ڵام ئێمه رێگه‌ناده‌ین له كه‌مپی عومله دابنرێن".
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له‌رێی پێكهێنانی چه‌ندین لیژنه‌وه، به هاوكاری لێپرسراوانی ئه‌منی و ئیداری و عه‌شایه‌ری، هه‌وڵی ئاشته‌وایی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن كه یه‌كێكیان چه‌كداری داعش بووه یان به لایه‌نگری ئه‌و رێكخراوه تۆمه‌تبارن.
له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، 14ی تشرینی یه‌كه‌م له ناحیه‌ی محهلهبیهی نه‌ینه‌وا؛ لێپرسراوان و خه‌ڵك "په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف"ـیان بۆ پێكه‌وه‌ژیان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره و دهربهدهركراون، واژۆ كرد.
"له‌گه‌ڵ بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ قسه‌مان كردووه و ده‌ڵێن كاره‌كانی ئه‌و كه‌مپه لای كۆمپانیایه‌كه و هه‌ر ده‌بێت پرۆژه‌كه ته‌واو بكرێت، واته په‌یوه‌ست نییه به‌وه‌ی خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێ بكرێت یان به چۆڵی بمێنێته‌وه یاخود دواتر دابخرێت" په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عیراق وای وت.
شیروان جه‌مال پێشنیاز ده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ی له كه‌مپی هۆلی سوریاوه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ عیراق؛ ره‌وانه‌ی باشوری نه‌ینه‌وا بكرێن، بۆ ئه‌و حه‌وت كه‌مپه‌ی ئێستا كه‌سیان تێدانییه، ئه‌وه‌ش له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و ئیداره‌ی نهینهودا.
له ساڵانی رابردوودا و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌ینه‌وا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به هاوكاری داعش ناڕه‌زایی زۆری لێكهوتهوه، له هه‌ندێك ناوچه‌ش به‌ره‌و بارگرژی سه‌ریكێشا.