له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، نزیكه‌ی دوو هه‌زار خانم پشكنینی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك-یان كردووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و رێژه‌یه به‌لای لێپرسراوانی ته‌ندروستییه‌وه كه‌مه، به‌راورد به مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كه له كه‌ركوك.
هۆشدارییه‌كه‌ی ته‌ندروستی، هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی یه‌ك مانگی (به ئۆكتۆبه‌ری په‌مه‌یی ناسراوه)، كه له سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێكدا ده‌ستپێده‌كات و چوار هه‌فته ده‌خایه‌نێت، به ئامانجی هاندانی خانمان بۆ پشكنین و ئاشكراكردنی پێشوه‌خته‌ی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك.
"ته‌نیا له حه‌وت مانگی سه‌ره‌تای 2020دا نزیكه‌ی هه‌زار و 600 كه‌س سه‌ردانیان كردوین بۆ پشكنینی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دكتۆر فازڵ حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك له نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی كه‌ركوك.
له كه‌ركوك ته‌نیا ئه‌و كلینیكه هه‌یه بۆ پشكنینی شێپرپه‌نجه مه‌مك كه سه‌ر به فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستییه، 15 كارمه‌ندی هه‌یه و له‌مساڵیشدا به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆناوه بۆ دوو مانگ داخرا.
فازڵ حسێن؛ كه هانی خانمان بۆ پشكنین ده‌دات؛ باسی له‌وه‌كرد زۆربه‌ی توشبوانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ته‌مه‌نیان له نێوان 20 تا 60 ساڵیدایه.
زۆربه‌ی توشبوانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ته‌مه‌نیان له نێوان 20 تا 60 ساڵیدایه
شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك توشی ژنان و پیاوانیش ده‌بێت.
به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو)؛ له سه‌ره‌تای 2019ـه‌وه تا كۆتایی ئه‌یلولی 2020؛ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار خانم بۆ پشكنینی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان كردووه، له‌و ژماره‌یه‌ش 18 كه‌س ده‌ركه‌تووه توشی نه‌خۆشییه‌كه بون.
به‌ڵام ئه‌و ئاماره زۆر كه‌متره به‌راورد به ئاماره‌كانی پێشتری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، كه ده‌ریده‌خات ته‌نیا له ساڵی 2018دا له پارێزگای كه‌ركوك؛ 198 هاوڵاتی توشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بون، كه ته‌نیا دوو كه‌سیان له ره‌گه‌زی نێر بون.
"مانگی دووجار ده‌رزی كیمیایی به‌كارده‌هێنم، بۆ ماوه‌یه‌ك باشده‌بم و له‌كاتی نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی ده‌رزییه‌كی تر، دیسان نه‌خۆشییه‌كه زیاتر ته‌شه‌نه ده‌كات، بێتاقه‌تی و ئازارم بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، وازیاتر له ساڵێك و پێنج مانگیشه له‌و بارودۆخهدام" حه‌یات ئه‌حمه‌د (32 ساڵ) وای وت.
حه‌یات خه‌ڵكی كه‌ركوكه و ئه‌وكاته زانیویه‌تی توشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بووه، كه به‌هۆی ئازاری زۆر و سڕبونی ده‌ستی راستیه‌وه سه‌ردانی پزیشكی كردووه، سه‌رباری نه‌شته‌رگه‌رییش، هێشتا به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌كه‌وه ده‌ناڵێنێت؛ ته‌نیا داواكاری ئه‌وه‌یه خانمان زووزوو پشكنین بكه‌ن.
زوو ده‌ستنیشانكردنی شێرپه‌نجه، هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ چاكبونه‌وه؛ ئه‌گه‌ر خانمێك له قۆناغه‌كانی یه‌كه‌م و دوه‌می شێرپه‌نجه‌دا به نه‌خۆشییه‌كه‌ی بزانێت ئومێدی چاره‌سه‌ری زیاتره به تێچویه‌كی كه‌متر به‌راورد به‌و خانمانه‌ی له قۆناغه‌كانی سێیه‌م و چواره‌می كۆتایی نه‌خۆشییه‌كه‌دا پشكنین ده‌كه‌ن و ده‌زانن توشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بون.
"ماوه‌یه‌كه هه‌ست به ئازاری مه‌مكم ده‌كه‌ن و شه‌وان له‌تاو ئازار ناتوانم بخه‌وم، هه‌رچه‌نده حه‌بی ئازارشكێنیشم به‌كارهێناوه، به‌ڵام سودی نه‌بووه بۆیه هاتوم بۆ تا پشكنین بكه‌م و له‌و دودڵییه رزگارم بێت" سه‌بریه حه‌سه‌ن (52 ساڵ) وای وت، كاتێك له كلینیكی مه‌مك (كه‌ركوك ناو) پرسیاری هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی لێ‌كرد.
شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك؛ باوترین جۆری شێرپه‌نجه‌یه له نێو خانماندا، دوه‌م هۆكاری مردنه له‌نێو هه‌موو جۆره‌كانی شێرپه‌نجه‌دا و له كه‌ركوك نزیكه‌ی سه‌دا 40ی كۆی توشبوانی شێرپه‌نجه پێكده‌هێنێت.
كافیه ره‌ئوف، پزیشك له كلینیكی نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەموو ئافرەتێك لە تەمەنی هەرزەكارییەوە پێویستە مانگانه خۆی لە ماڵەوە پشكنین بكات".
ئه‌و پشكنینه به ناوله‌پی ده‌ست ده‌كرێت؛ هه‌ركاتێك مه‌ساج بۆ مه‌مكه‌كانی ده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌ستی به ئازار یان گرێ یان ده‌رچونی هه‌رجۆره شله‌مه‌نییه‌ك له گۆی مه‌مكییه‌وه كرد یاخود ره‌نگی مه‌مكی گۆڕا، پێویسته ده‌ستبه‌جێ سه‌ردانی پزیشكی تایبمهتمهند بكات.
هەموو ئافرەتێك لە تەمەنی هەرزەكارییەوە پێویستە خۆی لە ماڵەوە پشكنین بكات
به‌پێی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان؛ پێویسته خانمان له ته‌مه‌نی 20 ساڵییه‌وه تا 40 ساڵی به سێ ساڵ جارێك لای پزیشك پشكنینی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ نیشانه‌یه‌كیشیان نه‌بوو، له سه‌رو 40 ساڵیشه‌وه پێویسته ساڵانه ئه‌و پشكنینه بكه‌ن.
"شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك زیاتر ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو 40 ساڵییه‌وه‌یه یان له‌ناو خێزانه‌كه‌یاندا ئه‌و نه‌خۆشییه هه‌بووه؛ ئه‌وانه‌ی ده‌رمانی هۆرمۆنات ده‌خۆن یان كێشیان زۆره ئه‌گه‌ری توشبونیان زیاتره" به‌وته‌ی كافیه ره‌ئوف.
به‌شێك له نیشانه باوه‌كانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك؛ دروستبونی گرێی بێ ئازار، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی گۆی مه‌مك، گۆڕانی شێوه یان قه‌باره‌ی مه‌مك، گرژبونی به‌شێك له پێستی مه‌مك، ئه‌ستوربونی شانه‌كانی مه‌مك، بینینی مولوله‌ی زیاتر و نائاساییه له پێستی مه‌مك.
به‌شێك له‌و نیشانانه بۆ ره‌گه‌زی نێر هه‌مان نیشانه‌ن.
ئه‌حمه‌د نه‌جم (39 ساڵ)، یه‌كێكه له‌و كوڕه گه‌نجانه‌ی توشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بووه، ئه‌وه‌ش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ركه‌تووه، كاتێك به‌هۆی ئازاره‌وه سه‌ردانی پزیشكی كردووه.
"كاتێك پشكنینم كرد و ده‌ركه‌وت توشی شێرپه‌نجه بوم، له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا بوو، بۆیه نه‌شته‌رگه‌ریم كرد و گرێیهكهم ده‌رهێنا، شكور ئێستا بارودۆخم باشه و شه‌ش مانگ جارێك پشكنین ده‌كه‌م" ئه‌حمه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو)ی وت.
كێشەی سەرەكی بەردەم توشبوانی شێرپەنجە، نەبونی دەرمان و گرانی نرخەكەیەتی، له‌گه‌ڵ كه‌می ئامێری پێویست بۆ پشكنین.
به‌ڕێوه‌به‌ری كلینیكی نه‌خۆشییه‌كانی مه‌مك له كه‌ركوك وتی "دوو ساڵه ئامێری تیشكی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمك (مامۆگرافی) لە كاركەوتووە، ئەوەش بەهۆی كاركردنی زۆرەوە".
نرخی ئه‌و ئامێره 40 هه‌زار دۆلاره و ئێستا سه‌رقاڵی چاككردنهوهیین.
دوو ساڵه ئامێری تیشكی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمك لە كاركەوتووه
دكتۆر فازڵ حسێن ده‌رباره‌ی پێدانی ده‌رمان به توشبوانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ده‌ڵێت به‌هۆی خراپی بارودۆخی داراییه‌وه، ته‌نیا ده‌رمانی ئازارشكێن و نهرمكهرهوهیان پێده‌ده‌ین، له‌گه‌ڵ ئامۆژگاری و دڵنه‌وایی تا ئاگاداری خۆیان بن و له به‌رانبه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌دا به‌هێزبن.
شێرپه‌نجه له عیراق؛ له هه‌ڵكشانی به‌رده‌وامدایه و به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كان، له ساڵی 2003دا ژماره‌ی توشبوانی زیاتر له 11 هه‌زار كه‌س بووه و كه‌متره له نیوه‌ی توشبوانی ئێستا؛ یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و زیادبونه‌ش بۆ جه‌نگ و به‌كارهێنانی چه‌ندین جۆری چه‌ك له‌سه‌ر خاكی عیراق و پیسبونی ژینگه ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه.
ئاماری 10 مانگی ئه‌مساڵ و ساڵی رابردوی شێرپه‌نجه له عیراق بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام له 2018دا زیاتر له 31 هه‌زار و 500 توشبوی شێرپه‌نجه هه‌بووه به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه، له نێویاندا بۆ خانمان شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و بۆ پیاوانیش شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات له پله‌ی یه‌كه‌مدا بون، به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی شێرپه‌نجه سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی فیدراڵ.