هه‌موو شتێك وه‌ك هۆڵه‌كه وایه؛ جلوبه‌رگی تایبه‌ت به راهێنانهكهی له‌به‌ردایه و پشتوێنی ره‌شی به‌ستووه، ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌یه خوێندكاره‌كانی نزیک نین؛ له‌به‌رده‌م كامێرای مۆبایل و لاپتۆپهكانیاندا جوڵه‌كانی كاراتێی مامۆستاكه‌یان ده‌بینن.
ماجد كاكه‌یی، ده‌چێته به‌رده‌م كامێراكه و داوا له خوێندكاره‌كانی ده‌كات، ئه‌و جوڵانه دوباره بكه‌نه‌وه كه ئه‌و ده‌یانكات.
هه‌ندێكجار به‌هۆی خراپی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێته‌وه له كه‌ركوك؛ جوڵه‌كانی ماجد به پچڕپچڕ ده‌گات یان هه‌ر ناگانە خوێندكاره‌كانی و به دڵشكاوییه‌وه رۆژێكی دیكه‌ی كه‌ره‌نتینه به‌ڕێده‌كه‌ن.
ئه‌و شێوازی راهێنانه‌ی ماجد و خوێندكاره‌كانی هه‌شت مانگ درێژه‌ی كێشا، به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام هه‌ر به ئه‌زمونێكی جیاواز مایه‌وه و نه‌یتوانی شوێنی هۆڵه‌كه‌یان بۆ پڕبكاته‌وه.
كۆرۆنا گه‌وره‌ترین كێشه بوو بۆ ئێمه، به‌تایبه‌ت بۆ وه‌رزشی كاراتێ
"گه‌وره‌ترین كێشه بوو بۆ ئێمه، به‌تایبه‌ت بۆ وه‌رزشی كاراتێ، كه هۆڵ و راهێنانی راسته‌وخۆی ده‌وێت، به‌ڵام كۆرۆنا هه‌شت مانگ ئێمه‌ی له هۆڵ و وه‌رزشی راسته‌قینه كرد" ماجد فلامه‌رز كاكه‌یی (39 ساڵ) وای وت.
ماجد له كاكه‌ییه‌كانی داقوقی كه‌ركوكه و ئێستا له گه‌ڕه‌كی ئه‌سرا و مه‌فقودینی شاری كه‌ركوك داده‌نیشێت.
"هۆڵه وهرزشییهكهمان داخراو، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی كرده سه‌ر من و خوێندكاره‌كان".
ماجد كاكه‌یی نه‌یتوانی ده‌سته‌وه‌ستان بێت و له سه‌ره‌تاكانی راگه‌یاندنی كه‌ره‌نتینه‌دا؛ رویكرده راهێنانی ناڕاسته‌وخۆ و به‌رێی ئۆنلاین، هه‌وڵیدا خوێندكاره‌كانی له كاراتێ دانه‌بڕێن.
یەکێک لە رێكاره‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ خۆپارێزی له كۆرۆنا، داخستنی هه‌موو هۆڵه وه‌رزشییەکان بوو.
ماجد 32 ساڵه وه‌رزشی كاراتێ ده‌كات؛ ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو به ئۆنلاین راهێنان بكات، "راهێنانه‌كه وەک هۆڵه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆمان نه‌بوو، به‌ڵام له هیچ باشتر بوو".
ئه‌و له یانه‌ی خاك راهێنه‌ری كاراتێیه و خاوه‌نی قایشی ره‌شه له‌و وه‌رزشه‌دا، زیاتر له 100 خوێندكاری هه‌یه کە لە چه‌ند ئاستێكی جیاوازدان.
"زۆرێك له یاریزانه‌كانم له راهێنانه ئۆنلاینهكهدا بهشداردهبون".
ماجد كه به‌شداری چه‌ندین پاڵه‌وانێتی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی كردووه، خه‌می گه‌وره‌ی له‌ده‌ستدانی چه‌ندین ده‌رفه‌تی پاڵهوانێتییە به‌هۆی كۆرۆناوه، كه خه‌ونی زۆرینه‌ی یاریزانه‌كانیه‌تی.
كچه گه‌وره‌كه‌ی ماجد، له‌نێو ئه‌و یاریزانانه‌دایه كۆرۆنا نه‌یهێشت به هیواكانیان بگه‌ن.
ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له ئاماده‌كاریدا بوم بۆ خولی پاڵه‌وانێتی كچانی كوردستان
ئا‌ڤێستا ماجد (13 ساڵ) به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له 10 ساڵییه‌وه وه‌رزشی كاراتێ ده‌كه‌م، خاوه‌نی قایشی قاوه‌ییم، هیوای زۆرم هه‌بوو، به‌ڵام كۆرۆنا هه‌موی له‌ناوبرد".
ئه‌و هه‌رچه‌نده رۆژانه له‌گه‌ڵ باوكی‌دا له ماڵه‌وه راهێنانی ده‌كرد به‌ڵام كه‌مترین دهرفهتهیشی بۆ پڕنه‌كرده‌وه كه له‌ده‌ستیداوه.
"ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له ئاماده‌كاریدا بوم بۆ خولی پاڵه‌وانێتی كچانی كوردستان، تا ئاستێكی باشتر به‌ده‌ستبهێنم، ئه‌وه‌بوو كۆرۆنا هه‌موو شتێكی وه‌ستاند و خوله‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه".
ئا‌ڤێستا ده‌ڵێت راهێنانه‌كانی ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ باوكی، زیاتر بۆ دڵنه‌وایی داخستنی هۆڵی وه‌رزشییه‌كه بوو.
"رۆژانه چه‌ند كاتژمێرێك راهێنانمان ده‌كرد، زۆرجار له‌رێی ئۆنلاینه‌وه یاریزانه‌كانی دیكه‌ش به‌شداربون".
ئا‌ڤێستا وتی ئێستا زیاتر له جاران خۆی ماندوو ده‌كات و ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ده‌ستی چووە بکاتەوە و به زویی بگات به قایشی ره‌ش.
هۆڵی سه‌ره‌كی ناو ماڵه‌كه‌ی ماجد كاكه‌یی، به درێژایی هه‌شت مانگ بوو به جێگره‌وه‌ی هۆڵی وه‌رزشی، له‌وێ جوڵه و راهێنانی كاراتێ جێی دانیشتنی له‌به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆندا گرته‌وه.
سۆزان وه‌سمی (34 ساڵ)، هاوسه‌ری ماجده و پاڵپشتی ئه‌و و كچه‌كه‌ی بووه تا له‌ماڵه‌وه وه‌رزش بكه‌ن؛ "هانده‌رێكی باشی كچهكهیشم بوم، كه‌شوهه‌وای ماڵه‌وه‌مان بۆ وه‌رزشه‌كه ره‌خساند، تا ئه‌وان هه‌ست به بێتاقه‌تی كه‌ره‌نتینه و داخستنی هۆڵه وهرزشییهكهیان نه‌كه‌ن".
ئه‌ویش ده‌ڵێت هه‌ندێكجار له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وه‌رزشی كاراتێی كردووه.
"هه‌ستمده‌كرد كۆرۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ریان داناوه و رۆژ به‌رۆژ زیاتر بێتاقه‌ت ده‌بن، به‌رده‌وام باسی پاڵه‌وانێتییه‌كانیان ده‌كرد كه چۆن لهدهستیانچووه، بۆیه زیاتر له‌هه‌ركاتێك هاوكار و پاڵپشتیان بوم" به‌وته‌ی سۆزان.
زۆر شتمان له‌ده‌ستچووه؛ كاتی كه‌م و ئه‌ركێكی زۆرمان لەسەرشانە
رۆژه سه‌خته‌كانی ماجد كاكه‌یی دوای هه‌شت مانگ كۆتاییانهات؛ به بڕیاری حكومه‌تی عیراقی هۆڵه وەرزشییەکان و شوێنه گشتییه‌كان به‌روی هاوڵاتیاندا كرانه‌وه، به مه‌رجی خۆپارێزی و پابه‌ندبون به رێكاره ته‌ندروستییه‌كانه‌وه.
ئه‌ركه‌كه بۆ راهێنه‌ر و یاریزانه‌كانیشی زۆر له جاران سەختترە؛ له‌یه‌ككاتدا ده‌بێت قه‌ره‌بوی كاته لهكیسچوهكانیان بكه‌نه‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كه‌مترین به‌ریه‌ككه‌وتن و تێكه‌ڵاوییان هه‌بێت تا له به‌ڵای كۆرۆنا به‌دوربن.
"یاریزانه‌كانمان له وانه‌كانی راهێنانی كاراتێ دواكه‌وتون، زۆر شتمان له‌ده‌ستچووه، كاتی كه‌م و ئه‌ركێكی زۆرمان لەسەرشانە؛ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه فریای ئاماده‌كاری بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كانی له‌مه‌ودوای عیراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌وین" ماجدی كاكه‌یی وای وت.