بازگەكانی كەركوك رێگە بە هاوردەكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی نادەن، بۆ پارێزگاكە تەنیا بە بڕێكی زۆر كەم نەبێت، ئەوەش بۆتەهۆی كەمبونەوەی بڕی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان لە كۆگا و نەخۆشخانەكان.
لە ساڵی 2016ەوە تەنیا رێگە بە یەك كۆمپانیا دەدرێت بۆ هاوردەكردنی دەرمان بۆ پارێزگای كەركوك، بەڵام لەئێستادا ئەو كۆمپانیایەش كارەكانی راگرتووە، بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو گرێبەستەكەی بۆ دوو مانگ درێژبكاتەوە. بەوهۆیەوە لە 28ی ئەیلولەوە دەرمان و كەلوپەلێكی پزیشكی بەپێی پێویست ناگاتە پارێزگاكە.
عەلی عەباس، خاوەنی کۆگای دەرمانە لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كۆمپانیایەی كە گرێبەستی ئیدارەی كەركوكی هەبوو بۆ هاوردەكردنی دەرمان، دەبوو هەر دوو مانگ جارێک مۆڵەتەكەی نوێبكاتەوە، بەڵام لە 28ی مانگی ئەیلولەوە مۆڵەتەكەی تەواو بووە و لە بازگەكانەوە رێگە نادرێت نە ئەو كۆمپانیایە نە خەڵكی تر دەرمان هاوردە بكەن".
"لەهیچ شوێن و شارێکی عیراقدا نەبووە تەنیا یەك كۆمپانیا دەرمان هاوردە بكات، یان هەموو دوو مانگ جارێك پێویستی بە نوێكردنەوەی مۆڵەت بێت... لە کەرکوک دەسەڵاتی هاوردەكردنی دەرمان دراوەتە دەست بازگەكان، لەکاتێکدا پێویست بوو سەندیکای دەرمانسازان و لیژنەی دەرمان لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ئەو کارە بکەن"، عەلی عەباس وایوت.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بازگەكان داوای گومرگیان لە كۆمپانیای تایبەت بە هاوردەكردنی دەرمان كردووە، بەپێچەوانەوە رێگرییان لێدەكەن، ئەوەش هۆكاری نوێنەكردنەوەی مۆڵەتی كۆمپانیاكەیە.
عەلی عەباس وتی "ئێمەش زانیاری ئەوەمان هەیە كە كێشەكە پەیوەستە بە پارە وەرگرتن لە بازگەكاندا".
ئەو جەختیكردەوە "ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بڕوات، قەیرانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دروستدەبێت، ئێستا بەڕێژەی لەسەدا 12 دەرمانی كۆگاكان كەمیكردووە".
ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بڕوات، قەیرانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دروستدەبێت
نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، لەبارەی ئەو كێشەیەوە بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ماوەیەکە کێشەی کەمی درەمان لە کۆگاکان دروستبووە، دەرمان دێتە ژورەوە، بەڵام بەبرێكی كەم و لە بازگەكان رێگریی هەیە".
"ئێمە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەین... پێشئەوەی قەیرانی دەرمان دروستبێت پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت". نەبیل حەمدی وایوت.
بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك داوای كۆبونەوەی لە فەرماندەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و پۆلیسی تاوانی رێکخراو كردووە بۆ چارەسەركردنی بابەتەكە و بڕیارە دووشەممەی داهاتوو 26ی تشرینی یەكەم كۆببنەوە.