حەشدی شەعبی هێزێكی 500 كەسی لە كەركوك پێكهێنا، بەناوی هێزی ئەبومەهدی موهەندیس.
ئەو هێزە دوای سێ مانگ لە مەشق و راهێنان، شەممە 24ی تشرینی یەكەم مەراسیمی دەستبەكاربونیان لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك بۆ كرا، بڕیارە هێزەكە لەكاتی روداوە لەناكاوەكاندا بجولێنرێن و تایبەتە بە پارێزگای كەركوك.
ئەبورەزا نەجار، فەرماندەى میحوەرى باکورى هێزەکانى حەشدى شەعبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەبومەهدى موهەندس بایەخێکى زۆرى بە پارێزگای کەرکوک داوە، ناوبراو دەرچوی قوتابخەى ئایینى ئەهلى بەیت بوو کە زۆربەى کارەکانى لە هاوڕێ قاسم سولەیمانى فێر بوو بوو، بۆیە بڕیارماندا کە ئەم سەربازگەیە تایبەت بكەین بەناوی ئەوەوە".
هێزەكە بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لە حەشدى شەعبى، لە 500 سەرباز پێكهاتووە و سێ مانگ مەشق و راهێنانیان پێكراوە، سەربازەكان وەك ئەو وتی "خەڵكی پارێزگای كەركوكن و لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پێكهاتون".
"بەشێکی ئەم هێزە هەر لەناو بارەگای فەرماندەیی میحوەری حەشدی شەعبی دەمێننەوە، وەك هێزێكی بەرپەرچدانەوەی خێرا كاردەكات و ئامانجمان سەقامگیری پارێزگای كەركوك و خزمەتی پارێزگاكەیە"، سەرچاوەكە وایوت.
ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سهرۆكی دهستهی حهشدی بوو، بەرەبەیانی 3ی کانونی دوەم، لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فهرماندهی فهیلهقی قودس و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانیی و عیراقی، لە بۆردومانێکی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.