هەواڵی تاوانەکانی "توندوتیژی خێزانیی" لە ماوەی رابردودا بۆتە مانشێتی رۆژانە، کە ئاماژەیەکی ترسناکە کۆمەڵگەی عیراقی بەخۆیەوە دەیبینێت بە تایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە.
ئەوەی جێی مشتومڕە ئەوەیە کە هەندێک لە تاوانەکان "نامۆن"، بۆ نمونە هەڵدانە خوارەوەی ژنێک بۆ منداڵەکانی لەسەر پردێکی شاری بەغداوە، یان کوشتنی ئافرەتێک لەلایەن مێردەکەیی و کوڕەکەیەوە بە تەور، جگە لە حاڵەتەکانی کوشتن کە بە "خۆکوشتن" تۆمار دەکرێت.
"دیاردەی توندوتیژی، دیاردەیەکی بەربڵاوە لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا لەسەر هەموو ئاستەکان و هەردوو ڕەگەز دەگرێتەوە لە تەمەنە جیاجیاکاندا، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا بەتایبەتی دوای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، کۆمەڵگەی عیراقی هەڵکشانی لە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانیی بەخۆیەوە بینیوە، کە بەشێکیان بوەتە هۆی خۆکوشتن"، وەک سۆزان جەمیل، بەڕێوەبەری رێکخراوی بەلسەم بۆ فریاگوزاریی و گەشەپێدان دەڵێت.
لەچەند رۆژی رابردوودا، چەند حاڵەتێکی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکرا، رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2020 دوو حاڵەتی خۆکوشتن لە بەغدا و بەسرە تۆماركران.
هۆکاری حاڵەتی یەکەم نەزانرا، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی هۆکاری حاڵەتی دووەمی گەڕاندەوە بۆ گرفتی دەرونی.
زوزان محەمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە کۆمەڵەی "ژنانی بەغدا" بە (کەرکوک ناو)ی وت کە سروشتی کارەکەی وا دەخوازێت لە پەیوەندی بەردەوامدابێت لەگەڵ ئەو خانمانەی روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، بەتایبەتی توندوتیژی خێزانی کە "رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەکات".
زوزان محەمەد رونیکردەوە کە زۆربەی ئەو کەیسانەی بەدەستیان گەیشتووە، بەتایبەتی ئەوانەی دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، هی ئەو ژنانەیە کە ڕوبەڕوی توندوتیژی خێزانی بونەتەوە.
وتیشی "یەکێک لەو کەیسانەی هاتۆتە بەردەستی توێژەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵەکەمان، خانمێک بووە کە لەلایەن مێردەکەیەوە هەڕەشەی لێدان و سوتاندنی لێکراوە، ئەم جۆرە حاڵەتانەش پێویستی بە کاردانەوەی خێرایە".
زۆزان زیاتر وتی "کەیسەکە رەوانە کراوە بۆ کارمەندی پەیوەندیدار بە کاروباری یاسایی لە کۆمەڵەکە، ئەویش لای خۆیەوە بابەتەکەی گرتە ئەستۆ و رێکارە یاساییە پێویستەکانی گرتەبەر بەمەبەستی پاراستنی خانمەکە".
حاڵەتەکان نیمچە رۆژانەن
لە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2020، هێزە ئەمنییەکان تەرمی هاوژینی هونەرمەندێکی عیراقییان دۆزییەوە کە ئاسەواری فیشەکی پێوە بوو لەناو ماڵەکەیدا لە گەڕەکی مەنسور.
هەرچەندە حاڵەتەکە بە خۆکوشتن تۆمار کرا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان لەمیانەی لێکۆڵینەوەکاندا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ مێردەکەی دەرکرد، تا ئێستاش ئەو کەسە نە دەستگیرکراوە، نە خۆیشی رادەستکردووە.
هەمان رۆژ، هێزە ئەمنییەکان تەرمی کچێکی بیست ساڵانیان لە روباری دیجلە دەرهێنا بێ ئەوەی هۆکاری مردنەکەی بزانرێت.
لە 19ی تشرینی یەکەمی 2020، ژنێک لە پارێزگای میسان مێردەکەیی و کوڕەکەی خۆی بە تەور کوشت و دوای روداوەکە هەڵهات.
هەمان رۆژ لە پارێزگای کەربەلا، منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ سێ فیشەکی نا بەباوکییەوە و کوشتی لەکاتی یاریکردن بەو چەکەی لە ماڵەکەیاندا لە ناوچەی فرێحە هەڵگیرابوو، ئافرەتێکیش دوای ئەوەی دوو منداڵی خۆی لەسەر یەکێک لە شەقامەکان فڕێدا خۆی ونکرد و تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکان بەدوای کەسوکاری منداڵەکان دەگەڕێن.
لە پارێزگای دیوانییەش، منداڵێکی ساوای تەمەن پێنج رۆژ لەشەقامێکی قەزای شامیەی خۆرئاوای دیوانیە دۆزرایەوە.
لەلایەکی ترەوە، هێزەکانی پۆلیس لە هەولێر کەسێکیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی بەچەقۆ کە چەند مانگێک لە ئۆتێلەکانی ئەو شارە سۆراخی کردبوو.
لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە هێزە ئەمنییەکان بڵاویان کردەوە، مێردی ژنەکە دانی بەوەدانا کە هاوژینەکەی بەهۆی چەند کێشەیەکەوە کوشتووە.
بەرەبەیانی 17ی تشرینی یەکەمی 2020، هێزە ئەمنییەکان ژنێکیان دەستگیرکرد کە دوو منداڵەکەی خۆی لەسەر پردێکی ناوچەی کازمییەوە هەڵدابووە ناو روباری دیجلەوە.
ژنەکە لە دانپێدانەکانیدا وتبووی کە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ مێردەکەی کە لێی جیابووەوە ئەو کارەی کردووە. قوربانییەکان کوڕێکی تەمەن سێ ساڵ و کچێکی تەمەن دوو ساڵ بون، ژنەکە لە دایکبوی ساڵی 1998ە و لە مێردەکەی جیابۆتەوە کە یەک ساڵ لەخۆی گەورەترە.
دوای دەستگیرکردنی ژنەکە، دادگا تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستیان ئاراستەکرد.
ژمارەکان تۆقێنەرن، بەغداش لەپێشەنگە
عەمیدی مافپەروەر عەلی محەمەد سالم، بەڕێوەبەری پاراستنی خێزان و منداڵ لەوەزراەتی ناوخۆی عیراق ئاشکرایکرد کە لەسەرتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب زیاتر لە 9 هەزار حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراون، کە زۆربەیان لەشاری بەغدای پایتەخت بوون.
ساتی هەڵدانەخوارەروەی ژنێک بۆ دوو منداڵەکەی لەسەر پردێکی شاری بەغداوە
لە لێداونێکیدا بۆ کەناڵی دیجلە، عەمیدی مافپەروەر عەلی محەمەد سالم وتی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان و منداڵ لە وەزراەتی ناوخۆ بەدواداچون بۆ هەموو کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی دەکات بۆ نمونە توندوتیژی جەستەیی، زارەکی، سێکسی، ئابوری،...هتد.
وتیشی "چەندین حاڵەتی توندوتیژی جەستەیی و ئابوریمان تۆمارکردوە کە لەلایەن ژنانەوە دەرهەق بە مێردەکانیان ئەنجام دراوە".
بەڕێوەبەری پاراستنی خێزان و منداڵ رایگەیاند "بەغدای پایتەخت لەڕیزبەندی یەکەمدایە بۆ ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی کە تۆمارکراون"، ئاماژەشی بەوەدا کە زیادبونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن دەگەڕێتەوە بۆ داڕوخانی دەروونی بەهۆی زۆربونی کێشە خێزانییەکان و توندوتیژییەوە، وێڕای خراپبونی دۆخی دارایی و کەرەنتینە کە پەیوەست بووە بە لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا.
بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی "ژنانی بەغدا" بۆ ماوەی نێوان کانونی دووەم تا حوزەیرانی 2020، کۆمەڵەکە یارمەتی پێشکەشکردووە بۆ 1075 ژن و کچ کە دووچاری توندوتیژی بون لە پارێزگا جیاجیاکانی عیراقدا، لەکاتێکدا لەماوەی دوو مانگی رابردودا مامەڵەیان لەگەڵ کەیسەکانی 250 ئافرەت کردووە کە روبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە.