لە رەشبگیریی چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوساندا
شێروان شێروانی... دۆسییەكی تەمومژاویی و چارەنوسێكی ون

شێروان شێروانی و دوو لە منداڵەكانی

مەعاز فەرحان

لە رەشبگیرییەكەی ناوچەی بادیناندا، سێ هەفتەیە چارەنوسی شێروان شێروانی ونە و شوێنی نادیارە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆسیەیەكی تەمومژاوی بۆ كراوەتەوە، كە هێشتا رون نییە بنەمای دۆسییەكە و دەستگیركردنەكەی چییە و چۆنە.

شێروان شێروانی، كە پێشتر سەرنوسەری گۆڤارێک بوو بە ناوی باشور، کاری لەسەر هەڵدانەوەی مەلەفەکانی گەندەڵی دەکرد بەتایبەت لە بادینان، لە حەوتی تشرینی یەكەم، لەلایەن هێزێکی چەکداری 10 كەسییەوە لەماڵەكەی خۆیدا لە کۆمەڵگەی سێبێرانی هەولێر دەستگیركرا، بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و لەوكاتەوە چارەنوس و شوێنی نادیارە.

شێروان چەند ساڵێكە پەیوەندی فەرمی بە هیچ دەزگایەکی میدیاییەوە نەماوە، بەڵام وەک رۆژنامەنوس  و رەخنەگر لە بەشێك لە كەناڵەكانی ئۆپۆزسیۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چالاک بووە و رەخنەی هەبوو لە كۆی سیستمی حوكمڕانی و بە بنەماڵەكردنی حزب و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان.

تۆمەتبارکردنی شێروان شێروانی

دوای چوار رۆژ لە دەستگیركردنی، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند تۆمەتێکی دایە پاڵ شێروان شێروانی و لە راگەیەنراوێكدا وتی "پارەی لە لایەنی دەرەکی وەرگرتووە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

sherwann
شێروان شێروانی و هاوژینی لەگەڵ بەشێك لە كەسوكاری

زێباری لە راگەیەنراوەكەیدا جەختیكردەوە لەوەی شێروان شێروانی لەسەر فەرمانی راگرتن کە لە دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک دەرچووە دەستگیر کراوە و "تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بۆ ساڵی 2001 کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەموارکراوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە لەو ساڵەدا هیچ یاسایەك بەناوی یاسای ژمارە 21ەوە لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە، بەڵكو بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، یاسای ژمارە 21 لە ساڵی 2003 دەرچووە، كە تایبەتە بە لەكارخستنی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراق و لەجێی ئەو، ئەم بڕەگەیە جێگیركراوە "هەركەسێك بە دەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەك بێت، لەكارێدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتایی، یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".

هەرێم رەفعەت، پارێزەری شێروان شێروانی، تۆمەتەکان بە "پێچەوانەی یاساو عەیبەی یاسایی" ناوبرد، "چونکە دەبێت بەڵگە هەبن و رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن، ئەوکات دادگا بڕیار دەدات تاوانبارە یاخود ئازاد دەکرێت".

دەبێت بەڵگە هەبن و رەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن، ئەوکات دادگا بڕیار دەدات تاوانبارە یاخود ئازاد دەکرێت

لە بەردەوامی رەشبگیریی چالاكوانان و رۆژنامەنوساندا لە هەرێمی كوردستان، سێ هەفتەیە چارەنوسی شێروان شێروانی ونە و شوێنی نادیارە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆسیەیەكی تەمومژاوی بۆ كراوەتەوە، كە هێشتا رون نییە بنەمای دۆسییەكە و دەستگیركردنەكەی چییە و چۆنە.

هاوکات سەردانی ئاسایشی هەولێر و دهۆک ئاسایشی گشتی و دادگای دهۆک و هەولێری کردووە بە هیچ شێوەیەک شوێنی شێروانی پێنەوتراوە "بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری رەوشی تەندروستی نین و نازانین لە کوێیە".

شێروان پارەی لە کێ‌ وەرگرتووە؟

دیندار زێباری، شێروان شێروانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە پارەی لە لایەنی دەرەکی وەرگرتووە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

(کەرکوک ناو)، ئەو پرسیاری روبەڕوی براکەی شێروان کردەوە، بەرزان شێروانی برای وتی "ئەو تۆمەتانە هیچیان راست نین، هەندێک پارەی وەرگرتبوو لە خزمێکی خۆمان بۆ بەخێوکردنی مریشک، دیندار زێباری ئەمەی گەورە کردووە". بەرزان دەڵێت براکەی بە بەخێوکردنی مریشک و موچەی براژنی کە کە مامۆستایە بژێوی خێزانەکەی دابینکردووە.

شێروان شێروانی 37 ساڵ خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، بەرزانی برای وتیشی "چەند رۆژێک پێش دەستگیرکردنی بە منی وت چاودێریم دەکرێت و بۆ فۆڕمی بایەعیەکە تەلەفۆنم بۆ کراوە گومان دەکەم بۆ دەستگیرکردنم بێت، ئەگینا هیچ کێشەیەکی فۆڕمی بایەعیم نییە".

شێروان شێروانی پێشتر لە 28ی کانوونی دووەمی 2019 لە شاری دهۆک دەستگیرکرا، بەو تۆمەتانەی کە لە دژی ئاسایشی دەوڵەت ئەنجام دراون، لە نیسانی 2012 ش بەبێ‌ فەرمانی گرتن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر دوو ماددە کە رەخنەی لە گەندەڵی حکومەت گرتووە دەستگیرکرا.

dhokkk
دهۆك/ ئایاری 2020" خۆپیشاندانێكی مامۆستایان و فەرمانبەران دژی دواخستنی موچە

(كەركوك ناو)، نەیتوانی ئەوە پشتڕاستبكاتەوە كە چارەنوسی ئەو دوو دۆسیەیەی پێشوو بە كوێ گەیشتووە.

شێروان لە كوێیە؟

لە ماوەی گرتنیدا خێزان و پارێزەرەکەی شێروان، ئاسایشی گشتی، ئاسایشی هەولێر و دهۆک، بۆ سۆراغكردنی گەڕاون، هەروەها پەیوەندییان بە خاچی سور، پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستانەوە كردووە.

23ی مانگ کەسێک بەناوی کارمەندی خاچی سورەوە پەیوەندی بە هاوسەری شێروان شێروانیەوە دەکات و دەڵێت "تیمەکانمان شێروانیان بینیوە و ئەوە نامەی شێروانم پێیە ئەو دەڵێت باشم و خەمی منتان نەبێت". بەوتەی هەرێم رەفعەت پارێزەری شێروان و بەرزانی برای شێروان.

براکەی شێروان قسەی بۆ کەرکوک ناو کرد و وتی "بەوتەی ئەو کەسەی پەیوەندی بە براژنمەوە کردووە شێروانی برام لە ئاسایشی گشتیە لە هەولێر و وتویەتی وەزعم باشە، بەڵام لێکۆڵینەوەی زۆرم لەگەڵ دەکەن".

بەڵام هیوا رەفعەت، پارێزەری شێروان بە گومانەوە لە پەیوەندییەکە دەڕوانێت، "ناتوانین لە تەلەفۆن دڵنیابین، ئەگەر سەردانیان کردووە دەیانتوانی تەلەفۆنەکە بدەنە دەست شێروان و خۆی قسەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بکردایە".

بەپێی گێرانەوەکانی رووگەش محیەدین، هاوسەری شێروان شێروانی ئەو هێزەی شێروانیان گرتووە 10 کەس بون، چواریان جلی مەدەنییان لە بەردا بووە، کاتژمێر 4:30 ی ئێوارە گەیشتونەتە بەردەم ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر دوو لاپتۆپ و دەفتەر و چەند سی دییەکی رۆژنامەنوسەکەدا گرت.

"دەمانچەیەکیان لەسەر سەری شێرواندا راگرتووە و کەلەپچەیان کردووە، پاڵیان پێوەناوە و بە پاڵ و بەزۆر خستویانەتە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە"، رووگەش وایوت.

دەمانچەیەکیان لەسەر سەری شێرواندا راگرتووە و کەلەپچەیان کردووە

ئەفسەرەکان فەرمانی دەستگیرکردنی شێروانیان پێبووە، بەڵام نە ئەو فەرمانە و نە ئەفسەرەکان لای شێروان ئاشکرانەبون کە لەسەر چی و بۆچی دەستگیرکراوە.

لە رۆژانی پێش دەستگیرکردنیدا، شێروانی لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبوک، کە زیاتر لە 10 هەزار هاوڕێ و فانی هەیە، رەخنەی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گرتووە و داوای لە پارێزەران کردووە، کە پرسیار لە سەرۆکی حکومەت بکەن لەبارەی کوشتنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە هەرێم. لەكاتی دەستگیركردنیدا ئەكاونتەكەی داخراوە.

رەشبگیری لە بادینان

ناوچەی بادینان لە ساڵی 2020دا بەدۆخێكی باشدا ناڕوات بەتایبەت بۆ چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنوسان.

بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی رابردوەوە حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی ڕێکخستنی خۆپیشاندان دەستگیرکردوە زۆرینەیان لە ناوچەی بادینان بون.

هەندێک لەوانەی دەستگیركراون هێشتا لە زینداندان لە نمونەی مامۆستا بەدەل بەرواری و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا ژمارەیەك رۆژنامەنوسی تر دەستگیركران.

زۆربەی کەیسەکانی رۆژنامەنوسان بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری و  لە یاسای ‌(قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی لە هەرێمی کوردستان)ی ژمارە(6)ی ساڵی 2008 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لە یەکەمیاندا بەبێ‌ ئاگاداری سەندیکای رۆژنامەنوسان نابێت رۆژنامەنوس دەستگیربکرێت.

بەڵام لە زۆربەی کەیسەکاندا پەنا بۆ دووەمیان دەبێت کە سزای توندی تێدایە، لە ماددەی (2)ی یاساکەدا هاتووە "هەر کەسێک ئەگەر بەخراپی تەلەفۆن یا مۆبایل یان هەر ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلدار یان بێ‌ تەل یاخود ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلکترۆنی بۆ مەبەستی هەرەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن بەكاربهێنێت و نەتوانێت بیسەلمێنێت یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند(حبس) دەکرێت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت‌ و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت‌ لەگەڵ غەرامەكردن لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت".

نەزاکەت حەسەن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیکای رۆژنامەنوسان، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بۆ کەیسەکەی شێروان شێروانی، کەسوکارەکەی داوایان نەکردووە پارێزەری بۆ بگرین، هەر کەسێک لەسەر کاری رۆژنامەنوسی بگیرێت ئێمە ئامادەین پارێزەری بۆ بگرین، کەیسەکەی ئەو چووەتە دادگا هەر کەیسێکیش چووە دادگا دەبێت چاوەڕێی دادوەر بکرێت بزانرێت دەخرێـت بە چ بارێکدا".

دوای دەستگیرکردنی هەر رۆژنامەنوسێک سەندیکای رۆژنامەنوسان پەیوەندی بە دەزگاکەیەوە دەکەن یاخود لەڕێی هاوڕێیەکیەوە یان لە رێی لقی سەندیکاوە زانیاری لەسەر کۆدەکەنەوە.

زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، کە سکاڵای لە هاوسەرەکەی شێروان شێروانی وەرگرتووە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئیش لەسەر سکاڵاکەی دەکەین، من حەقم بەسەر دیندار زێبارییەوە نییە و تەمسیلی ئێمە ناکات، ئێمە دەزگایەکی سەربەخۆ و فەرمین و ئەو بەرپرسی خۆیەتی".

وتیشی "بەلای منەوە تۆمەتەکانی سەر شێروان شێروانی فەرمی نین، ئێمە پەیوەندی دەکەین بەلایەنی پەیوەندیدار، دەبێت بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT