پاسەوانێكی كێڵگەی نەوتی خەبازە كوژرا و دوو سەركردەی داعش دەستگیركران

كەركوك/ 26ی تشرینی یەكەمی 2020/ دەستگیركردنی دوو سەركردەی داعش لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

كەركوك ناو

فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، دەستگیركردنی دوو سەركردەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) راگەیاند، ئەوەش هاوكات بوو لە گەڵ بەئامانجگرتنی خاڵێكی پاسەوانی كێڵگەی نەوتی خەبازە "لەلایەن داعش" و كوشتنی پاسەوانێكیان.

لە راگەیەنراوێكیدا پۆلیسی كەركوك كە شەوی 26ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، تیایدا جەختكراوەتەوە لە دەستگیركردنی دوو سەركردەی داعش.

یەكێك لە سەركردەكان بەپێی راگەیەنراوەكە ناسناوی ئەبو تەڵعەیە، كە لێپرسراوی جوڵانەوەی چەكدارانی رێكخراوەكەیە لە كەركوك، هەروەها چەك و پێداویستی پزیشكی بۆ دەگواستنەوە، ئەوەی تریان ئەحمەد عیراقی، پارەی بەسەر خەڵكدا دابەشكردووە لەژێر ناوی كەفالەت.

"ئەم هەڵمەتە لەسەر بنەمانی زانیاریی هەواڵگریی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری كەركوك  و تیمێكی هونەری دژە تیرۆری سلێمانی بەڕێوەچووە"، بەپێی راگەیەنراوەكەی پۆلیس.

لە ماوەی هەفتەیەكدا حەوت چەكدار و سەركردەی داعش لە كەركوك دەستگیركراون، ئەوەش هاوكاتە لگەڵ زیادبونی جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەكانی كەركوك، دیارترینیان لە ناحیەی ریاز سەر بە قەزا حەویجە و بە ئامانجگرتنی سێ گەنج و كوشتنیان لە سنوری ناحیەی شوان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك.

shawgeer
كەركوك/18ی تشرینی یەكەمی 2020/ ئەو ئۆتۆمبێلەی سێ گەنجی گوندی شەوگێڕی تێدا كوژران و دواتر سوتێنران فۆتۆ: سۆران محەمەد

راگەیەنراوەكەی پۆلیس، هاوكات بوو لەگەڵ هێرشێكی ئەو رێكخراوە، بۆ سەر خاڵێكی پاسەوانی كێڵگەی نەوتی خەبازە لە خۆرئاوای كەركوك و كوشتنی پاسەوانێكی كێڵگەكە بە چەكی قەناس.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT