سەفا كەلهوری
ئەو مامۆستایەی لە خانەقین رفێنرا، لە كەركوك تەرمەكەی دۆزرایەوە

سەفا كەلهوری (52ساڵ)، خەڵكی قەزای كەلار، تەرمەكەی لە كەركوك دۆزرایەوە دوای 21 رۆژ لە رفاندنی

گۆران بابان

سەفا كەلهوری (52ساڵ)، خەڵكی قەزای كەلار، تەرمەكەی بە شێوێنراوی لە گەڕەكی دۆمێزی شاری كەركوك دۆزراتەوە. ئەوەش دوای 21 رۆژ دێت لە رفاندنی لە گوندێكی خانەقین.

سەفا کەلهوری، پێشتر مامۆستای وانەبێژ بووە لە زانكۆی گەرمیان لە كەلار و لە پێكهاتەی كوردە، 7ی ئەم مانگە (تشرینی یەكەم) لە رێگای نێوان كەلار  - خانەقین رفێنرا، دوای 10 رۆژ تەرمەكەی لە كەركوك دۆزرایەوە.

هەرچەندە 11 رۆژە ئەو تەرمە لە پزیشكی دادوەری كەركوكە، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ 27ی تشرینی یەكەم كەسوكارەكەی پێیانزانیوە.

ئاری سەفا – كوڕی مامۆستا كوژراوە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "باوكم ئۆتۆمبێلێكی ئۆپڵی پێبووە، ئێوارەیەك لە گەڕانەوەیدا بووە بۆ كەلار، بەڵام لە گوندی سەوزبڵاغی سەر بە قەزای خانەقین، دیارە چەكدارانی نەناسراو رێگەیان پێگرتووە و رفاندویانە، ئۆتۆمبێلەكەی لە هەمان شوێن بەجێهێڵدرابوو".

باوكم ئۆتۆمبێلێكی ئۆپڵی پێبووە، ئێوارەیەك لە گەڕانەوەیدا بووە بۆ كەلار، لە گوندی سەوزبڵاغی سەر بە قەزای خانەقین رفێنراوە

"ئێمە لەوكاتەوە تا ئەمڕۆ بەدوای چارەنوسیدا دەگەڕێین، شوێن نەما سەردانی نەكەین، تا ئەمڕۆ لە بونی تەرمێك لە پزیشكی دادوەری كەركوك ئاگاداركراینەوە، كاتێك چوین دەركەوت باوكمانە"، ئاری وایوت.

عەقید یوسف ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دۆمیز بە(کەرکوک ناو)ی وت "دۆزینەوەی ئەم تەرمە بۆ 17ی مانگ دەگەڕێتەوە... ژمارەیەک شایەتحاڵ زانیارییان پێداین لە بونی تەرمێك و هەڵمانگرتەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەریمان كرد، بەڵام لەوكاتەوە كەس نەهاتووە سۆراغی بونی ئەو تەرمە بكات".

"سێ بەتانی لە تەرمەكەوە ئاڵێنێرابوو، شوێنەواری زۆری ئەشكەنجەی پێوەبوو، دیاربوو خنكێنرابوو، بەڵام شوێنەواری فیشەكی پێوە نەبووە"، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دۆمیز وایوت.

سێ بەتانی لە تەرمەكەوە ئاڵێنێرابوو، شوێنەواری زۆری ئەشكەنجەی پێوەبوو، دیاربوو خنكێنرابوو

گەڕەكی دۆمیز دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی كەركوك و دەكەوێتە باشوری شارەكەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دۆمیز وتی "بەپێی بەدواداچونەكانمان لە 7ی مانگ رفێنراوە، 17ی مانگ تەرمەكەی دۆزراوەتەوە و ئێستاش كەسوكاری هاتون بۆ وەرگرتنەوەی".

وتیشی "کاغەزێک لەسەر تەرمی ناوبراو فڕێدرابوو، لەسەری نوسرابوو ئەمە چارەنوسی هەر کوردێکی خائینە".

سەفا كەلهوری (52ساڵ)، مامۆستای وانەبێژ بووە لە زانكۆی گەرمیان و وانەی فەرهەنگی وتۆتەوە، بەڵام چەند مانگێكە لە زانكۆكە دابڕاوە، وەك كەسوكاری دەڵێن.

ئاری لەگەڵ دایك و خاڵۆیەكی، ئەمڕۆ بە بونی ئەو تەرمە ئاگاداركراونەتەوە و چونە كەركوك، بەڵام تەرمەكەیان پێنەدرایەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن.

"لە بەیانییەوە لە کەرکوک دێین و دەچین، بەڵام تەرمەکەمان رادەستناكەن و دەڵێن، دەبێت لە بەردەم دادگای کەرکوک وتەتان لێوەربگرێت، بڕیارە سبەی 28ی تشرینی یەكەم بچینە دادگا"، ئاری وایوت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دۆمیز وتی "نەمانزانی مامۆستایە، قات و ریبات لەبەربوو، تەنانەت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانیش بوو، بەوەی دەستکێشی لەدەستبووە و کەمامەشی لە روخساردا بووە... تائێستا بابەتەکە رون نییە، ئایا هەر حاڵەتێكی كوشتنە، یان تیرۆرە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT