بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك یه‌كلاییكرانه‌وه‌؛ 12 كورسییه‌كه‌ به‌سه‌ر سێ بازنه‌دا دابه‌شده‌كرێت

كه‌ركوك، ئایاری 2018، بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

په‌رله‌مانی عیراق؛ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ده‌نگی له‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك دا، كه‌ 12 كورسی پشكی پارێزگاكه‌ی به‌سه‌ر سێ بازنه‌دا دابه‌شكردووه‌.

ئه‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان كه‌ له‌ ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستیپیكرد؛ به‌هۆی ناكۆكی نێوان كوتله‌ و په‌رله‌مانتارانی پشكی كه‌ركوكه‌وه‌، تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ درێژه‌ی كێشا.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاندنی په‌رله‌مان، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ ئاماده‌بونی 168 په‌رله‌مانتار بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك یه‌كلاییكراونه‌ته‌وه‌.

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك كراوه‌ به‌ سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن؛ له‌ هه‌ر بازنه‌یه‌كیش كورسییه‌كی كۆتا بۆ ژنان دانراوه‌، له‌ كۆی 12 كورسییه‌كه‌ی پشكی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك، دوابه‌دوای چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی نێوان په‌رله‌مانتارانی پارێزگاكه‌ هات له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، كه‌ پێشنیازی جیاوازیان بۆ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان به‌سه‌ر بازنه‌كان و كورسییه‌كانی كه‌ركوك هه‌بوو.

122706826_3390600047726883_5299932010171182571_o
به‌غداد، 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر پاشكۆی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ 16 پارێزگا به‌بێ كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان

به‌پێی ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كرد؛ كه‌ركوك ده‌كرێته‌ سێ بازنه‌ی خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای ناوه‌ندی، ناوه‌ڕاستی قه‌زای ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ حه‌ویجه‌+ ریاز.

له‌ بازنه‌ی خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك وباكوری ناوشار؛ ناوچه‌كانی وه‌ك ره‌حیماوه‌، عه‌ره‌فه‌، شۆریجه‌، موسه‌ڵا، ئیسكان، قادسیه‌، حوریه‌، پردێ، له‌یلان و چه‌ند ناوه‌ندێكی قه‌زای داقوقی تێدایه‌، كه‌ پێنج كورسی بۆ دانراوه‌ و یه‌كێكیان كۆتای ژنانه‌.

له‌ بازنه‌ی ناوه‌ڕاستی قه‌زای ناوه‌ندی؛ شوێنه‌كانی وه‌ك تسعین، قۆریه‌، واستی، قادسیه‌ی 2، تازه‌-رشاد، چه‌ند ناوه‌ندێكی موسه‌ڵا، حه‌ی عه‌سكه‌ری، خاسه‌، چه‌ندین ناوه‌ندی ریاز و یایچی و پردێی تێدایه‌؛ كه‌ چوار كورسی بۆ دانراوه‌ و یه‌كێكیان كۆتای ژنانه‌.

له‌ بازنه‌ی حه‌ویجه‌ + ریاز؛ ناوه‌نده‌كانی وه‌ك حه‌ویجه‌، عه‌باسی، زاب، چه‌ندین ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی تازه‌ و ره‌شاد و دوبز له‌ خۆده‌گرێت؛ كه‌ سێ كورسی بۆ دانراوه‌ و یه‌كێكیان كۆتای ژنانه‌.

پەرلەمانی عیراق لە كانونی یەكەمی 2019دا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد، جگە لە بڕگەی "بازنەكانی هەڵبژاردن" و كێشی كورسی پەرلەمانی نەبێت.

سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ په‌رله‌مان ئه‌و بڕگه‌یه‌ی یاساكه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی بۆ 16 پارێزگا یه‌كلاكرده‌وه‌ و ته‌نیا كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا مانه‌وه‌.

سێشه‌ممه‌ی رابردو 27ی تشرینی یه‌كه‌م نه‌ینه‌وای په‌سه‌ند كرد و جارێكیتر بازنه‌كانی كه‌ركوك به‌هۆی ناكۆكییه‌وه‌ مایه‌وه‌ تا به‌ره‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كلاییكرانه‌وه‌.

123091933_1007967143013995_5931045377201163043_n
دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT