هیچ كه‌مپێك له‌ به‌غدا و كه‌ربه‌لا نه‌ما
زۆرینه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌

دیاله‌، 2020، گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك خێزانی ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی خۆیان فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق

كه‌ركوك ناو

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، هیچ كه‌مپێكی ئاواره‌یی له‌ به‌غدا و كه‌ربه‌لا نه‌هێشت، له‌ نه‌ینه‌واش هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان چڕتر كردۆته‌وه‌.

ئه‌و هه‌وڵه‌ی حكومه‌تی عیراقی، له‌ چوارچێوه‌ی پلانێكدایه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئاواره‌یی تا كۆتایی ئه‌مساڵ، به‌وپێیه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانیان له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه‌.

ئیڤان جابرۆ، وه‌زیری كۆچ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ راگه‌یاندنی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بڵاویكردۆته‌وه‌، نه‌مانی هیچ كه‌مپێك له‌ پارێزگاكانی به‌غدا و كه‌ربه‌لا راده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت له‌ رۆژانی رابردودا، دوایین قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی به‌غدا و كه‌ربه‌لا به‌ره‌و شاره‌كانی خۆیان به‌ تایبه‌ت نه‌ینه‌وا، كۆتاییهات.

له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بون و هێشتا زیاتر له‌ ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی كۆچ، چوارشه‌ممه‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ كه‌مپی خازره‌وه‌ 89 خێزان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا گه‌ڕاونه‌ته‌وه.

ئه‌و خێزانانه‌ كه‌ له‌ 393 كه‌س پێكهاتبون، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ئینتسار، ره‌یحانیه‌، نه‌هره‌وان، جه‌دعه‌، به‌عاج، ره‌جم حه‌دید، سۆمه‌ر، ره‌بیعه‌، گوێر، مه‌حله‌بیه‌ و ته‌له‌عفه‌ر بون.

وه‌زیری كۆچ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ده‌ڵێت له‌ رۆژانی داهاتودا قۆناغی دیكه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌ خواستی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

122923289_3935974819766285_8317241741188889364_n
نه‌ینه‌وا، 2020، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپی خازره‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كۆچ

حكومه‌تی عیراقی، له‌رێی وه‌زاره‌تی كۆچه‌وه‌، هاوكاری دارایی به‌ بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار به‌ هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ ده‌دات، ئه‌گه‌ر بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بده‌ن.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی كۆچ، له‌ كه‌مپی مه‌عه‌سكه‌ر سه‌عدی پارێزگای دیاله‌وه‌، 450 هاوڵاتی ئاواره‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ دیاله‌، سه‌ڵاحه‌دین و نه‌ینه‌وا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

له‌و ئاوارانه‌ خه‌ڵكی خانه‌قین، میقدادیه‌شی تێدابووه‌.

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران دوای گه‌رانه‌وه‌ی دوایین ئاواره‌ كه‌مپی مه‌عه‌سكه‌ر سه‌عدی له‌ دیاله‌ داخستووه‌.

نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق؛ ئه‌مڕۆ 30ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقی كردووه‌ بۆ داخستنی كه‌مپه‌كان و داواده‌كات؛ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌ خواستی خۆیان و له‌ كه‌شێكی ئارام و رێزلێگیراود بێت.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، به‌ڵام كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و وێرانكارییه‌ی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا به‌ به‌ربه‌ستی به‌رده‌م نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان داده‌نرێن.

ته‌نیا له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره‌ هه‌ن، كه‌ به‌شێكی زۆریان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT