ئاواره‌كانی كه‌ركوك؛ به‌هاتنی وه‌رزی سه‌رمادا روبه‌ڕوی كێشه‌ی سوته‌مه‌نی و كۆنی خێوه‌ته‌كانیان ده‌بنه‌وه، له‌كاتێكدا باری داراییان خراپه و ناتوانن به‌پێی پێویستييان خۆراك بكڕن، ترسی كۆرۆناش هێنده‌ی تر توشی دڵه‌ڕاوكێیان ده‌كات.
ته‌نیا دوو كه‌مپی ئاواره‌یی له پارێزگای كه‌ركوك ماون؛ كه زیاتر له دوو هه‌زار خێزانی قه‌زای حه‌ویجه و شاره‌كانی تری نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌یان تێدایه.
"زستان له‌به‌رده‌مماندایه و تائێستا نه خێوه‌تی نوێمان پێدراوه نه پێداویستییه‌كانی دیكه؛ له به‌تانی و هیته‌ر و نه‌وت" هه‌دیه عه‌لی (24 ساڵ) وای وت.
ئه‌و ژنه دایكی سێ منداڵه و خه‌میه‌تی به‌هۆی نه‌بونی پێداویستییه‌كانی زستانه‌وه، روبه‌ڕوی سه‌رمای زۆر ببنه‌وه، له‌كاتێكدا توانای داراییان باش نییه و خۆیان ناتوانن سوته‌مه‌نی بكڕن.
ئاواره‌كانی كه‌مپ؛ جگه له هاوكاری خۆراكی حكومه‌تی عیراق، هه‌ندێك له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پاره‌ی كاشیان پێده‌ده‌ن، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می كۆرۆنادا، تا بتوانن له‌كاتی بێكاریدا به‌شێك له پێداویستییه‌كانی ژیانیان پڕبكه‌نه‌وه.
دایكی هومام (33 ساڵ)، ده‌ڵێت سێ مانگ یه‌ك دیناریان پێنه‌دراوه، هه‌رچه‌نده پێشتر به دوو مانگ جارێك بڕه پاره‌یه‌كیان وه‌رده‌گرت و ده‌یانتوانی خۆراك بكڕن.
ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌ریانده‌گرت بۆ هه‌ر كه‌سێك 17 هه‌زار دیناری عیراقی بوو.
"ئه‌و بڕه پاره‌یه كه ئێستا نه‌ماوه، پێشتریش هه‌ر به‌شی پێداویستییه‌كانی نه‌ده‌كرد، به تایبه‌ت خۆراك، چونكه نرخه‌كان به‌رزن و خه‌ڵكیش بێكارن" دایكی هومام وای وت، كه خێزانه‌كه‌ی له شه‌ش كه‌س پێكهاتون.
ئه‌ویش هاوشێوه‌ی خێزانه‌كانی دیكه‌ی كه‌مپ، جگه له ترسی برسێتی به‌هۆی بێكاری و خراپی بژێوییه‌وه، گله‌یی له نه‌بونی ئاماده‌كاریی هه‌یه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌رمای زستان.
حاویهكانی خۆڵ و خاشاك بون به شوێنی بڵاوبونه‌وه‌ی به‌كتریا و ڤایرۆس
زۆرینه‌ی خێزانه‌كانی كه‌مپ نزیكه‌ی شه‌ش ساڵه له ئاواره‌ییدا ده‌ژین دوای هه‌ڵاتنیان له ناوچه‌كانی خۆیان به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه.
سه‌رباری كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان به‌ڵام به‌شێكیان به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه نین.
غه‌فور (36 ساڵ)، زیاتر له سه‌رما و خراپی بژێوی، خه‌می مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنایه‌تی له ناو كه‌مپدا، چونكه هیچ رێكار و پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسه‌كه نییه.
"به‌ده‌ست كه‌می پێداویستی پاككردنه‌وه‌وه ده‌ناڵێنین، زۆربه‌ی حاویهكانی خۆڵ و خاشاك كۆن بون، بونه‌ته شوێنی كۆبونه‌وه‌ی به‌كتریا و ڤایرۆس، له‌بری كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك و فڕێدانی، ئێستا حاویه‌كان بونه‌ته هۆكارێك بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی" به‌وته‌ی غه‌فور، كه ناوی خوازراوی ئاواره‌یه‌كی كه‌ركوكه.
له سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆناوه، وه‌ك ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت، ته‌نیا یه‌كجار هه‌ڵمه‌تی ده‌رمانڕشتن له كه‌مپه‌كه‌دا هه‌بووه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه ئاماره‌كانی توشبون به كۆرۆنا له كه‌ركوك له‌هه‌ڵكشاندایه.
غه‌فور رونیكرده‌وه هیچ رێكارێك بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌چاو ناكرێت، چونكه مهتبهخهكانی ناو كه‌مپ هاوبه‌شن و هه‌ر مه‌تبه‌خێك چوار خێزان خواردنی تێدا دروستده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ندێك كه‌س به ناچاری له‌ناو خێوه‌ته‌كه‌ی خۆیدا چێشت لێده‌نێت نا نه‌چێته ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه.
ئه‌و و به‌شێك له ئاواره‌كان؛ مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایسته، لانیكه‌م داواده‌كه‌ن له ناوچه‌كانیاندا خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو هه‌بێت.
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردوه تا كۆتایی ئه‌مساڵ كه‌مپه‌كانی دابخات، ئه‌وه‌ش له‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ی "خۆویستانه‌ی" ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و به چه‌ند هاندانێك، له نێویاندا ته‌رخانكردنی بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
له كه‌ركوك، كه‌مپه‌كانی له‌یلان یه‌ك، له‌یلان دوو، له‌یلان سێ، نه‌زراوه، یه‌حیاوه و داقوق له 2014وه تا 2017، هه‌زاران خێزانی تێدا نیشته‌جێبوون، به‌ڵام دواتر و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ئاواره‌كاندا، ژماره‌یه‌ك له كه‌مپه‌كان داخران و له ئێستادا ته‌نیا هه‌ردوو كه‌مپی له‌یلان یه‌ك و یه‌حیاوه كراوه‌یه.