ئەمەل خدر (32ساڵ)، لە راكردنی ماوە درێژدا لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدانی عیراق، بووە پاڵەوانی راكردنی 800 مەتر و هەزار و 500 مەتر، ئەوەش سەرەڕای پێكان و راگرتنی مەشق و راهێنانەكانی لە ماوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا.
رۆژانی 5 و 6ی تشرینی دووەم، پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدان بۆ یانەكانی عیراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، تیایدا ئەمەل خدر وەك یاریزانی یانەی پێشمەرگە لە دوو یاریدا بەشداریكرد و لە هەردوكیان یەكەم بوو، لەو پاڵەوانێتییە 30 یانەی عیراق بەشداربون.
ئەو دوو خەڵاتە بۆ ئەو كچە كەركوكییە وەك خۆی دەڵێت "دەستكەوتێكی گەورەیە" و بە ئومێدە لەسەر هەمان ئاست بەردەوامبێت بۆ پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو.
ئەمەل خدر کەریم لە ساڵی 1988 لە گەڕەكی ئیمام قاسم لە كەركوك لەدایكبووە، لە 2004ەوە دەستی بە یاریكردن كردووە و ئارەزوی لە راكردنی ماوەدرێژ بووە. هەر لەوكاتەوە هەست دەكات توانایەكی باشی هەیە و بەهۆی ئارەزوی بۆ یاریكردنیش پەیوەندی بە یانەی سۆلاڤی كەركوكەوە دەكات. لەو یانەیە چەند نازناوێك بەدەستدەهێنێت.
دیارترینیان ئەو نازناوانەی وەكو یاریزانی عیراق بەدەستهێناوە، لە دوو پاڵەوانێتی جیادا لە توركیا و لوبنان پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، هەروها لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا، ئەمەل چوارەم بووە.
چەند ساڵێكە ئەمەل پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەوە كردووە، لە دواین پاڵەوانێتیدا كە وەكو نوێنەری ئەو یانەیە بەشداریكرد رۆژی 5 و 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بووە، تیایدا ئەمەل لە راكردنی 800 مەتر و هەزار و 500 مەتریشدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
ئەو دوو خەڵاتە دوای ئەوە دێت ئەمەل مەشق و راهێنانەكانی لە ماوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا راگرت، هەروەها بەر لە بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكە توشی پێكان بوو، بەڵام ئەوانە نەبونە بەربەست.
"لەكۆی بەشداریكردنی نۆ یاریزان لە راكردنی 800 مەتری یەكەم بوم، لە راكردنی هەزار و 500 مەتریش هەشت یاریزان بەشداربوین و لەوێش پلەی یەكەمم بەدەستهێنا"، ئەمەل خدر وایوت.
"دڵخۆشییەکی بێ ئەندازەم هەیە کە لەیەكەم پاڵەوانێتی دوای پەتای كۆرۆنا یەكەم بوم، سەرەڕای پێكان و وەستانم لە مەشق"، ئەمەل زیاتر وتی "لەژیانمدا ئەوەندە دڵخۆش نەبوم، چونکە هەستەکەم لە بەرزترین ئاستدام بەو پێیەی لە دوو رۆژدا سەرکەوتێکی گەورەم تۆمارکرد".