حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، واده‌ی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی دیاریكرد به كۆمه‌ڵێك مه‌رج و رێكاری خۆپارێزی له كۆرۆنا، له نێویاندا هه‌ڵگرتنی پشوی شه‌ممان و دانانی ته‌نیا یه‌ك رۆژ بۆ چونه خوێندنگه.
به‌پێی بڕیاری دوایین كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستی نیشتمانی به‌سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له 29ی تشرینی دوه‌می 2020دا، پرۆسه‌ی خوێندن بۆ ساڵی 2020 – 2021 ده‌ستپێده‌كات.
دواكه‌وتنی ساڵی نوێی خوێندن، كه ساڵانی رابردو له مانگی ئه‌یلولدا ده‌ستیپێده‌كرد، هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا.
له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا خوێندكاران؛ به هه‌موو قۆناغه جیاوازه‌كانی خوێندنه‌وه، كه‌مترین كات له خوێندنگه ده‌بن و زۆرینه‌ی وانه‌كانیشیان به ئۆنلاین و ئه‌لیكترۆنی ده‌خوێنن.
حه‌یده‌ر فاروق، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد له‌سه‌ره‌تای رێكار و بڕیاره‌كانیاندا، پشووی رۆژانی شه‌ممه هه‌ڵده‌گرن، له‌مه‌ودوا شه‌ش رۆژ له هه‌فته‌یه‌كدا ده‌وام هه‌یه.
له رێكارێكی تری وه‌زاره‌تدا بۆ خۆپارێزی له كۆرۆنا، فاروق ده‌ڵێت له‌هه‌ر قۆناغێكی خوێندن، له یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌وه تا 12ی ئاماده‌یی، له هه‌فته‌یه‌كدا ته‌نیا یه‌ك رۆژه ده‌چنه‌وه ناو خوێندنگه و له‌وێ وانه ده‌خوێنن.
ته‌واوی رۆژه‌كانی دیكه‌ی هه‌فته، خوێندكاران به ئۆنلاین و ئه‌لیكترۆنی، له ماڵه‌وه به‌رده‌وامی به پرۆژه‌ی خوێندن ده‌ده‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و ته‌ندروستی، بڕیاره رۆژانه خوێندنگه و ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان ده‌مانڕێژ بكه‌ن.
وته‌بێژی وه‌زاره‌ت ده‌ڵێت ئه‌و بڕیارانه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی نوێی خوێندنه و دواتر به‌پێی گۆڕانی بارودۆخی كۆرۆنا، رێكار و هه‌نگاوی دیكه ده‌گرنه‌به‌ر.
رێكار و مه‌رجه‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵا و ته‌واوی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانیش ده‌گرێته‌وه، كه بڕیاره 6ی كانونی یه‌كه‌می 2020 ساڵی نوێی خوێندن ده‌ستپێبكه‌ن.
حه‌یده‌ر عه‌بودی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌رێكاره‌كانیان كردوه و ده‌ڵێت خوێندنی ئه‌مساڵ به دوو رێگایه؛ ناو هۆڵه‌كانی خوێندن له‌گه‌ڵ ئه‌لیكترۆنی.
"وانه تیۆرییه‌كان له‌رێی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ده‌بێت و ئه‌و وانانه‌یشی پراكتیكی و زانستین كه پێویست به ئاماده‌یی خوێندكار ده‌كات، به تایبه‌ت بۆ تاقیگه، ئه‌وا له‌ناو زانكۆ و په‌یمانگاكاندا ده‌خوێندرێن".
وته‌بێژی وه‌زاره‌ت ده‌ڵێت خوێندن له‌ناو هۆڵه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا نابێت له هه‌فته‌یه‌كدا رۆژێك تا دوو رۆژ زیاتر تێپه‌ڕێنێت.
ئه‌و خوێندكارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شار و ناوچه‌كانی دیكه‌وه روده‌كه‌نه ئه‌و زانكۆ و په‌یمانگه‌یه‌ی لێی وه‌رگیراوه، به‌وته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بودی، ده‌توانێت وانه پراكتیكییه‌كانی له زانكۆ و په‌یمانگه‌ی شاره‌كه‌ی خۆیدا بخوێنێت.
ساڵی نوێی خوێندن له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكارانه‌دا، به ئامانجی خۆپارێزییه له مه‌ترسی كۆرۆنا، كه تائێستا توشبوانی ئه‌و ڤایرۆسه له عیراق گه‌یشتۆته 496 هه‌زار و 19 كه‌س، له نێویاندا 11 هه‌زار و 283 كه‌س به‌وهۆیه‌وه مردون.