توشبووانی شێرپەنجە
لەبری هەوای پاك بۆنی ئاوەڕۆ هەڵدەمژن

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2020/ ئەو ناوچەیەی كە ئاوەڕۆی چەند گەڕەكێك تیایدا كۆدەبێتەوە و بۆنێكی ناخۆشی لێوەدێت فۆتۆ: عەلی ئاراس

عەلی ئاراس - كەركوك

ئاوەڕۆی پەنگخواردوی ماڵان، نەخۆش و كارمەندانی سەنتەری کەرکوکی تایبەت بە چارەسەركردنی لووەکان و نەخۆشییەکانی خوێنی ھەراسانکردووە، بۆنێكی ناخۆش سەراپای سەنتەرەكەی پڕكردووە و چارەسەركردنی ئەو گرفتە لە نێوان شارەوانی و فەرمانگەی ئاوەڕۆدا پەكخراوە.

ئەو بۆنە بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە ئەنجامی زیادەڕۆییكردن بۆ سەر ئاوەڕۆی ماڵان دروستبووە، بەهۆیەوە بۆری ئاوەڕۆكان بەرگەی زۆری ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ماڵان  ناگرن و تێكشكاون.

بۆنی ئاوەڕۆی ماڵان لەپاڵ هەراسانكردنی ئەو سەنتەرە، چەند ناوچیەكی شاری گرتۆتەوە و پێناچێت وا بەئاسانی چارەسەربكرێت.

ھەوراز ئەحمەد، ماوەی سێ ساڵە توشی شێرپەنجە بوە و هەفتەیەكە لە سەنتەری کەرکوکی تایبەت بەچارەسەركردنی لووەکان و نەخۆشییەکانی خوێن چارەسەر وەردەگرێت، ئێواران پێویستی بە پشوویەك هەیە لەناو باخچەی سەنتەرەكە، بەڵام بۆنی ئاوەڕۆی پەنگخوارد وایكردووە نەتوانێت هەناسەیەكی پاك هەڵمژێت.

"لەپاڵ خەمی ئەو ئازارەی بەھۆی نەخۆشییەکەمان دەیچێژین، خراپی شوێنی سەنتەرەکە و ئەو بۆنە پیسە ھێندەی تر ناڕەحەتی کردوین، تەنانەت بە ئێواران ناتوانین پیاسەیەک لەنێو حەوشەی سەنتەرەکەش بکەین، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت بەرگەی ئەو بۆنە پیسە بگرێت"، هەوراز ئەحمەد وای بە (كەركوك ناو) وت.

سەنتەری کەرکوكی تایبەت بە چارەسەکردنی لووەکان و نەخۆشییەکانی خوێن، دەكەوێتە نزیك گەڕەكی شۆڕیجە. تا ساڵی 2016 بنكەی پۆلیس بووە، دواتر نۆژەنكرداوەتەوە و كراوە بەو سەنتەرە، ئێستا  بەردەوام ٥٠ تا ١٠٠ نەخۆش چارەسەری لێوەردەگرن و دەمێننەوە.

نیاز ئەحمەد، بەڕێوبەری سەنتەرەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "توشبوانی شێرپەنجە سیستمی بەرگری لەشیان زۆر لاوازە و پێویستە لە شوێنێکی خاوێن و گونجاودا بن، بەڵام ئەو بۆنە پیسە کاریگەری خراپی کردۆتە سەر تەندروستی توشبوان".

بۆنەكە لە ئەنجامی كەڵەكەبونی ئاوی گەڕەكی دەروازە و نەخۆشخانەی ئازادی و چەند ناوچەیەكی تر دروستبووە  و لە نێوان هەردوو نەخۆشخانەی ئازادی و سەنتەری لووەكان پەنگیخواردووە. هەروەها بەدرێژایی رێگای نەخۆشخانەی ئازادی بۆ گەڕەكی شۆریجە بڵاوبۆتەوە، بەشێوەیەك رێبواران و شۆفێران بەئاسانی هەستی پێدەكەن.

ئیدارەی سەنتەری چارەسەری لووەكان، چەند جارێك لایەنە پەیوەندیدارەكان لەوانەش شارەوانی كەركوكیان ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام سودی نەبووە.

فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، لە 2ی ئازاری ئەمساڵ نوسراوێكیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی کەرکوک کردووە، تیایدا داوایانكردووە بەدواداچون بۆ دروستبوونی ئەو بۆنە پیسە بكەن.

لە نوسراوەكەدا، واژۆی كەریم وەلی، بەڕێوەبەری پێشوتری فەرمانگەی تەندروستی لەسەرە، تیایدا هاتووە "ئەو بۆنە ناخۆشە کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر نەخۆش و کارمەندانی سەنتەرەکە".

بەڵام نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری ئێستای فەرمانگەی تەندروستی دەڵێت "تائێستا لە بونی ئەو بۆنە پیسە لە نزیک سەنتەری چارەسەرکردنی لووەكان ئاگادارنەکراومەتەوە، ھەفتەی داھاتوو بە نوسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆ و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ چارەسەركردنی ئاگاداردەكەمەوە".

دلێر دەروێش، دوكانێكی لەسەر شەقامی شۆریجە هەیە، وتی "كە خەڵكی دێن بۆ شت كڕین باسی ئەو بۆنە ناخۆشە دەكەن، خەریكە ئیشەكەمان لەدەستبدەین".

كە خەڵكی دێن بۆ شت كڕین باسی ئەو بۆنە ناخۆشە دەكەن، خەریكە ئیشەكەمان لەدەستبدەین

ئەو ناوچەیە دەکەوێتە سنوری کەرتی یەکی شارەوانی کەرکوک، بەڵام شارەوانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە بە فەرمانگەی ئاوەڕۆ دەبەستێتەوە.

زاگرۆس جان وەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی کەرکوک، وتی "دروستبونی ئەو بۆنە بەھۆی بچوکی قەبارەی ئەو ئاوەڕۆ سندوقییەیە کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە دروستکراوە، ئەوکات ئەو ئاوەڕۆیانە بە مەبەستی گلدانەوەی ئاوی باراناو دروستکرابون، بەڵام ئێستا لە لەلایەن ھاوڵاتییانەوە بە شێوەی زیادەڕۆ ئاوی پیسی ماڵانیشی خراوەتەسەر و فشار کەوتۆتە سەر ئاوەڕۆکە ".

"ھەڵگرتنی ئەو زیادەڕۆییانە کارێکی قورسە، چونکە سەدا ٨٠ی ئاوەڕۆکانی کەرکوک زیادەڕۆیی کراوەتە سەر، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش دەبێت تۆڕی ئاوەڕۆی تر دروستبکرێت کە تایبەتە بە پاشەڕۆی ئاوی ھاوڵاتیان و ئێستا لە سەرەتای قۆناغی جێبەجێکردنیدایە"، زاگرۆس وایوت.

بەڵام كێشەیەك كە روبەڕوی هەنگاوەكانی ئەو پڕۆژەیە بۆتەوە ئەوەیە، قۆناغی داھاتوی دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ، وەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی کەرکوک دەڵێت بودجەیەكی زۆری تێدەچێت، وتی "لە توانای ئیارەی پارێزگاكەدا نییە".

پێدەچێت بەمزووانە كێشەی هەوراز و دەیان نەخۆشی تر چارسەربێت، ئەوەش بە گواستنەوەی سەنتەرەكە بۆ بینایەكی نوێ لە ناوچەیەكی تر، كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ كارەكانی  تەواوبێت، بەڵام چارەسەر بۆ خەڵكی گەڕەكی شۆریجە هێشتا ئاسۆی نییە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT