دادگای تاوانەكانی كەركوك، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دوو كەسدا سەپاند، كە تاوانبارن بە دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنێكی خاوهن پێداویستی تایبهت له ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) لە پارێزگای كەركوك.
دادگا لە نوسراوێكیدا كە دەقی بڕیارەكەی لەخۆگرتووە و كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا جەختكراوەتەوە لە سزادانی هەریەكە لە تاوانباران، ئیبراهیم رۆكان حەسەن محەمەد و ئیبراهیم محەمەد شاكر سابر، بەزیندانی هەتاهەتایی، ئەوەش بەپێی یاسای سزادانی عیراقی.
دانیشتنی دادگاییكردنەكە، دووشەممە 9ی تشرینی دووەم بەڕێوەچووە، بە سەرۆكایەتی دادوەر مەتین ئەكرەم تەها و ئەندامێتی هەریەكە لە دادوەران ئەیوب سدیق ساڵح و سەباح مەجید ئیبراهیم.
هێزە ئەمنییەکانی ناحیەی پردێ (ئاڵتون کۆپری) لە 7ی نیسان دوو کەسیان دەستگیرکرد، کە بەپێی دانپێدانانەکان دەستدرێژی سێکسییان کردبووە سەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و لەوکاتەشدا گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکردووە و بڵاویانكردەوە.
عهبدولموتهلیب نهجمهدین، بهڕێوهبهرى ناحیهى پردێ، كاتی دەستگیركردنی ئەو دوو كەسە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ڤیدیۆی دەستدرێژییەكەمان دەستكەوتووە، كارێكی قیزەوەن بەرامبەر ئەو ژنە خاوەن پێداویستی تایبەتە كراوە، ئەوەی لای ئێمە هەیە دوو كەس بەوكارە هەستاون و هەردوكمان دەستگیركردون".
جەختیشیكردەوە "یەكێكیان دەستدرێژییەكەی ئەنجامداوە و ئەوەی تر ڤیدیۆی گرتووە و دواتر بڵاوكراوەتەوە".
یەكێكیان دەستدرێژییەكەی ئەنجامداوە و ئەوەی تر ڤیدیۆی گرتووە و دواتر بڵاوكراوەتەوە
دوای هەفتەیەك لە روداوەكە، ئەو ژنە رەوانەی هەولێر كرا و لە شێڵتەرێكی ژنان داڵدەدرا، ئەوەش بۆ ئهوهی مەترسی لەسەر ژیانی دروستنەبێت و لە لایەنی دەرونیشەوە ترسی نەبێت، وەك بهڕێوهبهری ناحیهی پردێ جەختیكردەوە "هۆكاری گواستنهوهی بۆ ههولێر بەهۆی ئەوەوە بوو كە له كهركوك و شارهكانی دیكه شێڵتهری تایبهت به داڵدهدانی ژنان نییه".
ئەو ژنه هاوسهرگیری كردووه و باری دەرونی نا جێگیرە، هاوسهرهكهشی خاوهنی پێداویستی تایبهته و منداڵێكی كوڕیان هەیە.
لەخاڵی دووەمی بڕیارەكەی دادگادا هاتووە "دادگا ماف دەدات بەتاوانلێكراو لەڕێی دادگا مەدەنییەكانەوە داوای قەرەبوو بكاتەوە".
لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی تاوانباران ماوەی دەستبەسەركردنیان لە سزاكەدا بۆ هەژماردەكرێت، لە 7ی نیسانی ئەمساڵ تا 8ی تشرینی دووەم.