سەرۆكایەتی زانكۆی كەركوك، بڕیاریدا لە 6ی كانونی یەكەم دەوامی زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركوك دەستپێبكات، وانە تیۆرییەكان بە شێوەی ئۆنلاین و پراكتیكییەكان لەناو پۆلدا دەبێت، ئەوەش بە رچاوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی.
سەباح ئەحمەد، سەرۆکی زانکۆی کەرکوک لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەم، جەختیكردەوە "6ی كانونی یەكەم دەستپێکی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگەكان دەبێت" و زیاتر وتی "کۆلێژە زانستیی و پزیشکییەکان وانە پراكتیكییەكانیان لەناو پۆلدا دەبێت، هەر پۆلیك 20 خوێندكاری تیادەبێت، وانە تیۆرییەكانیشیان بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنن... ئەوانەش بەپێی خشتەیەك كە دواتر رۆژ و كاتەكانیان بۆ دیاریدەكرێت".
لەبارەی كۆلێژەكانی ئاداب، یاسا، پەروەردە و بەشە مرۆییەكانی تر، سەباح ئەحمەد، وتی "ئەوانە هەمویان خوێندنیان بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت... ئێمە هێشتا ماوەی مانگێکمان ماوە بۆ دەوام، تا ئەوکات رەنگە شانەی قەیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق رێنمایی و بڕیاری تر دەربكەن لەبارەی كۆرۆنا و ئەوكات رەنگە بڕیاری نوێ بدەین".
كۆلێژەكانی ئاداب، یاسا، پەروەردە و بەشە مرۆییەكانی تر، بەشێوەی ئۆنلاین دەخوێنن
سەبارەت بە وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، سەباح ئەحمەد وتی "ئەمساڵ لە عیراق رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو لە خوێندکاران دەرچون، لە کەرکوکیش زیاتر لە 10 هەزار فێرخواز هەن و نمرەكانیان بەرزە، ئێمە دیراسەی بابەتەكەمان كردووە و بەهۆی کۆڕۆناشەوە بۆماندەرکەوتووە ناتوانین هەموو ئەو دەرچووانە لە خوێندنی بەیانیاندا وەربگرین".
بڕیارە زانكۆی كەركوك بۆ ئەمساڵ، نزیكەی هەشت هەزار خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان وەربگرێت، ئەوانی تر ناچارن داوای وەرگرتنیان لە خوێندنی ئێواران پێشكەش بكەن.
عومەر ئینجە، راگری کۆلێژی ئاداب لەبارەی خوێندین ئەمساڵەوە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەموو پێداویستییەکانمان بۆ خوێندنی ئەمساڵ لەڕوی تەکنیکی، تەندروستیی و خشتەی دەوامەوە ئامادەیە... ئێمەش هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە پشوی رۆژی شەممە هەڵدەگرین، ئەگەر زانیمان لەوانەکان دوادەکەوین و پێویستمان بەکاتی زیاترە، ئەوا بڕیاری نوێ دەردەكەین".