به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه‌
هاتوچۆی هاوڵاتیانی شێخ بزێنی كه‌ركوك سنوردار ده‌كرێت

كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2020، ناوچه‌ی شێخ بزێنی له‌ ناحیه‌ی شوانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

ئیداره‌ی ناحیه‌ی شوانی كه‌ركوك، هاتوچۆی هاوڵاتیانی گونده‌كانی شێخ بزێنی سنوردار ده‌كات، به‌ تایبه‌ت له‌ شه‌واندا، به‌پێویستیشی ده‌زانێت ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ كاركردن رویانكردۆته‌ ناوچه‌كه‌ زانیاری ته‌واو و به‌ڵگه‌نامه‌كانیان به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بدرێت.

گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێكارانه‌ له‌ ناوچه‌كانی شێخ بزێنی، به‌ ئامانجی پاراستن ژیانی هاوڵاتیان و رێگرییه‌ له‌ جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش، دوای روداوه‌ توندوتیژییه‌كانی مانگی رابردوو.

"لەیەكە ئیدارییەكانی ناحیەی شوانەوە ئاگاداركراینه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ی حەوزی ماسی و كێڵگەی پەلەوەر و مه‌ڕوماڵاتیان هه‌یه‌، له‌ كاتژمێر 8ی شه‌وه‌وه‌ هاتوچۆ كه‌مبكه‌نه‌وه‌" هادی حەمەرەشید وای وت.

هادی نیشته‌جێی گوندی خدرشیرینی ناحیەی شوانه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و روداوه‌ی له‌ شه‌وگێڕ رویداوه‌، هەموو گوندنیشانی ئەو ناوچەیه‌ی تاساندووە و ترساون، به‌وپێیه‌ی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌و گوندانه‌دا كارده‌كه‌ن، وه‌ك شوانكاره‌ و پاسه‌وانی حه‌وزی ماسی.

"هۆكاری ئەو بارودۆخه‌ هێزە ئەمنییەكان و یەكە ئیدارییەكانن" ئه‌وه‌ش به‌بڕوای هادی حه‌مه‌ره‌شید، كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت چه‌ندین خێزان رویانكردۆته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ كاركردن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان پێبێت، له‌وانه‌ ناسنامه و ره‌گه‌زنامه‌، "زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ به‌ نایاسایی ده‌هێنرێن و به‌ بازگه‌كاندا تێناپه‌ڕن".

shawgeer
كەركوك/18ی تشرینی یەكەمی 2020/ ئەو ئۆتۆمبێلەی سێ گەنجی گوندی شەوگێڕی تێدا كوژران و دواتر سوتێنران فۆتۆ: سۆران محەمەد

مه‌ترسی خه‌ڵكی شێخ بزێنی، دوای ئه‌وه‌هات سێ گه‌نج به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌ كوژران و داعش به‌رپرسیارێتی له‌ ئه‌ستۆگرت.

ئەو کارەساتە تراژیدییە، ئێوارەی 17ی تشرینی یەكەمی 2020 لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی شوان - باكوری خۆرئاوای كەركوك - رویدا، كاتێك دوو برا ئارام مستەفا محەمەد، هەرێز مستەفا محەمەد و ئامۆزایەكیان بەناوی پێشەوا عەبدولڕەحمان، لە گوندی شەوگێڕەوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب دەبڵ دەچنە گوندی توڵکی و لەوێ دەستڕێژی گولـلەیان لێدەكرێت و دەستبەجێ دەكوژرێن، دواتر هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا تەرمەكانیان دەسوتێنرێن.

بەهجەت واحيد، بەڕێوبەری ناحیەی شوان به‌ (كەركوك ناو)ی وت "هه‌موو گوندنشینانی ناوچەكە ئاگاداركراونەتەوە له‌ كاتژمێر 8ی شه‌وه‌وه‌ جموجۆڵەكانیان كەمبكەنەوە و نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ گونده‌كاندا كارده‌كه‌ن و ماتۆڕسكیلیان پێیە، چونكە كێشه‌ن بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ماتۆڕسكیل هه‌یه‌ شه‌وانه‌ سنوری شه‌ش گوند ده‌بڕێت و كه‌س نازانێت خه‌ریكی چییه‌".

گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێكارانه‌  له‌ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌ی ئیداره‌ی شواندا بوو له‌گه‌ڵ موختاری گونده‌كانی شێخ بزێنی.

"بۆ ئه‌وه‌یه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ كه‌سانی نه‌ناسراو بپارێزین، داوامانكردووه‌ هه‌ر گوندێك بۆ كاركردن پێویستی به‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌یه‌، پێویسته‌ به‌ڵگه‌ی كه‌سێتی و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ بداته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وانه‌ی كاری شوانی یان پاسه‌وانی حه‌وزی ماسی و كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌رن".

به‌وته‌ی به‌هجه‌ت واحيد، گومانده‌كرێت كه‌سانێك به‌ پاساوی كاركردن دزه‌بكه‌نه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت.

peshmarga-6
كه‌ركوك، 2020، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئه‌و شوێنه‌ی سێ گه‌نجه‌كه‌ی تێدا كوژرا؛ ناوچەیه‌كی بەگشتی سەختە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و دەكەوێتە سنوری گوندی توڵكی – هاوسنور لەگەڵ گوندی شەوگێڕ، كه‌ سه‌ر بە ناحیەی شوانە لە باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی قەرەناوە لە شارۆچكەی تەقتەق و دەكەوێتە سەر زێی بچوك.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، مانگی رابردو بڕیاریاندا له‌ گونده‌كانی ناوچه‌ی شێخ بزێنی كه‌ركوك هێز جێگیربكه‌،ن به‌ ئامانجی پاراستنی خه‌ڵك له‌ مه‌ترسی هێرشی داعش.

لیوا نه‌ریمان ساڵەیی، فەرماندەی لیوای هێزەکانی ۱۲٦ی پێشمەرگە پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەپێی زانیارەکانی ئێمە نزیکه‌ی شەش چەکدار لە ناوچەکەدا هەن، کە خۆیان بەخەڵک نیشان دەدەن بۆ ئەوەی هەبونی خۆیان بسەلمێنن، بە ڕۆژ خۆیان حەشار دەدەن بەشەویش دەردەکەون".

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، ئۆپه‌راسیۆنێكی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی ئه‌نجامدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT