رەمزی؛ كرێكاری په‌تاته‌ و یه‌كه‌می کۆلیژ

ره‌مزی خه‌ڵه‌ف (24 ساڵ) له‌ كێڵگه‌یه‌كی په‌تاته‌ فۆتۆ: ئه‌كاونتی ره‌مزی له‌ ‌فه‌یسبوك

کاروان باعەدری

''ئه‌و شته‌ی زۆر ئازارم ده‌دات، دایكم ناچاربوو ئه‌نگوستیله‌كه‌ی خۆی فرۆشت تا خوێندنی زانكۆ ته‌واو بكه‌م" ره‌مزی خه‌ڵه‌ف وای وت.

ژیانی ره‌مزی (24 ساڵ) پڕ بوو له‌ نه‌هامه‌تی، له‌ گوندێكی دوره‌ده‌ستی شنگال، داعش ناچار به‌ ئاواره‌یی كردن و وازیان له‌ مه‌ڕوماڵات هێنا.

"بارودۆخێكی زۆر خراپ بوو، ره‌وشی كه‌مپ و هاتوچۆ و نه‌بونی توانای دارایی گرفتی گه‌وره‌بون، بارودۆخێكی زۆر قورس بون بۆ خۆم خانه‌واده‌كه‌م، له‌كاتێكدا بۆ خوێندنی زانكۆ ناوم گه‌ڕایه‌وه‌".

ره‌مزی خه‌ڵه‌ف له‌ سه‌روبه‌ندی ئاواره‌ییدا، له‌ كۆلێژی یاسای زانكۆی موسڵ وه‌رگیرا، دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌مدا بوو، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی زه‌حمه‌تییه‌كان و ته‌واوكردنی زانكۆ یان راده‌ستی نه‌هامه‌تییه‌كان بێت.

ئه‌و رێگای یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد، هه‌رچی به‌سه‌رداهات وازی له‌ زانكۆ نه‌هێنا، كاری كرد و به‌ هاوكاری خێزانه‌كه‌ی توانی ببێته‌ یه‌كه‌می كۆلێژ.

خانه‌واده‌كه‌م ئاواره‌بون، كار و كاسبی نه‌بوو، زۆر بارودۆخێكی ناخۆش بوو

سه‌رباری ئه‌وه‌ی ساڵێكی خوێندنی فه‌وتا، به‌ڵام ره‌مزی كۆلێژی یاسای زانكۆی موسڵی ته‌واوكرد و یه‌كه‌می به‌شه‌كه‌یشی بوو.

"خانه‌واده‌كه‌م ئاواره‌بون، كار و كاسبی نه‌بوو، زۆر بارودۆخێكی ناخۆش بوو، هه‌ر به‌هۆی نه‌بونی توانای داراییه‌وه‌ ساڵێكی خوێندنم فه‌وتا".

ramzi
ره‌مزی خه‌ڵه‌ف به‌ درێژایی چوار ساڵی زانكۆ له‌ ئاواره‌ییدا كرێكاری كردووه‌ فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

خێزانه‌كه‌ی ره‌مزی خه‌ڵكی گوندی كه‌نعۆی خانه‌سۆری باكوری شنگالن له‌ نه‌ینه‌وا و چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ كه‌مپی شێخان ده‌ژین.

له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵییه‌وه‌ ئاواتی بووه‌ ببێت به‌ پارێزه‌ر، تا به‌رگری له‌ مافی گه‌له‌كه‌ی بكات، "ده‌مبیست كه‌ خوێندن روناكییه‌ و نه‌زانین تاریكییه‌، هه‌ر به‌و دروشمه‌ش توانیم زانكۆ ته‌واو بكه‌م و ببم به‌ پارێزه‌ر".

ره‌مزی ئه‌مساڵ كۆلێژی یاسای ته‌واو كرد.

"له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی زانكۆدا، زۆر بۆ ئیش گه‌ڕام، توانیم له‌ كۆگایه‌كی په‌تاته‌ كرێكاری بكه‌م، به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ كرێكاریم كرد و له‌ هه‌ر چوار ساڵی زانكۆش یه‌كه‌م بووم".

خێزانه‌كه‌ی قوربانی ده‌ستی داعش بون و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد توێژینه‌وه‌ی كۆتا ساڵی خوێندنی له‌سه‌ر "كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان" بێت.

ده‌مه‌وێت ببمه‌ فریادڕه‌سی مه‌زڵومه‌كان

ره‌مزی ده‌ڵێت ئێزیدییه‌كان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستییان به‌ پارێزه‌ره‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وان و هاوڵاتیانی دیكه‌ی شنگالدا هات، ده‌بێته‌ پێشه‌نگی كاره‌كانی ئه‌و و "ده‌مه‌وێت ببمه‌ فریادڕه‌سی مه‌زڵومه‌كان".

له‌ خوێندنی زانكۆدا، روبه‌ڕوی به‌ربه‌ستی زۆر بۆته‌وه‌؛ "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئاینێكی دیكه‌ بوم، زۆرجار هه‌ڕه‌شه‌م بۆ ده‌هات، رێگریی هه‌بوو ببمه‌ یه‌كه‌م، به‌ڵام كۆڵم نه‌دا و له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی لایه‌نی ئه‌منیم ئاگادارده‌كرده‌وه‌".

ره‌مزی؛ بڕوانامه‌كه‌ی به‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی ژیانی ده‌زانێت، كه‌ به‌رهه‌می روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان بووه‌ و ده‌ڵێت؛ هیچ شتێك له‌ ژیاندا مه‌حاڵ نییه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT