نەجیبە بە بێدەنگی مرد
لەگەڵ پیاوان جوتیار و بۆ ژنان داكۆكیكار بوو

نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د (58 ساڵ)، هەم جوتیار بوو، هەم داكۆكیكاری ژنان له‌ حه‌ویجه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

نەجیبە محەمەد، ئەو ژنەی لە دوای شەڕی داعش بووە داكۆكیكار لە مافەكانی ژنانی حەویجە و دەنگی ئەوانی دەگەیاند، بە بێدەنگی مرد و لەبەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرناش رێكخراوەكانی ژنان نەیانتوانی مەراسیمێكی شایستەی بۆ رێكبخەن.

ئەو ژنە هاوشانی پیاوان رۆژانه‌ سه‌رقاڵی کاری جوتیاریی بوو، به‌رله‌وه‌ی ببێته‌ قه‌ڵغانی به‌رگری له‌ خه‌ڵکی گونده‌که‌ی به‌رانبه‌ر داعش، دوای ئاوارەیی و گەڕانەوەی بۆ حەویجەش بووە داکۆکیکارێکی سه‌رسه‌خت له‌ ژنان و کچانی حه‌ویجه‌ و دەنگی ئەوانی دەگەیاند، بەڵام خۆی بە بێدەنگی مرد.

سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەجیبە مانگی ئەیلولی رابردوو، بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنەوە بە بێدەنگی مرد، بەداخەوە نەمانتوانی مەراسیمێكی تایبەتی بۆ بكەین".

"نەجیبە ئافرەتێکى ماندوو بوو، بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانى خۆشکەکانی و دایک و باوک و دوو منداڵەكەی خۆی رۆژانی سەختی بەڕێدەكرد، لە پاڵئەوەشدا داكۆكی لە مافی ژنان و كچانی حەویجە دەكرد".

ماوەیەک نەجیبە وەکو لێپرسراوی حەویجەی کۆمەڵەى هیوای عیراقى كاریدەكرد، دواتر هەر بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی بەردەوامبێت.

hawija-3

كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2018، ژنانی قه‌زای حه‌ویجه‌ له‌ مه‌راسیمێكی رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د، له‌ نێو خه‌ڵکی گوندی ته‌ل عه‌لییه‌ له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ به‌ دایکی موهه‌ند ناسرابوو، ته‌مه‌نی‌ 58 ساڵ بوو، به‌ ته‌نیا بژێویی خێزانێکی گه‌وره‌ی دابیندەكرد.

ساڵی 2019 لە چیرۆكی سەركەوتنی (كەركوك ناو)دا، نەجیبە وتی "هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌ریکی کاری جوتیاری بوم، یارمه‌تی باوکم ده‌دا، بۆیه‌ نه‌متوانی خوێندن ته‌واو بکه‌م و ته‌نیا قۆناغی سه‌ره‌تاییم بڕی".

له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردودا، نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ خه‌ڵه‌ف مه‌حمود-دا ژیانی هاوسه‌رێتی پێکهێناوە و بوو به‌ دایکی دوو کوڕ؛ موهه‌نه‌د و ئه‌وس؛ به‌رله‌وه‌ی له‌ 1986دا و له ‌شه‌ڕی هه‌شتساڵه‌ی عیراق – ئێراندا، هاوسه‌ره‌که‌ی بکوژرێت.

“ئه‌وکات ئەرکی سەرشانم قورستر بوو، بۆ په‌یداکردنی بژێوی خۆم و دوو منداڵه‌که‌م باوكم هاوکاری دمكردين... دوای چه‌ندین ساڵ ئۆتۆمبێلێکم کڕی تا کاره‌کانی پێ راییبکه‌م"، نەجیبە ئەوكات وایوت.

بۆ په‌یداکردنی بژێوی خۆم و دوو منداڵه‌که‌م، باوكم هاوكاری دەكردین، دوای چه‌ندین ساڵ ئۆتۆمبێلێکم کڕی تا کاره‌کانی پێ راییبکه‌م

ئەو گه‌وره‌ی ماڵی باوکی بووە، چوار خوشک له‌خۆی بچوکتری هه‌یه‌، بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، له‌گه‌ڵ دایک و باوکی، دوو خوشک و منداڵه‌کانی پێکه‌وه‌ده‌ژیان، هه‌ر کاره‌که‌ی ئه‌ویش سه‌رچاوه‌ی بژێوییان بوو.

كاتێك داعش حەویجەی كۆنترۆڵكرد، نەجیبە دژایەتی ئەو رێكخراوەی دەكرد و دەیویست رێگری بكات لەوەی مافەكانی ژنان پێشێلبكەن، بەو هۆیەوە چه‌کدارانی ئه‌و رێکخراوه‌ هەلیانكوتایە سەریی و به‌ زۆر ئۆتۆمبێله‌که‌یان برد، ئەوەش نەجیبەی ناچاركرد گوندەكەی چۆڵبكات و ئاوارەبێت.

haweja-3-1
حەویجە/ سەرەتای 2018/ چەند مانگێك دوای كۆنترۆڵكردنی قەزاكە لە دەستی داعش فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سرود وتی "زۆر چالاك بوو، بەردەوام سەرقاڵى کارى تایبەت بوو بە ئافرەتان و بەشدارى چەندین بەرنامەى رادیۆیی دەکرد بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان لە مافەكانیان و داوای لێدەكردن پشت بە خۆیان ببەستن".

کۆتایی داعش سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ژیانێکی نوێ بوو بۆ نه‌جیبه‌، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان، ئۆتۆمبێلێکی پیکیابی کڕی و زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانی خێزانه‌که‌ی بوژانده‌وه‌، هەروەها بیری لەوە كردەوە ئاوڕێك لە ژنانی حەویجە بداتەوە كە بەهۆی شەڕی چوارساڵەی داعشەوە لە پەراوێزدا دەژیان و مافەكانیان پێشێلدەكرا.

ئه‌و ئومێدی هەبوو له‌ڕێی هه‌وڵه‌کانیانه‌وه‌، په‌ناگه‌یه‌کی ئارام بۆ ژنان دابینبکات و ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له‌ سنوره‌که‌دا هه‌یه‌ نه‌مێنێت.

كە كۆچی دواییكرد قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان بوو، سرود وتی "ئەوە رێگر بوو لەوەی مەراسیمێكی تایبەتی بۆ بكەین، ئەو جەنگاوەر بوو لە زێدی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی ئافرەتان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT