ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال، داوای ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی یه‌به‌شه و راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌رمی چه‌كدارێكی ئه‌و هێزه ده‌كات، كه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركراون.
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ بریندارێكدا چونه‌ته نه‌خۆشخانه‌یه‌كی موسڵ و دوای گیانله‌ده‌ستدانی برینداره‌كه، هه‌مویان ده‌ستبه‌سه‌ركراون و تائێستاش ته‌رمه‌كه راده‌ستنه‌كراوه‌ته‌وه.
حه‌سۆ ئیبراهیم، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال به ( كه‌ركوك ناو)ی وت "یه‌كێك له ده‌ستگیركراوه‌كان ئازادكراوه كه شۆفێر بووه، به‌ڵام هێشتا چوار ئه‌ندامی یه‌به‌شه زیندانین له موسڵ".
هه‌روه‌ها وتی "ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون، به سیخوڕی تۆمه‌تباركراون، به‌ڵام ئه‌وان دورن له‌و كاره و سیخوڕییان بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كردووه".
چه‌كداره‌كه‌ی یه‌به‌شه، لە بۆردومانێكی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، شەوی 8ی تشرینی دوه‌م، برینداربوو، كاتێك بارەگایەكی ئەو هێز كرایە ئامانج له سنوری ناحیه‌ی سنونێ سەر بە قەزای شنگال و دوای رەوانەكردنی بۆ موسڵ بۆ وەرگرتنی چارەسەر، گیانیلەدەستدا.
"ته‌رمه‌كه راده‌ستی كه‌سوكاری نه‌كراوه‌ته‌وه، دوای به‌دواداچونمان ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به ئێمه‌یان وت ئه‌و كه‌سه‌ی شه‌هید بووه خه‌ڵكی عیراق نییه بۆیه ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی دواكه‌وتووه" به‌وته‌ی حه‌سۆ.
ژمارەیەك لە خەڵكی شنگال، 16ی تشرینی دوه‌م له خۆپیشاندانێكدا دەستیانبەسەر بازگەی تەلەعفەر – شنگالدا گرت و هێزەكانی سوپای عیراق و پۆلیسی فیدراڵی لە بازگەكە كشانەوە، دوای ئەوەی هێزە عیراقییەكان ئامادەنەبون تەرمی چەكداره‌كه راده‌ستبكه‌نه‌وه و ده‌ستگیركراوه‌كان ئازادبكه‌ن.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال ده‌ڵێت بڕیاره به زوترین كات ته‌رمی چه‌كداره‌كه راده‌ستبكرێته‌وه به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئازادكردنی ده‌ستگیركراوه‌كان "وه‌ڵامێكی دڵخۆشكه‌رمان ده‌ستنه‌كه‌وتووه".
حه‌سۆ ئیبراهیم هۆشداری دا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نه‌درێته‌وه، ئه‌وا هه‌ڵویستی توندیان ده‌بێت.
دوای به‌ڵێنی راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه و ئازادكردنی ئه‌ندامانی دیكه‌ی یه‌به‌شه، خۆپیشانده‌ران له بازگه‌ی سوپای عیراقی پاشه‌كشێیان كرد و دواتر مۆڵه‌تی 24 كاتژمێریان به حكومه‌ت دا، تا به‌ڵێنه‌كه‌ی جێبه‌جێبكات.
حه‌سۆ ئیبراهیم وتی جگه له ئه‌ندامه‌كانی یه‌به‌شه، "هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق هه‌شت هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئێزیدی خه‌ڵكی شنگالیان ده‌ستگیركردووه، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌كاتی شه‌ڕدا چه‌كدارانی داعشیان كوشتووه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه چونكه خه‌ڵك به‌رگرییان له خۆیان كردووه".
یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، له چه‌كدارانی ئێزیدی پێكهاتون و به هێزێكی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) هه‌ژمارده‌كرێن، له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه له‌ژێر ده‌ستی داعش، هاوشانی پێشمه‌رگه و هێزه عیراقییه‌كان به‌شداربون و له‌وكاته‌وه له چه‌ندین شوێنی ناوچه‌كه‌دا جێگیربون.