"کەرکوک گەورەترین خاڵی وەرچەرخانە بەرەو توندوتیژی زیاتر..."، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێش یانزە ساڵ وایوت، ئەوەش دوای سەردانێكی بۆ پارێزگای كەركوك و كۆبونەوە لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكان. لە كۆبونەوەكەدا لەسەر یەكنەگرتویی پێكهاتەكانی پارێزگاكە جۆ بایدن وتی "ئێمە عیراق جێدەهێڵین، ئەوکات ئەگەر دیکتاتۆرێک لە سەدام خراپتریش بێت هەقمان نییە، مادام پڕۆژەیەکتان نییە بۆ پێکەوەژیان".
بایدن كە هەم بۆ گوێگرتن هەم بۆ ئامۆژگاری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان سەردانی كەركوكی كردبوو، بە نیگەرانییەوە پارێزگاكەی بەجێهێشتووە، كاتێك هەستیكردووە بۆچونی پێكهاتەكان بۆ ئایندەی پارێزگاكە لەیەكترەوە دورە. ئەو لە كۆبونەوەكەدا داوای لێكردون لەسەر "یەك بەرنامە رێكبكەون و پێكەوە شكۆمەندی بۆ خەڵكی كەركوك بگەڕێننەوە"، تا ئەویش بتوانێت لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو مەبەستە قسە بكات.
کۆبونەوەکە لە 13ی كانونی دووەمی 2009 لە فڕۆکەخانەی کەرکوک بەڕێوەچوو، کە ئەوکات بایدن سیناتۆر بوو، هاوکات پاڵێوراویش بوو بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما)، سەردانەکە هاوكات بوو لەگەڵ مقۆمقۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق کە 31ی هەمان مانگ بۆ بەڕێوەچونی دیاریكرابوو بە پارێزگای کەرکوکیشەوە، بەڵام ئەوكات زۆرترین ململانێی هەولێر و بەغدا لەسەر چۆنیەتی بەشداربونی كەركوك بوو لەو هەڵبژاردنە.
سەردانەكە هاوكاتیش بوو لەگەڵ ناكۆكی توندی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێمی كوردستان، كە كەركوك خاڵێكی ناكۆكییەكەیان بوو.
دیارنییە کە ئایا ئەمە یەکەم سەردانی بایدن بووە بۆ کەرکوک یان نا، بەڵام ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک، کە لەو کۆبونەوەیەدا بەشداربووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "جۆبایدن یەکێک بوو لەو سەرکردە ئەمریکییانەی دواتر زۆرترین سەردانی عیراق و کەرکوکی کردووە، خوێندنەوەیەکی وردی لەسەر رەوشی ناوچەکە هەبوو و پەیوەندی تایبەتیشی لەگەڵ کەسایەتییەکانی کورد، عەرەب و تورکمانەکاندا هەبوو".
ئەحمەد عەسکەری، کە لە نزیکەوە لەگەڵ جۆ بایدندا گفتوگۆی کردبوو، وتی "بایدن و هاوەڵانی زیاتر وەکو ئامۆژگاریکار رۆڵیان گێڕاوە و باسیان لە گرنگی پێگەی جوگرافی کەرکوک کردووە، ئاماژەشیان بەوەکردووە کە حکومەتی بەعس ساڵانێکی زۆر هەوڵیداوە ئەم نەتەوانە لەیەک بکات".
بایدن كە سەرەتای تشرینی دووەمی 2020 بووە سەرۆكی نوێی ئەمریكا، لە كۆبونەوەكەی 11 ساڵ لەمەوبەر، وتویەتی "ئێمە داواکارین ئێوە بگەڕێنەوە بۆ رابردوتان کە بە ئارامی ژیاون، ئێمە دەمانەوێت ئەم شکۆمەندییە بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکی کەركوك. دەمانەوێت ئێوە لەسەر بەرنامەیەک بۆ کەرکوک رێککەون و ئێمەش لەگەڵ حکومەتی عیراق قسە دەکەین و هاوکارتان دەبین"، ئەحمەد عەسكەری وایوت.
داواکارین ئێوە بگەڕێنەوە بۆ رابردوتان کە بە ئارامی ژیاون، دەمانەوێت ئەم شکۆمەندییە بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکی کەركوك
عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك، راکان سەعید، جێگری پارێزگار، رێبوار تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجومەن لە كۆبونەوەكەدا بەشداربون، لەگەڵ هەریەكە لە ئەحمەد عەسكەری و محەمەد كەمال وەكو نوێنەری كورد، عەبدوڵا سامی عاسی و جواد جەنابی وەكو نوێنەری عەرەب، تەحسین ساری کەهیە و حەسەن تۆران لە بەرەی تورکمانی و سلڤانا بویا وەکو نوێنەری كریستیانەكان.
لەپاڵئەوانەشدا، جەمال تاهیر فەرماندەی ئەوكاتی پۆلیسی كەركوك و ژمارەیەك فەرماندە و لێپرسراوی تری پارێزگاكەش بەشداربون.
بەپێی سەرچاوەکانی (كەركوك ناو)، ئەو بەرنامەیەی نوێنەری پێکهاتەکان لە کەرکوک پێشکەشی جۆ بایدنیان كرد، ناوەڕۆکەکانیان لەیەكەوە دوربون، كورد داوای دەكرد كەركوك بە تەواوی بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، عەرەب بە خاكی عیراقیان دەزانی و داوایان دەكرد هەر وەكو خۆی بمێنێتەوە، هەرچی توركمان بوو ئەوكات پێداگری دەكرد بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ.
"لە کۆبونەوەکەدا هەموو پێکهاتەکان بانگەشەکانی هەڵبژاردنیان بەیەکتر دەفرۆشتەوە"، ئەحمەد عەسکەری، كە ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە بۆ (کەرکوک ناو) وایوت.
محەمەد کەمال، ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێش هاتنی بایدن، دەمانزانی دێت بۆ گفتوگۆ و چارەسەر، بۆیە ئێمە وەکو لیستی برایەتی – زۆرینە كورد بون- پێشوەختە کۆبونەوەی خۆمان گرێداو نوسراوێکی رەسمیمان ئامادەکرد و پێشکەشمان کرد... کاتێک بایدن داوایکرد هەموو پێکهاتەکان پیکەوە پڕۆژەمان هەبێت. ئێمە ئامادەییمان دەربڕی، بەڵام دواتر نەكرا".
وتیشی "بایدن لە یەکنەگرتویی پێکهاتەکانی کەرکوک نیگەران بووە"، محەمەد كەمال زیاتر وتی "بایدن وتی ئێمە عیراق جێدەهێڵین، ئەوکات ئەگەر دیکتاتۆرێک لە سەدام خراپتریش بێت هەقمان نییە، مادام ئێوە پڕۆژەیەکتان نییە بۆ پێکەوەژیان".
لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت - ئەوكات جێگری پارێزگار بوو-، بە جۆ بایدنی وتووە "تۆ هەر ئەو کەسە نیت کە پڕۆژەیەکت هەیە بەناوی پڕۆژەی بایدنەوە؟". لەوەڵامدا بایدن وتویەتی "ئەوە میدیا وام پێدەڵێن، بەڵام ئەو پڕۆژەیە من خاوەنی نەماوم و بووە بە پڕۆژەیەکی ئەمریکیی و بەناوی منەوە لە ئەنجومەنی سیناتۆرەکانی ئەمریکا لەسەر رەفەکان ماوە و 75 دەنگی لە کۆی 100 دەنگ بەدەستهێناوە... ئەو پڕۆژەیە چارەسەرێکی باشبوو بۆ عیراق". محەمەد كەمال ئەو گفتوگۆیەی نێوان راكان سەعید و جۆ بایدنی بۆ (كەركوك ناو) گێڕایەوە.
راكان سەعید، بە جۆ بایدنی وت تۆ هەر ئەو کەسە نیت کە پڕۆژەیەکت هەیە بەناوی پڕۆژەی بایدنەوە
پڕۆژەكە خۆی لە دابەشكردنی عیراق بۆ سێ ناوچەی كوردی، شیعە و سوننە دەبینییەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیوۆرک تایمز)، کە لە 24ی نۆڤەمبەری 2009دا بڵاوکراوەتەوە، مەبەستی سەرەکی سەردانەکەی بایدن بۆ کەرکوک، هەوڵدان بووە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەڵبژاردن و تێگەیشتن لە هۆکاری سەختی ململانێیەکان لەسەر ئەو پارێزگایە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە "سەردانەكە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربون بووە لە رەوشی کەرکوک لە نێوان هەوڵەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عیراق کە دەیویست رێگری بکات".
لە سەروەختی هاتنی بایدن بۆ عیراق لە ساڵی 2009، مەسعود بارزانی لەهەوڵی ئەوەدا بووە ناكۆكییەكان لەسەر هەڵبژاردنەکان بکات بە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم کە کەرکوکیشی دەگرتەوە. بەڵام عەرەب لە کەرکوک بەربەستی دروستدەكرد و ناڕازی بوو، بەتایبەت لە بەكارهێنانی ئاماری دەنگدەران و دانیشتووانی كەركوك بۆ رەتکردنەوەی ئەم هەوڵانە. ئەمەش بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە بەهۆیەوە بایدن سەردانی کەرکوکی کرد.
هەر لە هەمان راپۆرتدا، ئاماژە بەوە کراوە کە سەردانی بایدن بۆ کەرکوک لە کاتێکدابووە کە گرژییەکانی نێوان عەرەب و کورد بە رێژەیەکی گەورە زیادیکردبوو. "هیچ نیشانەیەک لە بەرەوپێشچونی رەوشی کەرکوک نەبوو کە کوردەکان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی خۆیان دەیانبینی و هاوکات ژمارەیەکی زۆری عەرەب و تورکمانیش بانگەشەی خاوەنداریان دەکرد".
ڤیدیۆ: كۆبونەوەی جۆ بایدن و پێكهاتەكانی كەركوك
نیوۆرک تایمز دەنوسێت "8.5 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی کەرکوکیش وایکردووە کە ئەم شارە ببێتە خەڵاتێک کە هیچ کەسێک نەیەوێت پاشگەزبێتەوە و سازشی لەسەر بكات".
هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەهەمان راپۆرتدا ئاماژەی پێکراوە، بەرپرسە عیراقییەکان خوازیاربون بایدن وەكو ناوبژیوان یان لایەنی سێیەم بێتەناوەوە بۆ چارەسەری کێشەکانیان، کە كەركوك خاڵی سەركی كێشەكان بوو.
نوری مالیکی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق، داواکاربوو کە بایدن فشاربخاتە سەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوكاتی هەرێمی کوردستان بۆ دواخستنی پلانی ریفراندۆم لە دەستوری هەرێمی كوردستاندا.
لە 20ی هەمان مانگدا، پاش هەفتەیەک لە سەردانەکەی بۆ عیراق و کۆبونەوەکەی لە کەرکوک، جۆ بایدن بە فەرمی وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستبەكاربوو.
لە میدیا ئەمریکییەکان و لەناویاندا "سی ئێن ئێن"، ئاماژە بەوە کراوە کە بایدن پاش گەڕانەوەی بۆ واشنتن ترسی گەورەی هەبووە و نەیشاردۆتەوە لە زیادبونی گرژیی و ململانێیەکان لە کەرکوک، ئەوەش بەهۆی رکابەرییەکانی هەرێم و بەغدا.
بایدن پاش گەڕانەوەی بۆ واشنتن ترسی گەورەی هەبووە و نەیشاردۆتەوە لە زیادبونی گرژیی و ململانێیەکان لە کەرکوک
هەر بۆیە دوای سەردانەكە، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کریستۆڤەر هیل، باڵیۆزی ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە عیراق و جەنەڕاڵ ئۆدرینۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە. هەروەها لە پەیوەندی بەردەوامدابووە لەگەڵ مالکی و بارزانی و کەسایەتییە فەرمانڕەواکانی تر.
"بایدن فشاری خستەسەر مالکی بۆ ئەوەی بەپێی پلانەکان بڕوات و سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها فشاریشی خستە سەر بارزانی کە ریفراندۆم دوابخات و داوای لە هەریەکێکیان كرد بوەستن لە باسکردنی یەکتر وەکو دوژمنی ئاشتی"، بەپێی نیوۆرک تایمز.
قوباد تاڵەبانی کە ئەوکات نوێنەری حکومەتی هەرێم بووە لە ئەمریکا، بە رۆژنامەی نیوۆرک تایمز دەڵێت کە ئەوکات بایدن بە بارزانی وتووە "بێ هودەیە" ئەگەر لەم کاتەدا کورد سەربەخۆیی رابگەیەنێت. بەو هۆیەی کە توڕەیی عەرەب لە کوردەکان لە کەرکوک، دەبێتەهۆی دروستبونی توندوتیژیی و ململانێ.
پاش چەند مانگێک لە سەردانەکەی بۆ كەركوك و لە 2ی حوزەیرانی 2009، بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەی بی سی، لە وەڵامی پرسیارێکی جۆرج ئۆپۆلۆسی رۆژنامەنوس دەڵێت "نەتەوە یەکگرتوەکان دەستیانکردووە بە پڕۆژەیەک بۆ مامەڵەکردن لەسەر ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق، کەرکوک دەکرێت گەورەترین خاڵی وەرچەرخان بێت بەرەو توندوتیژی زیاتر... سەرکردەکانی عیراق خۆیان داوایان لێکردم کە قسە لەگەڵ سەرکردایەتی کوردی بکەم و پێیان بڵێم کە پەسەندكردنی دەستوورەکەیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە زۆر هاوکاریان نابێت، هەروەها داوایانكرد رێگری بکەم لە زیادبونی ململانێیەكان".
کەرکوک دەکرێت گەورەترین خاڵی وەرچەرخان بێت بەرەو توندوتیژی زیاتر...
بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، بایدن ئەوكات سەرکەوتووانە توانی بەغدا و هەرێم بگەیەنێتە رێککەوتن و لە 31ی كانونی دووەمی 2009 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەبچێت، بەڵام كەركوك لەو هەڵبژاردنە دەركرا.
دوابەدوای ئەم سەردانەی ساڵی 2009، جۆ بایدن چەند جارێکی تر سەردانی عیراقی کردەوە، بەڵام بەپێی وتەی ئەحمەد عەسکەری، هیچ پەیامێکی تایبەتی بایدنیان لە دوای سەردانی ساڵی 2009وە لەبارەی كەركوكەوە پێنەگەیشتووە.
جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان سەرەتای ئەم مانگە توانی بەسەر دۆناڵد ترەمپ-ی ركابەریدا سەربكەوێت و ببێتە 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا.
ئەحمەد عەسكەری وتی "ئومێدمان بەوە هەیە کە دەستبەکاربونی بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا، هاوکاربێت لە پێشخستنی رەوشی کەرکوک و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم".
"ئەوکات کە سەردانی کەرکوکی کرد تەنیا سیناتۆرێک بوو، پاشانیش بوو بە جێگری سەرۆک، رەنگە هێندە بڕیارەکانی نەڕۆیشتبێت، بەڵام ئێستا سەرۆکە، هەمومانیش دەزانین سەرۆک چ دەسەڵاتێکی هەیە. لەوانەیە بتوانێت هەندێك کێشە چارەسەر بکات"، عەسكەری وایوت.