پەرلەمانتارانی یەكێتیی و بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك
بەڵێنەكەیان بۆ مامۆستا كەلەپچەكراوەكە نەبردەسەر

مونا ئیسماعیل هاوسه‌ری محه‌مه‌د كه‌ریم جه‌باری دوای توشبونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیله‌ده‌ستدا

گۆران بابان – كەركوك

بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك، بەڵێنەكەی بۆ مامۆستا محەمەد نەبردەسەر، كە بڕیاربوو تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا وەفاتننامە بۆ هاوژینەكەی دەربكات، هەوڵی پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش هیچی لێ سەوز نەبوو.

نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك لە كۆتایی تشرینی یەكەم، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە بەڵێنیدا تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا وەفاتننامە بۆ هاوژینی مامۆستا محەمەد دەربكات، لەكاتێكدا چوار مانگ به‌سه‌ر كۆچی دوایی هاوژینەكەیدا تێپەڕبووە.

مامۆستا محەمەد، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "سێ هەفتە لەمەوبەر بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك پێی راگەیاندم كە لە ماوەی یەك هەفتەدا وەفاتتنامەكەم بۆ دەربكات، بەڵام ئێستا پێمدەڵێت وەزیری تەندروستی کێشە و لاری نییە لە پێدانی وەفاتننامە، بەڵام تەنیا بەشی پلاندانان و چاودێری لە وەزارەتی تەندروستی عیراقی هەندێك رێكاری تر دەگرنەبەر بۆیە دواكەوتووە".

"وەفاتننامە مافێكی یاساییە، بەڵام ئەوان چوار مانگە دەستی دەستیم پێدەكەن"، مامۆستا محەمەد وایوت.

وەفاتننامە مافێكی یاساییە، بەڵام ئەوان چوار مانگە دەستی دەستیم پێدەكەن

نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوک، لە كۆتایی مانگی رابردوو تەنیا هەفتەیەكی دیاریكرد تا وەفاتننامە بۆ هاوژینی ئەو مامۆستایە دەربكات، بەڵام لە نوێترین لێدوانیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "بەداخەوە وەزیری تەندروستی عیراقی ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەک وەفاتننامە بەو مامۆستایە و 16 کەسی دیکە دەربکات، بیانوەکەشی تەنیا ئەوەیە، کە ئەو مامۆستایە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانی فەرمانگەکەمان هاوژینەکەی بەخاكسپاردووە".

mhamad-k
محەمەد كەریم فەقێ جەباری (43 ساڵ)، فۆتۆ: سۆران محەمەد

وتیشی "بیانویەکی تری وەزیر ئەوەیە کە لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر وادەی دەرکردنی ئەو وەفاتننامەیەدا تێپەڕیوە، بۆیە ئەوان ئامادەنین وەفاتننامەی پێبدەن، بەڵکو ئەوان حجە وەفاتی پێدەدەن، تا بتوانێت مامەڵە یاساییەکانی لە فەرمانگەکان رایی بكات".

حجە وەفات، سەلماندنی مردنی كەسێكە، كە كەسوكارەكەی نەیاتوانیوە لەكاتی خۆیدا وەفاتننامەی بۆ دەربكەن، یان بەهۆكاری جیاواز لە چۆنیەتی مردنەكەیدا وەفاتننامەیان پێنەداوە و دواكەوتووە.

حجە وەفات بەكاردێت بۆ تەواوكردنی هەر مامەڵەیەكی یاسایی لە فەرمانگەكاندا. بەڵام هێشتا مامۆستا محەمەد ئەوە بەڵگەیەنامەیەشی پێنەدراوە.

پێنەدانی وەفاتننامەی هاوژینەكەی، مامۆستا محەمەدی توشی كێشە كردووە، چونكە لێپرسراوانی كۆمپانیای غازی باكور، "هەڕەشەی بڕینی مافە یاسایی و داراییەکانی هاوژینەکەیان كردووە"، بەهۆی ئەوەی لەوێ فەرمانبەر بووە. وەك مامۆستا محەمەد وتی.

مێژوی دۆسیه‌كه‌ی محه‌مه‌د جه‌باری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 12ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، كاتێك له‌سه‌ر دابینكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌ توشبوی كۆرۆنا بوو، له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كەركوك بووه‌ ده‌مه‌قاڵیی و له‌وكاته‌دا ئامێرێكی پزیشكی تایبه‌ت به‌ هه‌ناسه‌دانی شكاندووە. بەوهۆیەوە پۆلیس روبەڕوی وەستانەوە، دەستگیریان كرد و  ئەشكەنجەیاندا، وەك خۆی دەڵێت.

دوای رۆژێك، وه‌ك له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ده‌رده‌كه‌وێت؛ محەمەد كەریم فەقێ جەباری (43 ساڵ)، به‌ قه‌ره‌وێڵه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه (مونا ئیسماعیل 44ساڵ)‌ كه‌له‌پچه‌ كرا. روداوەكە بە گیانلەدەستدانی مونا بە بەرچاوی مامۆستا محەمەدەوە كۆتایی هات.

محەمەد جەباری لەسەر ئەو دۆسییەیە سكاڵای تۆماركرد و لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ئەفسەرێك و سێ پۆلیسی بنكه‌ی قۆرییە دەستگیركران و رەوانەی دادگای سەربازی موسڵ كران، هەرچەندە لە ئێستادا بە كەفالەت و تا رۆژی دادگاییكردن ئازادن.

"چەندین جار كۆمپانیای غازی باكور فشارم لێدەکەن لەوەی پەلەبکەم لە دەرهێنانی وەفاتنامەی هاوژینەكەم، تا رێکارەکانی شایستە داراییەکانی هاوژینەکەم لەوادەی خۆیدا تێنەپەڕێت، من ترسی ئەوەم هەیە، مافە داراییەكانی هاوژینەكەشم ببڕن سەرەڕای ئەو غەدرەی لێمكراوە"، مامۆستا محەمەد وایوت.

من ترسی ئەوەم هەیە، مافە داراییەكانی هاوژینەكەشم ببڕن سەرەڕای ئەو غەدرەی لێمكراوە

پەرلەمانتارانی یەكێتی، چەند جارێك بەڵێنیانداوە ئەو كێشەیە بۆ مامۆستا محەمەد چارەسەربكەن، بەڵام بەڵێنەكانیان هیچی لێ سەوز نەبوو.

(كەركوك ناو)، سێ رۆژە دەیەوێت لەگەڵ، بێستون عادل، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عیراق قسە بكات، كە یەكێكە لەو كەسانەی دۆسییەكەی مامۆستا محەمەدی لە ئەستۆگرتووە، بەڵام ئامادەنەبوو وەڵامی پەیوەندییەكان بداتەوە.

نەبیل حەمدی، لەبارەی "تاوانی مامۆستا محەمەد لەو كەیسەدا چییە؟"، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە پێچەوانەی رێنماییەکانی پزیشکی دادی مامەڵەی کردووە و هاوژینەکەی بەخاكسپاردووە، بەغداش ئەمەی کردۆتە بیانوو بۆ پێنەدانی وەفاتننامە بە ئەو و 16 کەسی تر".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT