هێزێكی تایبەتی لە بەغداوە گەیشتە خانەقین و لە هەردوو بازگەی حەڵوەن و باوە مەحمود جێگیردەبن، ئەوەش بە ئامانجی رێگریكردن لەكاری قاچاغچێتی لە نێوان هەرێم و ناوەند.
ئەو هێزە چەند رۆژێكە گەیشتونەتە خانەقین، بەڵام چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم لەو دوو بازگەیە جێگیربون و دەستبەكاربون، ئەو هێزانەشی پێشوتر لەوێ بون كشانەوە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لەو هێزە تایبەتە بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە كە لەبەر هەستیاری كارەكەیان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاتوین بۆ كۆنترۆڵكردنی بازگە سەرەکییەکانی خانەقین کە ھاوسنورە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، چوارشەممە لەهەردوو بازگەی حەڵوەن و باوە مەحمود دەستبەكاربوین بۆ ئەوەی رێگریی بكەین لە پێشێلكارییەكان و هێنانی باری نایاسایی و قاچاغ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاكانی تری عیراق".
هاتوین بۆ كۆنترۆڵكردنی بازگە سەرەکییەکانی خانەقین کە ھاوسنورە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان
سەرەتا ئەو هێزە "بەنیازبون" بچنە بازگەی گومرگی خانەقین كە هێزەكانی پێشمەرگە لێی نیشتەجێن، بەڵام وەك سەرچاوەیەكی پێشمەرگە وتی "رێگریمان لێكردون".
سەرچاوەكەی پێشمەرگە وتی "هەر كە هاتن هێزەكانمان خستە ئامادەباشییەوە، سەرەتا نەمازانی ئامانجیان چییە، بەڵام دواتر دەركەوت بۆ جێگیربونیانە لە بازگەكان، بڕیارە ژمارەیەك بازگەی تر كۆنترۆڵبكەن كە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بە هەرێمی كوردستان دەبەستنەوە".
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لەو دوو بازگەیەی كە ئەو هێزە تایبەتە لێی جێگیربون، رۆژانە بارهەڵگر لە سنوری هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پارێزگاكانی تری عیراق باریان دەگواستەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سنورەكە، جەختیكردەوە "بەشێك لەو بارهەڵگرانە پێداویستی و كەلوپەلی قاچاغ دەگوازنەوە، دوای ئەوەی ئەو بارانە لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكران".
"ھێلكە، مریشک و چەند جۆرێك لە سەوزە و میوە لەو بازگانەوە بەشێوەی قاچاغ بەرەو خوارو و ناوەڕاستی عیراق هەناردە دەكران"، سەرچاوەكە وایوت.
ئەو دوو بازگەیە بەر لە جێگیربونی ئەو هێزە، یەكێكیان سوپای عیراق لێ بوو، لەگەڵ هێزێكی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق، ئەوەی تر حەشدی شەعبی و سوپا بە هاوبەشی بەڕێوەیان دەبرد.