به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، بۆ هه‌ردوو خوێندنی عه‌ره‌بی و كوردی، كار به دوو شێوازی جیاوازی ده‌وام و وانه وتنه‌وه ده‌كه‌ن.
به‌پێی بڕیاری حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بڕیاره 29ی تشرینی دوه‌می 2020، ساڵی نوێی خوێندنی 202-2021 ده‌ستپێبكات، ئه‌وه‌ش به كۆمه‌ڵێك مه‌رج و رێكاری خۆپارێزی له كۆرۆنا.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا شێوازی ساڵی نوێی خوێندنی رونكرده‌وه، كه به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو)، خوێندنی عه‌ره‌بی له كه‌ركوكیش په‌یڕه‌وی ئه‌و به‌رنامه‌یه ده‌كات.
به‌پێی پلانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ر پۆلێكی خوێندن، له هه‌فته‌یه‌كدا ته‌نیا رۆژێك ده‌چنه‌وه ناو خوێندنگه، رۆژانی دیكه به ئۆنلاین وانه‌كانیان ده‌خوێنن.
له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا، رۆژی شه‌ممه بۆ پۆلیی یه‌ك، یه‌كشه‌ممه بۆ پۆلی دوو، دووشه‌ممه بۆ پۆلی سێ، سێشه‌ممه بۆ پۆلی چوار، چوارشه‌ممه بۆ پۆلی پێنج و پێنجشه‌ممه بۆ پۆلی شه‌شه‌كان دانراوه تا له‌ناو خوێندنگه‌دا ده‌وام بكه‌ن.
بۆ قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیش به هه‌مانشێوه، له شه‌ممه‌وه تا پێنجشه‌ممه به‌سه‌ر پۆله‌كانی یه‌ك تا شه‌ش دابه‌شكراوه.
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت، خوێندنگه ئه‌هلییه‌كانیش پێویسته پابه‌ندی هه‌مان پلانی خوێندن بن.
ته‌واوی رۆژه‌كانی دیكه‌ی هه‌فته، خوێندكاران به ئۆنلاین و ئه‌لیكترۆنی راسته‌وخۆ، له ماڵه‌وه به‌رده‌وامی به پرۆسه‌ی خوێندن ده‌ده‌ن.
له كه‌ركوك، جیاواز له خوێندنی عه‌ره‌بی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خوێندنی كوردی سه‌ر به په‌روه‌رده، شێوازێكی دیكه‌ی بۆ خوێندنی ئه‌مساڵ بڵاوكردۆته‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی خوێندنی كوردی، رۆژانی ده‌وام بۆ چوار رۆژ له هه‌فته‌یه‌كدا كه‌مده‌كرێته‌وه، ئه‌ویش له یه‌كشه‌ممه تا چوارشه‌ممه ده‌بێت، ژماره‌ی وانه‌كانیش حه‌وت وانه بۆ رۆژێك و هه‌ر وانه‌یه‌ك ته‌نیا 30 خوله‌ك ده‌بێت له‌ناو پۆلدا.
خشته‌ی ده‌وامی خوێندكارانی خوێندنی كوردی له‌ناو خوێندنگه‌دا، جیاوازه له خوێندنی عه‌ره‌بی؛ به‌وپێیه‌ی رۆژانی یه‌كشه‌ممه و دووشه‌ممه هه‌ردوو پۆلی یه‌ك و دوو پێكه‌وه ده‌وام ده‌كه‌ن، سێشه‌ممان هه‌ردوو پۆلی سێ و چوار، رۆژانی چوارشه‌ممانیش پۆله‌كانی پێنج و شه‌شی سه‌ره‌تایی ده‌چنه‌وه خوێندنگه.
به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ قۆناغه‌كانی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی نه‌كراوه.
ساڵی نوێی خوێندن له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكارانه‌دا، به ئامانجی خۆپارێزییه له مه‌ترسی كۆرۆنا، كه تائێستا توشبوانی ئه‌و ڤایرۆسه له عیراق گه‌یشتۆته 547 هه‌زار و 215 كه‌س، له نێویاندا 12 هه‌زار و 167 كه‌س به‌وهۆیه‌وه مردون.