پزیشكی دادی به‌غدا، روفاتی 104 ئێزیدی راده‌ستی كه‌سوكاریان ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی پشكنینه‌كان.
روفاتی قوربانیانی ئێزیدی؛ دوای ده‌رهێنانیان له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال؛ ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی به‌غدا كراون بۆ ناسینه‌وه.
داود موراد خه‌تاری، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن له جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو )ی وت "پزیشكی دادی به‌غدا دوه‌م قۆناغی ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كانی ئاشكراكرد، كه 42 روفات و له هه‌ردوو ره‌گه‌زن و هه‌مویان خه‌ڵكی گوندی كۆجۆن".
پێشتر و له مانگه‌كانی رابردوشدا، پزیشكی دادوه‌ری ئه‌نجامی ناسینه‌وه‌ی روفاتی 62 ئێزیدی بڵاویكرده‌وه.
"پشكنین بۆ ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان به‌رده‌وامه، به‌ڵام كارێكی ورد و قورسه، بۆیه كاتێكی زۆری ده‌وێت" به‌وته‌ی خه‌تاری.
تائێستا سه‌دان روفاتی هاوڵاتیانی ئێزیدی ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون كه دواترینیان له 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2020دا له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی سێ ناوچه‌ی جیاوازی شنگال ده‌رهێنران.
فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان پێشتر به (که‌رکوک ناو)ی وت "له‌و سێ گۆڕه‌دا 124 روفات ده‌رهێنران، كه زۆرینه له ره‌گه‌زی مێ بون".
ئه‌و وتی ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان كاتی زۆری ده‌وێت، چونكه پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه و وردبینی ته‌واوی تێدا ده‌كرێت.
زۆرێك له روفاته‌كان زیاتر له ساڵێكه بۆ پشكنین ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون و نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه.
لێپرسراوه‌كه‌ی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی ده‌ڵێت "به‌پێی بڕیاری پزیشكی دادوه‌ری و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر، بڕیاره تا 31ی كانونی دوه‌می 2021 روفاتی ئه‌و 104 هاوڵاتییه‌ی ناسراونه‌ته‌وه، راده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێت و له مه‌راسیمێكدا به‌خاكبسپێردرێن".
داود موراد خه‌تاری وتی ئه‌و 104 روفاته له گۆڕستانی گوندی كوجۆ به‌خاكده‌ستپێردرێن، كه ساڵی رابردودا دروستكرا.
هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان له گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال، به بڕیاری حکومه‌تی عیراق له 15ی ئازاری 2019 ده‌ستیپێکرد و تائێستا به دوو قۆناغ، نزیكه‌ی 500 روفات له 20 گۆڕدا دەرهێنراون.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له هێرشه‌كانی ئابی 2014ی داعش بۆ شنگال، دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه کوژراون.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه له شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.