"له‌وانه هه‌موو زیانێك سودێكی تێدابێت.. به‌رده‌وام له گۆشه ئهرێنییهكهوه سه‌یری شته‌كان ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی له ساڵانی ئاواره‌یی 2014 تا 2018 به‌سه‌رماندا هات، به‌ڵام ئه‌و قۆناغه‌ش لایه‌نی باشه‌ی هه‌بووه و ناكرێت پشتگوێبخرێت" نورهان عه‌لی، دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌له‌عفه‌ر واده‌ڵێت.
نورهات (29 ساڵ) به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ساڵانی ئاواره‌یی رۆڵی هه‌بوو له كرانه‌وه به‌ڕوی كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌دا، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاواره‌ی شاره‌كانی عیراق یان ده‌ره‌وه‌ی وڵات بون، گومانی تێدانییه تێكه‌ڵبون به كۆمه‌ڵگه‌ی تر و فێربون له ئه‌زمونی ئه‌وانه‌وه، به‌س بوو تا دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆمان سودی لێوه‌ربگرین".
له نمونه‌ی سودوه‌رگرتن له ئاواره‌یی؛ نورهان توانیویه‌تی فێری زمانی توركی بێت، دوای ئه‌وه‌ی له كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ ته‌له‌عفه‌ر خێزانه‌كه‌ی ماڵیان به‌جێهێشت و دواتر رویانكرده توركیا.
ته‌له‌عفه‌ر له حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و به‌هۆیه‌وه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی - ده‌وروبه‌ری 225 هه‌زار كه‌س بون- به ناچاری ئاواره‌ی پارێزگاكانی تری عیراق و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا بون.
به كلتوری نوێ ئاشنابون
"ئاواره‌یی وایكرد ده‌رباره‌ی یه‌كتری بزانین؛ من زانیاریم له‌سه‌ر گه‌لی ئێزیدی نه‌بوو، به‌ڵام له‌كاتی ئاواره‌بون بۆ شنگال و به‌رله‌وه‌ی روبكه‌ینه نه‌جه‌ف، مانگێك له‌نێویاندا ماینه‌وه و بۆمده‌ركه‌وت پێكهاته‌یه‌كی ئارام و بێ زیانن، واسه‌یری ئێمه‌یان نه‌ده‌كرد كه له ئاینێكی دیكه‌ین، به‌ڵكو ده‌ستی هاوكارییان درێژكرد و هه‌وڵیاندا له نه‌هامه‌تییه‌كانمان كه‌مبكه‌نه‌وه" ئه‌حمه‌د به‌در (36 ساڵ)، وای وت.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هاوڵاتییه‌كی ئێزیدی كاتێك له سه‌ره‌تای ئاواره‌ییدا ئێمه‌ی له‌ژێر بنمیچی دوكانێكدا بینی، خۆی نه‌گرت و فرمێسك به رومهتهكانیدا هاته‌خواره‌وه، بیه پێداگری كرد بمنباتهوه بۆ ماڵی خۆی"، ئه‌حمه‌د وتی "خه‌ڵكی نهجهفهیش به‌هه‌مانشێوه، كه زۆرم له‌سه‌ریان نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌وان ده‌رگای ماڵه‌كانیان به‌ڕوماندا كرده‌وه و به‌خۆشه‌ویستییه‌وه له‌خۆیان گرتین".
باسم غازی (32 ساڵ)، سه‌وزه‌ی ده‌فرۆشت، به ئاسته‌م ده‌یتوانی بژێوی خێزانێكی پێنج كه‌سی دابینبكات، هیچ كارێكی دیكه‌ی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام له ئاواره‌یدا رویكرده پارێزگای هه‌ولێر و له‌وێ فێری پیشه‌یه‌كی تر بوو، به‌وهۆیه‌شه‌وه توانی به‌و داهاته‌ی ده‌ستیده‌كه‌وێت ئۆتۆمبێل بكڕێت.
بانگه‌واز بۆ یه‌كڕیزی و ناتوندوتیژی
شه‌هاب نه‌بیل (54 ساڵ)، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌زمونی ئاواره‌یی، سه‌رباری تاڵییهكهی، به‌س بوو تا قه‌ناعه‌تمان پێبكات ده‌ست به خاكه‌كه‌مانه‌وه بگرین و یه‌كده‌ست بین، تا نه‌بینه ئامانجی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا هه‌وڵی پارچهپارچهكردنمان ده‌ده‌ن".
ئه‌و، كه نزیكه‌ی پێنج ساڵی ئاواره‌یی له كه‌ركوك به‌ڕێكرد به‌رله‌وه‌ی له كۆتایی 2019دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌له‌عفه‌ر، ده‌ڵێت "كاتێك كه‌سانی هۆشیار و دڵسۆز بانگه‌وازی یه‌كڕیزییان ده‌كرد، كه‌س وه‌ڵامی بانگهوازهكهیانی نه‌ده‌دایه‌وه،.. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ته‌ور كه‌وته سه‌ر سه‌ر، هه‌موان له وانه‌كه تێگه‌یشتن، كاریگه‌رییه‌كه‌یان به‌رونی هه‌ستپێكرد، تا په‌یوه‌ندییه‌كان گه‌ڕایه‌وه بۆ رۆژانی به‌ر له 2003ی ته‌له‌عفه‌ر".
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له دوو مانگی رابردودا چه‌ندین كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی له پارێزگاكانی كه‌ربه‌لا، به‌غدا، كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا داخست، كه هاوڵاتی ته‌له‌عفه‌ری تێدا نیشته‌جێ بون و گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له قه‌زاكه.
په‌یداكردنی توانا و پیشه‌ی نوێ
"كاتێك له ئاماده‌یی بوم ئاوات ئه‌وه‌بوو بچمه كۆلێژی یاسا، به‌ڵام هه‌ندێكجار با به‌دڵی كه‌شتی هه‌ڵناكات، بۆ منیش خراپی بارودۆخی دارایی به‌ربه‌ست بوو له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئاواته‌كه‌م، به تایبه‌ت نه‌متوانی له زانكۆی موسڵ بخوێنم به‌خۆی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و به‌ئامانجگرتنی تائیفی، تا دوای ئاواره‌یی بۆ دیوانیه بڕیارمدا بچمه خوێندنی ئێوارانی زانكۆ و توانیم به‌كالۆریۆس له یاسادا به‌ده‌ستبهێنم، ئه‌وه‌ش دوای چوارساڵ له كاركردن به رۆژ و ده‌وامی ئێوارانی زانكۆ" ئه‌نور كازم (27 ساڵ)، وای وت.
كازم به زه‌رده‌خه‌نه‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاواره‌یی رۆڵی هه‌بوو له‌گه‌شه‌پێدانی توانای كه‌سیی و پیشه‌ییم، كه فێری دانانی له‌زگه و پلاستیكی دیوار و سه‌قفی لاوه‌كی بوم".
"له ئاواره‌ییدا فێری برژاندنی ماسی به دار بوین، كه ئێستا له‌هه‌موو ناوچه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر بڵاوبۆته‌وه و ده‌فرۆشرێت، فرۆشیارانی غازی ماڵان پێشتر به‌و ده‌نگه‌ده‌نگه مێشكیان بردوین به‌ڵام ئێستا موسیقایهكی جوان به‌كارده‌هێنن و خه‌ڵك به‌و ده‌نگه له گه‌یشتنیان ئاگادارده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌و شارانه‌وه فێربوین كه تیایدا ئاواره‌بون".
به‌پێی تۆماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، ده‌یان خێزان له كه‌ربه‌لا، كه‌مپی نه‌هره‌وانی به‌غدا، كه‌مپه‌كانی حه‌سه‌ن شامی دوو و سێی هه‌ولێره‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، له‌چوارچێوه‌ی "به‌رنامه‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌دا" كه وه‌زاره‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.
له ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تدا هاتووه 18 هه‌زار و 500 خێزانی گه‌ڕاوه له فه‌رمانگه‌ی كۆچ تۆماركراوه، پێشبینیده‌كرێت ژماره‌یه‌كه نزیكه‌ی 24 هه‌زار خێزان بێت، به‌وپێیه‌ی به‌شێكیان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا خۆیان تۆمارنه‌كردووه.
ئاواره‌كانی ته‌له‌عفه‌ر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ) له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا رویانكرده ناوچه‌كانی باشور و ناوه‌ڕاستی عیراق، له نێویاندا نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و بابل، به‌شێكیشیان له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ركوك و ژماره‌یه‌كیان چونه توركیا؛ تائێستاش زیاتر له نیوه‌ی ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه.