كردنەوەی نەخۆشخانەیەکى 150 قەرەوێڵەیی تایبەت بە كۆرۆنا لە كەركوك

كەركوك/ 4ی كانونی یەكەمی 2020/ كردنەوەی نەخۆشخانەیەکى 150 قەرەوێڵەیی تایبەت بە كۆرۆنا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك ناو

وەزیری تەندروستی عیراق نەخۆشخانەیەكی 150 قەرەوێڵەیی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە كەركوك كردەوە، كە لەسەر ئەركی پڕۆژە خێرخوازییەكانی عەتەبە حوسەینییە دروستكراوە سەر بە مەقامی ئیمام حوسەین.

دکتۆر حەسەن تمیمى، وەزیرى تەندروستى عیراق، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "هاتوین بۆ كەركوك بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی پارێزگاكە بین، لەم سەردانەدا نەخۆشخانەیەکى تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنامان كردەوە، بەناوى شیفاى 14 کە لە لایەن عەتەبە حوسەینییەوە بودجەکەى تەرخانکراوە".

ئەو نەخۆشخانەیە دەكەوێتە ناوچەی شەریكەی تاریق لە نێوان هەردوو گەڕەکی عەسکەری و دۆمیز و لەسەر روبەری 3500 مەتر چوار گۆشە دروستکراوە.

بڕى تێچونى نزیکەى نیو ملیار دینارە و تەواوی پێداویستییەكانیشی هەر لەلایەن پڕۆژە خێرخوازییەكانی عەتەبە حوسەینییەوە دابینكراوە، بەشەكانی فریاکەوتن، راوێژکاریى و چاودێرى چڕ لەخۆدەگرێت. وەك حسێن رەزا مەهدى، لێپرسراوی پڕۆژە ئەندازیارییەکان لە عەتە حوسەینیە وای وت.

كردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە و سەردانی وەزیری تەندروستی بۆ كەركوك، هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی توشبووانی كۆرۆنا لەو پارێزگایە، كە بەپێی ئامارەكانی تەندروستی رۆژانە لە نێوان 200 بۆ 500 حاڵەتی نوێ تۆماردەكرێت.

وەزیری تەندروستی هەر لەو سەردانەدا، چەند پڕۆژەیەكی تەندروستی بەسەركردەوە، لەوانە نەخۆشخانەی منداڵان و لە دایکبووان، نەخۆشخانەى بوژانەوەى دڵ کە لە بوارى جێبەجێکردندایە و بڕیاریدا بە نۆژەنکردنەوەى دوو بنکەى راهێنانى تایبەت بە نەشتەرگەری میشك، دەم و لوت و گوێ.

وتیشی "بڕیارە 10 نەخۆشخانەى دیکەى تایبەت بە کۆرۆنا بکرێتەوە، لە پارێزگاکانى نەینەوا، رومادى و پارێزگاكانی تر لە عیراق".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT