ژمارەیەك دوكان لە بازاڕی حەسیرەكەی كەركوك بە هۆكارێكی نادیار ئاگریان تێبەربوو و سوتان، ئەوەش دوای ئەوەی چەند رۆژێكە قایمقامیەتی شارەكە هەوڵی لابردن و روخاندنیان دەدات.
دوكانەكان ئەمشەو 7ی كانونی یەكەم لە بازاڕی حەسیرەكە لە كەركوك گڕیان گرت و لانیكەم پێنج دوكان بە تەواوی سوتان، كە شوێنی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل و فرۆشتنی كەلوپەلەكانی بوو.
دلێر عەلی، شایەتحاڵ لە شوێنی روداوەکە بە (کەرکوک ناو)ی وت "ماوەی چەند رۆژێکە لیژنەی زیادەڕۆ بە سەرپەرشتی قایمقامی کەرکوک، هەوڵی روخاندنی ئەو دوكانانە دەدات بە مەبەستی چۆڵکردنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەی پیشەسازی، بەڵام ئەمشەو بە هۆكارێكی نادیار چەند دوكانێك گڕیان گرت و سوتان".
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی كانونی یەكەم خاوەن دوكانەكان بۆ ئەو مەبەستە خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام لەگەڵ تەواوبونی خۆپیشادانەكە بە چەند كاتژمێرێك دوكانەكان ئاگریان گرت.
ڤیدیۆ: خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە خاوەن دوكانەكانی بازاڕی حەسیرەكە دژی بڕیاری چۆڵكردنی دوكانەكان
"حەوت دوكان سوتان، پێموایە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە ئەوەیە، تیمەکەی قائیمقامیەت کاتێك كەپرەکانی بەردەم دوكانەكانیان روخاند، تەواوی وایەری کارەبای نیشتیمانیی و مۆلیدەكان پچڕان و تێكەڵ بەیەك بون، بەهۆیەوە ئاگرەكە كەوتۆتەوە"، دلێر عەلی شایەتحاڵی كەوتنەوەی ئاگرەكە وایوت.
بەڵام نەقیب قەیس عەبدولڕەزاق، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کەرکوک، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە پێنج دوکان سوتاون، ئێمە دۆسییەی لێکۆڵینەوەمان كردۆتەوە و رادەستی بەڵگەی تاوانیمان كردووە".
هێشتا دیار نییە بڕی زیانەكانی كەوتنەوەی ئاگرەكە چەندە.