ئه‌و منداڵه ئاواره‌یه‌ی له خۆپیشاندانه‌كه‌ی كه‌لار برینداربوو، له‌ژێر چاره‌سه‌ری وردی پزیشكیدایه و كه‌سوكاری گه‌نجه كوژراوه‌كه‌ی قه‌زای كفریش له‌رێی یاسا و دادگاوه، ده‌یانه‌وێت مافی قوربانییه‌كه‌یان وه‌ربگرنه‌وه.
دوێنێ دوشه‌ممه 7ی كانونی یه‌كه‌می 2020 له قه‌زاكانی كفری، كه‌لار، ده‌ربه‌ندیخان، چه‌مچه‌ماڵ، سه‌یدسادق، شاره‌زوور و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان دژی خراپی گوزه‌رانی هاوڵاتیان به‌ڕێوه‌چوو، به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان و پاسه‌وانی باره‌گا حزبییه‌كانیش، بارگرژی و ئاڵۆزی رویدا.
له بارگرژییه‌كانی پارێزگای سلێمانی سێ گه‌نج به فیشه‌ك كوژران، ده‌یان هاوڵاتی دیكه برینداربون و باره‌گای زۆربه‌ی حزبه سیاسییه‌كانیش له نێویاندا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان -هه‌رسێ لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمن-، سوتێنران.
له قه‌زای كفری، خۆپیشانده‌ران دوای سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژی و ته‌قه‌ی پاسه‌وانانی باره‌گای حزبی، هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر باره‌گاكان و له‌وكاته‌دا هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی ئاكۆ سه‌لمان (22 ساڵ) كوژرا.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و گه‌نجه كاتژمێر 8:15 خولهك هێنرایه نه‌خۆشخانه و فیشه‌ك به‌ر ناو ده‌می كه‌وتبوو، به زه‌حمه‌ت هه‌ناسه‌ی ده‌دا و هه‌موو چاره‌سه‌رێكمان بۆ كرد، به‌ڵام سێ نه‌بوو و گیانیله‌ده‌ستدا".
پێنج كەس لەسەربانی بینای كۆمیته‌ی یه‌كێتییه‌وه تەقەیان كردووه و براكه‌م به‌وهۆیه‌وه شه‌هید بووه
كه‌سوكاری ئه‌و گه‌نجه سكاڵایان دژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركردووه.
ئاسۆ سه‌لمان، برای كوژراوه‌كه‌ی كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "شكاتمان له كۆمیتەی یەكێتیی كردووە و چاوەڕێی وه‌ڵامی شكاتەكەمانین، چونكە پێنج كەس لەسەربانی بینای كۆمیتەكەوه تەقەیان له خۆپیشانده‌ران كردووه و براكه‌م به‌وهۆیه‌وه شه‌هید بووه".
"ئێمه وازناهێنین و دەمانەوێت بەپێی یاسا‌و لەڕێی مەحكەمهی كفرییەوە حەقی براكەمان لەو كەسانە بسێنینه‌وه".
ناڕه‌زایی خه‌ڵك، كه سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه له شاری سلێمانییه‌وه ده‌ستیپێكرد، دژی پێنه‌دانی موچه، خراپی گوزه‌ران و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه.
هه‌ر شه‌وی رابردو له قه‌زای كه‌لار، خۆپیشاندانی هاوڵاتیان له‌به‌رده‌م مه‌كۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاڵۆزی تێكه‌وت و به‌هۆی ته‌قه‌كردنه‌وه، منداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵ به‌ناوی حسێن عه‌لی فیشه‌ك به‌ر ملی كه‌وت و به سه‌ختی برینداربوو.
رەفیق قادر، لێپرسراوی بەشی فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی له كه‌لار به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و منداڵه كاتژمێر 10:30 خولهك هێنرایه‌وه فریاكه‌وتن و باری ته‌ندروستی ناجێگیر بوو، خوێنبه‌ربونی هه‌بوو، بێ هۆش بوو، فیشه‌كه‌كه له ملیدا مابۆوه بۆیه دوای چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی ره‌وانه‌ی سلێمانیمان كرد".
ئه‌و منداڵه بۆ نه‌شته‌رگه‌ری له‌لایه‌ن پزیشكی پسپۆڕه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی كراوه و به‌وته‌ی ره‌فیق قادر، تائێستا (نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه) له ژیاندا ماوه و له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایه له نه‌خۆشخانه‌ی شار.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه له زۆرینه‌ی میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا شه‌وی رابردوو وابڵاوكرایه‌وه ئه‌و منداڵه گیانیله‌ده‌ستداوه.
ئه‌و منداڵه‌ی كه‌لار، ئاواره‌ی شاری به‌عقوبه‌ی دیاله‌یه و له‌گه‌ڵ دوو برای دیكه‌یدا، له ترافیكێكی نزیك باره‌گای مه‌كۆی گۆڕان سه‌رقاڵی فرۆشتنی كلێنێكس بووه، كاتێك خۆپیشاندان و ئاڵۆزی رویداوه.
حسێن ئاواره‌یه و له‌به‌ر ههژارای له خوێندن ده‌ركراوه و كلێنێكس ده‌فرۆشێت
ئه‌كره‌م هه‌واس، پورزای حسێن عه‌لی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خێزانی حسێن شه‌ش كوڕ و كچێكن، له به‌عقوبه‌وه ساڵانی دوای روخانی رژێمی به‌عس (2003 به‌دواوه) ئاواره‌ی كه‌لار بون و له‌به‌ر هه‌ژاری له خوێندن ده‌ركراوه و له شه‌قامه‌كاندا كاسبی ده‌كات".
له‌كاتی روداوه‌كه‌دا، باوكی حسێن به كارێك له هه‌ولێر بوه، بۆیه دایكی به بیستنی هه‌واڵه‌كه باری ته‌ندروستی تێكچووه، به‌وپێیه‌ی وایزانیووه گیانیله‌ده‌ستداوه.
"فیشه‌ك به‌ر ملی حسێن كه‌وتووه، تائێستا نازانین ئەو تەقانەوە لەكوێوە كراوه، بۆیه دایك و باوكی هێشتا هیچ سكاڵایه‌كیان تۆمارنه‌كردووه" به‌وته‌ی پورزای منداڵه برینداره‌كه‌ی كه‌لار.
له قه‌زاكانی كفری و چه‌مچه‌ماڵ، شه‌وی رابردوو له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، دوو گه‌نج به فیشه‌ك كوژران و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی دیكه برینداربون، كه برینی به‌شێكیان سه‌خته.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له دره‌نگانی شه‌وی رابردوشه‌وه تا به‌یانی ئه‌مڕۆ، ژماره‌یه‌ك له هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت راگیرابون، جگه له‌وه‌ی هێزی زۆری چه‌كدار له زۆربه‌ی ناوچه‌كاندا بڵاوه‌یانپێكراوه.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دوێنێ دوشه‌ممه داوایكرد رێگە "لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە" و پەنابردنە بەر توندتیژیی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن، سەرپێچیکارانیش ڕوبەڕوی یاسا بکەنەوە.
هەروەها جەختیكرده‌وه لەوەی هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عیراق و دونیای گرتۆتەوە.
له‌كاتی روماڵی خۆپیشاندانه‌كاندا، ژماره‌یه‌ك له میدیا و میدیاكاران روبه‌ڕوی پێشێلكاری بونه‌وه، له نێویاندا راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵی یه‌كه‌می ئێن ئاڕتی به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بە پاساوی "ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانە"، ئه‌وه‌ش له‌رێی ناردنی هێزێكی ئەمنی بۆ سه‌ر ئۆفیسی سه‌ره‌كی كه‌ناڵه‌كه لە شاری سلێمانی.
سەرپێچیکاران ڕوبەڕوی یاسا ده‌كه‌ینه‌وه
به‌ڵام ئه‌و كه‌ناڵه شه‌وی رابردو به‌وته‌ی خۆیان له ئه‌وروپاوه په‌خشیان ده‌ستپێكرده‌وه و به‌پێی هه‌واڵێكیش كه په‌یجی ئێن ئاڕتی له فهیبسوك بڵاویكردۆته‌وه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه به ره‌سمی په‌خش ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه.
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر روداوه‌كانی پارێزگای سلێمانی بڵاوكردۆته‌وه و تیایدا خۆپیشاندانی مەدەنی خەڵك دوور له توندوتیژی به مافێکی رەوا داده‌نێت و داواشده‌كات، هه‌نگاوی خێرا بۆ گێڕانەوەی داھاتی گشتی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان بگیرێته‌به‌ر.
سه‌رۆك كۆمار رێككه‌وتنێكی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، به پێویست ده‌زانێت و پێشیوایه توندوتیژی چارەسەر نییە و داواده‌كات پارێزگاری لە خۆپێشانده‌ران بکرێت و رێگه‌بدرێت ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ئازادنه کاری خۆیان بکه‌ن.