دادگای تێهەڵچونەوەی بەغدا، "بڕیاریدا بە ئازادكردنی عەباس تەقی، سەرۆكی پێشوی زانكۆی كەركوك"، دوای ئەوەی بە دوو ساڵ زیندانی سزادرابوو، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە بنەماڵەی ناوبراو.
عەباس تەقی، سەرۆكی پێشوی زانكۆی كەركوك، لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بە تۆمەتی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی لەوكاتەی سەرۆكی زانكۆ بووە.
سەرچاوەیەکى نزیک لە بنەماڵەی عەباس تەقى، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دوای ئەوەی دادگا بە دوو ساڵ زیندانی عەباس تەقی سزادا، ئەوان تانەیان لە بڕیارەكەدا و ئەوە بوو چەند رۆژێك لەمەوبەر دادگای تێهەڵچونەوەی بەغدا، بڕیاریدا بە ئازادکردنى ناوبراو".
وتیشی "ماوەى چەند رۆژێکە بارى تەندروستى عەباس تەقی ناجێگیر بووە و بەهۆیەوە رەوانەى نەخۆشخانەى ئازادى کراوە، ئێستا چاوەڕێی باشبونی باری تەندروستین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵ".
ئێستا چاوەڕێی باشبونی باری تەندروستین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵ
لە دوو مانگی رابردودا، هەڵمەتێكی دەستگیركردن و سزادانی لێپرسراوانی كەركوك لەسەر دۆسییەی گەندەڵی دەستیپێكرد و بەهۆیەوە سێ لێپرسراوی باڵای كەركوك و دەیان فەرمانبەر بە زیندانیكردن سزادراون و دەیانی تریش دۆسییەكانیان هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و بە كەفالەت ئازادكراون.