مامۆستا كەلەپچەكراوەی كەركوك، هەفتەی رابردوو خۆی گەیاندە وەزیری تەندروستی عیراق و دۆسییەی هاوژینەكەی رادەستكرد، بۆ ئەوەی وەفاتتنامەی بۆ دەربكەن، بەدەنگێكی بەرز لەبەردەم كامێرای راگەیاندنەكاندا وتی "جەنابی وەزیر ستەمم لێدەكرێت".
محەمەد جەباری، ئهو مامۆستایهی له نهخۆشخانهی گشتی كهركوك به قهرهوێڵهی هاوسهره كۆچكردوهكهیهوه كهلهپچهكرا، پێنج مانگە لەلایەن فەرمانگەی تەندروستییەوە دەستی دەستی پێدەكەن لە پێدانی وەفاتننامەی هاوژینەكەیدا، ناچار هەفتەی رابردوو دۆسییەكەی رادەستی حەسەن تەمیم، وەزیری تەندروستی عیراق كرد، كاتێك لە 4ی كانونی یەكەم سەردانی كەركوكی كرد.
بەرلەوەی حەسەن تەمیم بچێتە بەردەم مایكەكان و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بكات، محەمەد جەباری، شریتی سوری بەردەم رۆژنامەنوسانی بڕی و بە دەنگێكی بەرز وتی "جەنابی وەزیر ستەمم لێكراوە و تكایە گوێم لێبگرە"، لەگەڵ خۆشیدا چەند بەڵگەنامەیەكی خستەبەر دەستی.
جەنابی وەزیر ستەمم لێكراوە و تكایە گوێم لێبگرە
تەمیمی فایل و بەڵگەنامەکانی لێوەرگرت و بەڵێنی پێدا کە خودی خۆی بەدواداچونی ورد بۆ کەیسەکەی بكات.
مامۆستا محەمەد بە(کەرکوک ناو)ی وت "دوو بەڵگەی حاشا هەڵنەگرم پێشكەش كرد، بەوەی پزیشکەکان كەمتەرخەمییان كردووە لە دۆسیەی هاوژینەكەم و فەرمانگەی تەندروستیش بە ئەنقەست وەفاتننامەی هاوژینەكەم دوادەخەن".
مێژوی دۆسیهكهی محهمهد جهباری دهگهڕێتهوه بۆ 12ی تهمموزی ئهمساڵ، كاتێك لهسهر دابینكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسهرهكهی كه توشبوی كۆرۆنا بوو، لهگهڵ كارمهندانی نهخۆشخانهی گشتی كەركوك بووه دهمهقاڵیی و لهوكاتهدا ئامێرێكی پزیشكی تایبهت به ههناسهدانی شكاندووە. بەوهۆیەوە پۆلیس دەستگیریان كرد و ئەشكەنجەیاندا، وەك خۆی دەڵێت.
دوای رۆژێك، وهك له گرتهیهكی ڤیدیۆییدا دهردهكهوێت؛ محەمەد كەریم فەقێ جەباری (43 ساڵ)، به قهرهوێڵهی هاوسهرهكهیهوه (مونا ئیسماعیل 44ساڵ) كهلهپچه كرا. روداوەكە بە گیانلەدەستدانی مونا بە بەرچاوی مامۆستا محەمەدەوە كۆتایی هات.
لەكاتەوە محەمەد جەباری هەوڵدەدات وەفاتننامە بۆ هاوژینەكەی دەربكات، بەڵام فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە پاساوی ئەوەی ئەو مامۆستایە "پێچەوانەی رێنماییەکان" هاوژینەکەی بەخاكسپاردووە ئامادەنین وەفاتتنامەی پێبدەن.
بەڵام مامۆستا محەمەد پێیوایە هۆكارەكەی تەنیا ئەو سكاڵایانە كە لەدژی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك و پۆلیس تۆماریكردووە، بەهۆی "كەمتەرخەمییان لە كەیسی مردنی هاوژینەكەیان" و كەلەپچەكردن و ئەشكەنجەدانی خۆی لەناو نەخۆشخانە.
محەمەد جەباری لەسەر ئەو دۆسیەیە سكاڵای لە دژی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەركوك و پێنج پزیشك تۆماركردووە، هەروەها ئەفسەرێك و سێ پۆلیسی بنكهی قۆرییە لەسەر كەیسەكە دەستگیركران و دواتر بە كەفالەت ئازادكران.
دەرنەكردنی وەفاتننامە بۆ مونا ئیسماعیل (44ساڵ) بۆتەهۆی ئەوەی مامۆستا محەمەد نەتوانێت شایستە داراییەكانی هاوژینەكەی وەربگرێت و خەرجی منداڵەكانی پێ دابین بكات.
مونا خزمەتی 20 ساڵی هەیە لە كۆمپانیای غازی باكور و تا پێش كۆچیی دوایی لەكارەكەی بەردەوامبوو.
"پارێزەرکانم پێم دەڵێن بیانوکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بۆ پێنەدانی وەفاتننامە رەوایەتییان نییە و هۆكارەكەی تەنیا ئەوەیە ئەگەر وەفاتننامەت پێبدەن ئەوا پەردە لەسەر کۆمەڵێک راستی هەڵدەدرێنەوە و کۆمەڵێک کەس کە نایانەوێت ئاشکرابن سزادەدرێن"، مامۆستا محەمەد وایوت.
هۆكارەكەی تەنیا ئەوەیە ئەگەر وەفاتننامەت پێبدەن ئەوا پەردە لەسەر کۆمەڵێک راستی هەڵدەدرێنەوە و کۆمەڵێک کەس کە نایانەوێت ئاشکرابن سزادەدرێن
دەركردنی وەفاتنامە بەتایبەت ئەگەر كەسەكە لە نەخۆشخانە مردبێت، قورس نییە و لە ماوەی 24 كاتژمێر بۆ 48 كاتژمێر تەواودەبێت، وەك نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت.
بەڵام ئەو وتی "پرسی دواكەوتنی وەفاتنامەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو كەیسە كێشەی یاسایی تیایە و لە دادگایە، 16 كەیسی تریش بەهەمان شێوە كێشەیان هەیە، بۆ نمونە ناشتنی تەرمی مردوەکانیان لەسەر راسپاردە و ئاگاداری پزیشکی دادوەری نەبووە، ئەمەش لە یاسای ئێمەدا وەفاتنامەی پێنادرێت".
نەبیل حەمدی، چەندجارێك بەڵێنی داوە وەفاتتنامە بۆ مونا ئیسماعیل دەربكات، بەڵام لە دواین لێدوانیدا بۆ (كەركوك ناو)، ئۆباڵەكەی خستەئەستۆی وەزیری تەندروستی و وتی "وەزیر دەڵێت لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر وادەی دەرکردنی ئەو وەفاتننامەیەدا تێپەڕیوە، بۆیە ئەوان ئامادەنین وەفاتننامەی پێبدەن، بەڵکو ئەوان حجە وەفاتی پێدەدەن".
حجە وەفات، سەلماندنی مردنی كەسێكە، كە كەسوكارەكەی نەیاتوانیوە لەكاتی خۆیدا وەفاتننامەی بۆ دەربكەن، یان بەهۆكاری جیاواز لە چۆنیەتی مردنەكەیدا وەفاتننامەیان پێنەداوە و دواكەوتووە.
مامۆستا محەمەد وتی "ئەگەر حجە وەفات وەربگرم مانای ئەوەیە خێزانم لە دەرەوەی ماڵەوە کۆچیی دوایی کردووە، بەڵام وەفاتننامەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە خێزانم لە نەخۆشخانە مردووە و دەرگا لەبەردەم کۆمەڵێک بابەتی دیکەدا دەکاتەوە".
ئەگەر حجە وەفات وەربگرم مانای ئەوەیە خێزانم لە دەرەوەی ماڵەوە کۆچیی دوایی کردووە
حەسەن تەمیم، وەزیری تەندروستی عیراق لەبەردەم رۆژنامەنوساندا لە سەردانەكەیدا بۆ كەركوك و بە ئامادەبونی مامۆستاكە، وتی "رێكارەكانی بۆ تەواو دەكەم".
ئێستا مامۆستا محەمەد لەپاڵ سكاڵای دژی پۆلیس و نەخۆشخانە، سكاڵایەكی تریشی هەیە، ئەویش پێنەدانی وەفاتننامەیە، ئەوەش بەپێی وتەی پۆڵا رۆژبەیانی، پارێزەری مامۆستا محەمەد.
پۆڵا كە یاوەری محەمەد جەباری كرد بۆ لای وەزیری تەندروستی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەزیر بەڵێنی پێداین ئەو داوایەمان جێبەجێ بكات".
لەبارەی كۆی كەیسەكانیشەوە، وتی "دۆسییەی ئەفسەر و پۆلیسەكان جارێكی تر لە دادگای سەربازی موسڵەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك گوازراونەتەوە، چاوەڕێی رۆژی دادگاییكردنین".
دۆسیەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی و پێنج پزیشكەكەش هێشتا یەكلایینەكراوەتەوە كە تۆمەتبارن بە كەمتەرخەمی لە كەیسی مردنی مونا ئیسماعیل.