له‌ ته‌ندروستیدا؛ كاكه‌ییه‌كان بێ خزمه‌ت بون

داقوق، به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی گونده‌ كاكه‌ییه‌كان به‌ ناچاری بۆ چاره‌سه‌ر روو له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ناوشار ده‌كه‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی كه‌ركوك، كه‌مترین خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستییان هه‌یه‌، له‌كاتێكدایه‌ ده‌یان هاوڵاتی توشی كۆرۆنا بون و ناتوانن له‌ زێدی خۆیاندا چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تاییش وه‌ربگرن.

به‌ 14 گوندی قه‌زای داقوق كه‌ زۆرینه‌ له‌ هاوڵاتیانی كاكه‌یین، ته‌نیا یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه‌، ئه‌ویش نه‌ ده‌توانێت پشكنینی كۆرۆنا و چاره‌سه‌ر پێشكه‌ش به‌ توشبوانی ئه‌و په‌تایه‌ بكات، نه‌ هیچ پزیشكێكی پسپۆڕیشی هه‌یه‌.

سۆزان سلێمان (27 ساڵ)، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی داقوق چاره‌سه‌ری بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا وه‌رگرتووه‌، ته‌نیا ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له‌ كاریگه‌ری ڤایرۆسه‌كه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك چاره‌سه‌ری یه‌كجاری، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێكوته‌ی بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ عیراق.

"كارمه‌ند و پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ خزمه‌تی باشیان كرد، پێداویستییه‌كانیان بۆ دابینكردین و به‌رده‌وام چاودێری ده‌كراین" سۆزان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

زۆرێك له‌ توشبوانی كۆرۆنا، ناتوانن وه‌ك ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ ئاسانی ده‌ستیان به‌ پزیشك و چاره‌سه‌ر بگات، به‌وپێیه‌ی له‌ گونده‌ دوره‌ده‌سته‌كان ده‌ژین.

kakaiy-3
كه‌ركوك، 2020، گوندێكی كاكه‌یی نشینی قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌و گونده‌ كاكه‌ییانه‌ی ته‌نیا بنكه‌ی ته‌ندروستی تۆپزاوه‌ شكده‌به‌ن، ژماره‌ی دانیشتوانیان زیاتر له‌ سێ هه‌زار هاوڵاتییه‌، له‌كاتێكدا بنكه‌كه‌ش هه‌ر توشبویه‌كی كۆرۆنا رویانتێبكات، بۆ پشكنین و ئه‌گه‌ر پێویستی به‌ نه‌خۆشخانه‌ بوو، ره‌وانه‌ی داقوق یان شاری كه‌ركوكی ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی داقوق -كه‌ له‌به‌ر نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوان داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ قه‌زاكه‌دا زیاتر له‌ هه‌زار و 200 توشبوی كۆرۆنا تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 80 توشبوو كاكه‌یی بون.

هه‌ر له‌ داقوق تائێستا زیاتر له‌ 21 هاوڵاتی توشبوی كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش پێنج هاوڵاتی كاكه‌یی بون.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی توشبوی كۆرۆنا ناچار له‌ ماڵه‌وه‌ خۆیان كه‌ره‌نتینه‌ كردووه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ده‌رمان و چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌.

لە ته‌واوی پارێزگای كەركوك رۆژانە پێنج هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدەدرێت، ژمارەی توشبووانی لە نێوان 200 بۆ 500 كەس و مردنیش له‌ نێوان سێ بۆ پێنج كه‌سدایه‌ بۆ هەر رۆژێك.

topzawa (4)
داقوق، 2020، بنكه‌ی ته‌ندروستی تۆپزاوه‌ 56 ساڵه‌ دروستكراوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاکەییەکان جگه‌ له‌ کەرکوک، له‌ ناوچه‌كانی هەڵەبجە، نه‌ینه‌وا، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

فه‌رمان تاڵه‌بانی، به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت تیمه‌كانی ئه‌وان سه‌ردانی گونده‌ كاكه‌ییه‌كانیان كردووه‌، به‌ ئامانجی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری و رشتنی ده‌رمانی دژه‌ڤایرۆس، ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری بنكه‌ی ته‌ندروستی تۆپزاوه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریی له‌و گوندانه‌دا "سودی باشی" هه‌بووه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ چاره‌سه‌ر و ده‌رمانی پێویستیشیان بۆ دابینبكه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی داقوق وتی كاره‌كانی ئه‌وان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له‌رێی چه‌ند لیژنه‌یه‌كه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌ركیان بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنمایی و رێكاره‌كانی خۆپارێزی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌.

له‌سه‌ر ئاستی جیهان، مشتومڕ له‌سه‌ر به‌كارهێنانی پێكوته‌ی كۆرۆنایه‌ و دیارنیه‌ كه‌ی به‌ عیراق و گونده‌ كاكه‌ییه‌كان ده‌گات، كه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تاییترین داواكارییه‌كانیاندان و خواستیان دابینكردنی نه‌خۆشخانه‌ و پزیشكه‌ تا له‌ زێدی خۆیاندا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT