حه‌شدی شه‌عبی كوردی له‌ كه‌ركوك پێكده‌هێنرێت

كه‌ركوك، كانونی یه‌كه‌می 2020، چه‌كدارانی هێزی حه‌شدی كوردی سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ گوندی چه‌خماخه‌ی قه‌زای دوبز فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، هێزێكی چه‌كدار له‌ هاوڵاتیانی كورد پێكده‌هێنێت، به‌ ئامانجی پاراستنی گونده‌كانی قه‌زای دوبز له‌ خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوك.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، شه‌ممه‌ 12ی كانونی یه‌كه‌می 2020 له‌ گوندی چه‌خماخه‌ی دوبز، لێپرسراوانی حه‌شدی شه‌عبی كردنه‌وه‌ی باره‌گای ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ نوێیه‌یان راگه‌یاند.

ئه‌بو عیماد، سه‌ركرده‌ له‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتی پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ له‌ خه‌ڵكی چه‌خماخه‌ و ناوچه‌كه، ته‌نیا ئامانجیان پاراستنی ئاسایشی سنوره‌كه‌یه‌ به‌ پاڵپشتی ره‌سمی حكومه‌تی عیراق و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ مافی خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ و ناوچه‌كانی ده‌روبه‌ریه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا ببنه‌ چه‌كدار، به‌ تایبه‌ت هاوڵاتیانی كورد.

به‌وته‌ی ئه‌بو عیماد، پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ ساڵێكی خایاندووه‌، تا مۆڵه‌ت و ره‌زامه‌ندی ره‌سمی بۆ وه‌رگیراوه‌، سه‌ره‌تاش به‌ تۆماركردنی كه‌سانی خۆبه‌خش ده‌ستیپێكردووه‌ و ئێستا زیاتر له‌ 120 كه‌س ده‌بن و له‌ زیادبوندان.

فه‌رمانده‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت ئه‌و هێزه‌ ته‌حه‌دی زۆری له‌به‌رده‌مدایه‌، چونكه‌ جموجۆڵی داعش له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وامه‌، وتیشی هاوڵاتیانی كورد به‌ پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌، هه‌نگاوێكی گرنگیان ناوه‌، به‌وپێیه‌ی پێكهاته‌ی فه‌وجه‌كه‌ ته‌نیا كوردن.

حه‌شدی شه‌عبی كورد له‌ نێو به‌شێك له‌حزبه‌ كوردییه‌كاندا، به‌ تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان، ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌.

ئه‌دهه‌م جومعه‌، رێكخه‌ر و پێكهێنه‌ری حه‌شدی كوردی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت باره‌گای هێزه‌كه‌ له‌ گوندی چه‌خماخه‌ ده‌بێت و له‌لایه‌ن راهێنه‌ر و شاره‌زای سه‌ربازییه‌وه‌، له‌ داهاتودا راهێنان به‌ چه‌كداره‌كان ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها په‌یامێكی ئاراسته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی كرد و وتی كورد ئاماده‌ن له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ عیراقییه‌كاندا پارێزگاری له‌ خۆیان و ناوچه‌كانیان بكه‌ن.

گوندی چه‌خماخه‌ی قه‌زای دوبز (به‌دوری 35كم له‌ خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوك)، زیاد له‌ جارێك روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆته‌وه‌ دوایینیان شوباتی 2020 بوو، كاتێك به‌هۆی ده‌سترێژی گولـله‌ی چه‌كدارێكه‌وه‌ بۆ نێو دوكانێك، چوار گه‌نج كوژراون و ژماره‌یه‌ك دیكه‌ برینداربون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT