پرده‌كانی نه‌ینه‌وا، زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وت و وێران بون، له‌كاتی هێرشه‌كانی داعش و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی راوه‌دونانی ئه‌و رێكخراوه‌دا.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی له 10ی كانونی یه‌كه‌می 2017ـه‌وه سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاندووه، به‌ڵام هێشتا زۆرینه‌ی پرده‌كان به روخاوی ماونه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا، به‌شێوه‌یه‌كی سست پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كان به‌رده‌وام بووه و ته‌نیا هه‌ندێكیان به‌ڕوی هاتوچۆدا كراونه‌ته‌وه.
كردنه‌وه‌ی پردی زوممار
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگه‌وبان و پرده‌كان له پارێزگای نه‌ینه‌وا، پێنجشه‌ممه 10ی كانونی یه‌كه‌می 2020، كردنه‌وه‌ی پردی ناحیه‌ی زومماری راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ساڵیادی "رۆژی سه‌ركه‌وتن" به‌سه‌ر داعشدا.
ئه‌ندازیار عه‌بدولستار حه‌بو، به‌ڕێوه‌به‌ری رێگه‌وبان و پرده‌كانی نه‌ینه‌وا وتی "ده‌سته‌ی ئه‌ندازیاری به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیاری سه‌ربازی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا پرده‌كه‌یان كردۆته‌وه، دوای كۆتاییهاتنی پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه له ماوه‌ی 9 مانگدا".
"ئه‌و پرده رۆڵی ده‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی و فشاری ناوه‌ندی ناحیه‌ی زوممار، كه پێشتر خه‌ڵك رێگای جێگره‌وه‌ی به‌كارده‌هێنا و هاتوچۆ ئه‌سته‌م بوو له زومماره‌وه به‌ره‌و شاری موسڵ و به پێچه‌وانه‌شه‌وه".
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی گوێڕ
حسێن جاسم كازم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێگه‌وبان و پرده‌كان ده‌ڵێت نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی گوێڕ له چوارچێوه‌ی قه‌رزی بانكی گه‌شه‌پێدانی ئه‌ڵمانیدا ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه كۆمپانیای جێبه‌جێكار (كۆمپانیاكانی نه‌بض رافیدین و بوعد رابع) كاره‌كانیی ده‌ستپێكرد‌ووه، تا به تێچوی چوار ملیۆن و 900 هه‌زار یۆرۆ پرۆژه‌كه به 18 مانگ پرۆژه‌كه ته‌واو بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به سه‌رپه‌رشتی راوێژكاریی كۆمپانیای دۆرشی ئه‌ڵمانی.
ئه‌و پرده پارێزگای نه‌ینه‌وا به كه‌ركوك و پارێزگاكانی باكوره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ده‌كه‌وێته سه‌ر روباری زابی گه‌وره، درێژییه‌كه‌ی هه‌زار و 125 مه‌تر، 35 راگری هه‌یه كه هه‌ریه‌كێكیان 32 مه‌تر به‌رزه.
پردی گوێڕ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه 10 راگری روخاوه و زیانی زۆر به‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی پرده‌كه كه‌وتووه.
پردی گه‌یاره سه‌دا 62ی نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه
پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی كۆنكرێتی گه‌یاره به‌رده‌وامه سه‌رباری رێكار و به‌ربه‌سته‌كان به‌هۆی كۆرۆناوه، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگه‌وبان و پرده‌كانی نه‌ینه‌وا.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، پرده‌كه به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانه‌وه شه‌ش راگری روخاوه، زیان به‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ش كه‌وتووه.
ئه‌و پرده دراوه‌ته كۆمپانیای ئه‌غر بۆ به‌ڵێنده‌رایه‌تی و به سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیای دۆرشی ئه‌ڵمانی بۆ راوێژكاری ئه‌ندازیاری له چوارچێوه‌ی قه‌رزی بانكی گه‌شه‌پێدانی ئه‌ڵمانی (بۆ پارێزگای نه‌ینه‌وا ته‌رخانكراوه)، به تێچوی سێ ملیۆن و 729 هه‌زار یۆرۆ، له ماوه‌ی 458 رۆژدا نۆژه‌نده‌كرێته‌وه.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كه هه‌موو به‌شه زیانلێكه‌وتوه‌كانی ده‌گرێته‌وه.
رێژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی سی له موسڵ سه‌دا 75ـه
تا تشرینی دوه‌می رابردوو، سه‌دا 75ی پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پردی سێیی شاری موسڵ ته‌واو كربوو، كه كۆمپانیای ئاشور بۆ به‌ڵێنده‌رایه‌تی بیناسازی به تێچوی 16 ملیار و 383 ملیۆن دینار جێبه‌جێیده‌كات.
چاره‌سه‌ری كاتی
عه‌بدولستار حه‌بو، به‌ڕێوه‌به‌ری رێگه‌وبان و پرده‌كانی نه‌ینه‌وا پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی به‌رپرسه له 59 پردی نه‌ینه‌وا، له‌و ژماره‌یه 57 پرد له‌لایه‌ن داعشه‌وه و له‌كاتی جه‌نگدا روخێنراون یان زیانیان به‌ركه‌وتووه.
به‌هۆی روخانی زۆرینه‌ی پرده‌كانه‌وه له‌كاتی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كاندا، پردی دیكه‌ی كاتی به پرده روخاوه‌كانه‌وه جێگیركران، تا ئه‌وكاته‌ی جارێكی‌تر نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی هاتوچۆ نه‌وه‌ستێت.
یه‌كێك له‌و پردانه كه به‌كاتی دانراوه ده‌كه‌وێته ناحیه‌ی گه‌یاره (باشوری موسڵ)، به‌ڵام 28ی نیسانی 2020 داڕوخا و كه‌وته نێو روباری دیجله‌وه، كاتێك ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر به 50 ته‌ن چیمه‌نتۆوه ویستی به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا تێبپه‌ڕێت، له‌كاتێكدا پرده‌كه توانای هه‌ڵگرتنی ته‌نیا 20 ته‌نی هه‌بوو.
به‌هۆی ئه‌و روداوه‌وه، رێگاكه بۆ دوو مانگ داخرا كه ناحیه‌ی گه‌یاره به ناوچه‌كانی مه‌خمور و گوێڕ و كه‌ركوك و هه‌ولێره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو، هاوڵاتیان چاوه‌ڕێی ده‌ره‌نجامی به‌ڵێنی لێپرسراوان بۆ پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن.