هاوڵاتیانی شنگال، له شه‌و و رۆژێكدا ته‌نیا یه‌ك كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی‌یان هه‌یه، هه‌ندێكجار ئه‌وه‌ش نامێنێت، له‌كاتێكدا به‌هۆی به‌رزی نرخی ئه‌مپێرێكی كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلییه‌وه زۆرینه ناتوانن لێی سودمه‌ندبن.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، پێدانی كاره‌بای نیشتمانی له قه‌زای شنگال بۆ كه‌مترین ئاست كه‌میكردووه، له هه‌ندێك ناوچه له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ته‌نیا كاتژمێرێك كاره‌با هه‌یه و چه‌ندین ناوچه له‌و كاتژمێره‌ش بێبه‌شن.
"له ژیانمدا كاره‌بای نیشتمانیم به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا به خراپی نه‌بینیووه، هه‌ندێكجار له شه‌و و رۆژێكدا ته‌نیا خوله‌كێكیش كاره‌بامان نییه" حه‌سۆ حه‌سه‌ن موراد وای وت.
حه‌سۆ دوكانی فرۆشتنی سه‌وزه و میوه‌ی له شنگال هه‌یه، به‌هۆی بێ كاره‌باییه‌وه ناچار بووه مۆلیده‌یه‌كی بچوك دابنێت.
"مۆلیدهكه رۆژانه به‌نزینی بۆ ده‌كڕم و ته‌نیا بۆ داگیرساندنی روناكی ناو دوكانه‌كه به‌كاریده‌هێنم".
حه‌سۆ و زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی دیكه‌ی شنگال، به‌هۆی خراپی باری داراییانه‌وه، ناتوانن له كاره‌بای مۆلیده سودمه‌ندبن یان به‌پێی پێویستی ناوماڵ ئه‌مپێری كاره‌با بكڕن.
"ده‌یان خێزان ده‌ناسم كرێی مۆلیده‌ی مانگی رابردوی نه‌داوه چونكه نرخه‌كه به‌رزه و پاره‌یان نییه" حه‌سۆ حه‌سه‌ن واده‌ڵێت.
نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێكی كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی بۆ مانگی تشرینی دوه‌می 2020 له شنگال گه‌یشته 15 هه‌زار دینار.
خدر عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای ناحیه‌ی سنونێ له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "فشارێكی زۆر له‌سه‌ر كاره‌بای نیشتمانی هه‌یه و به‌شی هه‌موان ناكات، بۆیه كه‌مبۆته‌وه".
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌با، له سنونێ 14 هه‌زار به‌شداربوی كاره‌با هه‌ن و پێداویستیان به زیاتر له 30 مێگاوات هه‌یه، به‌ڵام كه‌متر له 15 مێگاوات كاره‌با به ناحیه‌كه ده‌گات.
نه‌بونی كاره‌بای نیشتمانی نرخی ئه‌مپێری مۆلیده‌ی بۆ دوو هێنده به‌رزكردۆته‌وه
خدر ده‌ڵێت جگه له كه‌می ئه‌و كاره‌بایه‌ی به‌وان ده‌گات، زۆرجار به‌هۆی كێشه‌كانی تۆڕی دابه‌شكردن و خراپی كه‌شوهه‌وا یان كه‌وتنی ستونێكهوه خه‌ڵك بێ كاره‌با ده‌بن، چونكه چاككردنه‌وه‌یان كاتی زۆری پێویسته و ئێمه فه‌رمانبه‌ری زۆرمان نییه.
فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای سنونێ ته‌نیا 30 فه‌رمانبه‌ری هه‌یه، كه دوانیان كاری چاككردنه‌وه ده‌كه‌ن و ته‌نیا ئۆتۆمبێلێكی تایبه‌ت به كاری چاككردنه‌وه‌یان هه‌یه.
له ناحیه‌ی گرعوزێری شنگالیش تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی كاره‌بایان نه‌بوو، نه نیشتمانی نه مۆلیده‌ی ئه‌هلی، تا دواتر له‌لایه‌ن رێكخراو و چه‌ند پارتێكه‌وه ژماره‌یه‌ك مۆلیده‌ی بچوكیان بۆ دانرا.
"هه‌ندێكجار رۆژێك تا دوو رۆژ كاره‌بای نیشتیمانیمان نییه، له‌كاتێكدا پێشتر زیاتر له 10 كاتژمێر كاره‌بامان پێده‌درا" به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د حسێن حه‌مه‌د، دانیشتوی شنگال بۆ (كه‌ركوك ناو).
ئه‌و هاوڵاتییه گومانی هه‌یه هۆكاری خراپی كاره‌بای شنگال "به ئه‌نقه‌ست" بێت، تا ناوچه‌كه ئاوه‌دان نه‌بێته‌وه و ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه، چونكه به‌پێی به‌دواداچونی ئه‌و له هیچ ناوچه‌یه‌كی دیكه به‌وشێوه‌یه نییه.
حسێن وتی "ئه‌م رۆژانه زۆر پیرۆزن بۆ ئێزیدی، چونكه به رۆژوو ده‌بن، پێویستیان به كاره‌با و خزمه‌تگوزاری هه‌یه به‌ڵام وادیاره حكومه‌ت هیچ رێزێك له ئێمه ناگرێت".
شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ی نه‌ینه‌وا، بۆ چه‌ند ساڵێك له شه‌ڕدا بون دژ به داعش و به‌وهۆیه‌وه زیانی زۆر به‌ر كه‌رتی گشتی كه‌وت، له نێویاندا كاره‌با؛ كه به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانگه‌ی كاره‌با زیانه‌كان له هه‌ندێك ناوچه‌كه له سه‌دا 65 زیاتره.
خودێدا چوكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "20 رۆژه كاره‌با له شنگال زۆر خراپ بووه، له شه‌و و رۆژێكدا ناگاته دوو كاتژمێر، هه‌ندێكجار ته‌نیا 30 خولهك كاره‌با هه‌یه، ئه‌وه‌ش وایكردووه نرخی كاره‌بای مۆلیده بۆ دوو هێنده به‌رزبێته‌وه ".
دوای به‌دواداچونی هۆكاری خراپی كاره‌با، خودێدا چوكی ده‌ڵێت ده‌ركه‌وتووه هۆكاره‌كه‌ی له وێستگه‌ی سه‌ره‌كی نهینهواوهیه، كه ناتوانن بڕی پێویستی كاره‌با دابینبكه‌ن، "به‌ڵام له ناوچه‌كانی تر، بۆ نمونه له ته‌له‌عفه‌ر وه‌ك شنگال خراپ نییه و كاره‌با زۆرتره، هه‌رچه‌نده یه‌ك سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی كاره‌بایان هه‌یه، ئه‌مه‌ش جێی پرسیاره و ناكرێت سته‌م له خه‌ڵك بكرێت".
جگه له شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی تری عیراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، ساڵانه به تایبه‌ت له وه‌رزه‌كانی هاوین و زستاندا قه‌یرانی كاره‌بای نیشتمانی سه‌رهه‌ڵده‌دات.