نوێنەرانی سێ نەتەوەكەی دوزخورماتوو بۆ خزمەتگوزاریی دەچنە بەغدا

بەغدا/ 17ی كانونی یەكەمی 2020/ سەردانی نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی دوزخورماتوو بۆ لای سەرۆك كۆمار فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

لەیلا ئەحمەد

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، بەڵێنیداوە گوزەران و ژیانی هاوڵاتیانی قەزای دوزخورماتوو "باشتر بكات"، لەوانەش كێشەی كارەبا، ئاو، بینای خوێندنگە و تەندروستی و باشتركردنی رێگاوبانەكان.

ئەو بەڵێنانەی سەرۆك كۆمار لە كۆبونەوەیەكدا هات كە نیوەڕۆی پێنجشەممە 17ی كانونی یەكەم لە بەغدا بەڕێوەچوو، كاتێك نوێنەرانی خەڵكی قەزاكە لەهەرسێ نەتەوە جیاوازەكە (كورد، عەرەب و توركمان) سەردانی ناوبراویان كرد.

نادر جومعە، كەسایەتی هۆزی بەیات لە نەتەوەی توركمانی سوننە مەزهەب كە بەشداری كۆبونەوەكەی كردبوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند داواكارییەكمان دایە دەستی، لەوانە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان، دروستكردنی بینای خوێندنگە و نەخۆشخانە... هەروەها باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی و چارەسەركردنی كێشەی ئاو و كارەبا و رێگاوبانەكانی قەزاكە".

نادر جەختیكردەوە كە ئەوان وەكو نوێنەرانی هەموو نەتەوەكانی قەزاكە چونەتە لای سەرۆك  كۆمار و دەنگی خەڵكی دوزخورماتویان گەیاندووە.

"بەرهەم ساڵح بەڵێنیدا هەموو داواكارییەكانمان جێبەجێ بكات و لە نزیكترین كاتیشدا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دوزخورماتوو بكات"، نادر جومعە زیاتر وتی "بەرهەم ساڵح وتی دەمەوێت لە نزیکەوە چاوم بە خەڵکی قەزاكە و گوزەرانیان بکەوێت".

بەرهەم ساڵح وتی دەمەوێت لە نزیکەوە چاوم بە خەڵکی قەزاكە و گوزەرانیان بکەوێت

شێخ نەوزاد عادل، لە عەشیرەتی داودە لە قەزای دوزخورماتوو، وتی "یەكێك لە داواكارییەكانمان ئەوە بوو كە قەرەبوی ئەو خەڵكانەش بكرێتەوە كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 زیانیان بەركەوتووە و تائێستا هیچ قەرەبویەك نەیگرتونەتەوە".

barham.salih

بەغدا/ 17ی كانونی یەكەمی 2020/ سەردانی نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی دوزخورماتوو بۆ لای سەرۆك كۆمار فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هێزە عیراقییەكان بۆ دوزخورماتوو و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕانەوە و شەڕ دروستبوو، بەو هۆیەوە سەدان كەس ئاوارەبون و خانوو و ماڵی بەشێكیان سوتێنران. بەڵام حكومەتی عیراق تائێستا هەموو خێزانەكانی قەرەبوو نەكردۆتەوە.

شێخ نەوزاد عادل زیاتر وتی "داواكاری ترمان خستەبەردەم سەرۆك كۆماری عیراق لە خزمەتگوزاریی و باشتركردنی دۆخی ئەمنی، ئەویش بەڵێنی چارسەركردنی پێداوین".

ئەو بەڵێنانەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار بە خەڵكی دوزخورماتوو، لەكاتێكدایە گەیاندنی خزمەتگوزاری لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندایە نەك سەرۆك كۆمار.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە كۆتایی 2019 بەرهەم ساڵح، كۆمەڵێك بەڵێنی هاوشێوەی بە نوێنەرانی قەزای داقوق-دا، بەڵام دواتر روبەڕوی گلەیی بۆوە، بەهۆی جێبەجێنەكردنیانەوە لە دیارترینیان باشتركردنی دۆخی ئەمنی ناوچەكە بوو.

بەڵام لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماردا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو بەڵێنانەی نەكردووە تەنیا هاتووە "سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ کەمکردنەوەی کێشە و ئاستەنگەکان لە پێناو بەرزکردنەوەی  دۆخی خزمەتگوزاری دوزخورماتوو".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT