زۆر جار له‌به‌رده‌م وێنەی منداڵ و نه‌وه‌كانیدا ده‌پاڕێته‌وه؛ نزا ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌كانیدا بۆ ئاسمان، به ده‌م گریانه‌وه ته‌نیا پرسیارێك دوباره ده‌كاته‌وه؛ "خودایه ئێمه چیمان كردووه تا وامان بهسەربێت؟".
ئه‌و كاتێك ده‌گری، فرمێسك وشکیانکردووە؛ چونكه هێنده منداڵه‌كانی لاواندۆته‌وه چاوه‌كانی وشك بون، وا شه‌ش ساڵه، بێ کۆڵنەدان، له شیوه‌ن و پاڕانه‌وه و سۆراغی ئێزیدییهكاندایه.
"فرمێسك له چاوه‌كانمدا نه‌مان، جه‌رگم سوتاوه، ئه‌وه‌ی بۆم ماوه‌ته‌وه ته‌نیا وێنهكانن" دایێ شه‌مێ وای وت.
دایێ شه‌مێ، ژنێكی ناسراوی نێو ئێزیدییهكانه، هه‌ر ئه‌وان ئه‌و نازناوه‌یان لێناوه و به‌شێكیشیان به "دایكی شه‌هیدان" ناوی ده‌هێنن.
ئه‌وه‌ی بۆم ماوه‌ته‌وه ته‌نیا وێنهكانن
شه‌مێ دێرۆ حه‌سه‌ن (65 ساڵ)، له هێرشی چه‌كدارانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی - داعش" بۆ سەر قه‌زای شنگال، پێنج كوڕی به هاوسه‌ر و منداڵه‌وه گیانیانله‌ده‌ستدا یان بێسه‌روشوێن بون. شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌دا تێپه‌ڕیووه، به‌ڵام بۆ دایێ شه‌مێ هێشتا هەر نوێیه و ناتوانێت به ئارامی و بێ گریان باسی بكات.
له نێو خێوه‌تێكی كه‌مپی چهممشكۆی قه‌زای زاخۆ دانیشتووه، ده‌ستی بۆ پاڕانه‌وه به‌رزكردۆته‌وه و گله‌یی له به‌ختی ئێزیدییه‌كان ده‌كات، كه بۆچی به‌رده‌وام روبه‌ڕوی كاره‌سات ده‌بنه‌وه.
"پێش ئابی 2014، ژیانێكی خۆشمان پێكه‌وه به‌ڕێده‌كرد، به ماڵ و حاڵی خۆمان قایل بوین، هه‌موو نه‌وه‌كانم له ده‌وروبه‌رم بون" دایێ شه‌مێ بۆ (كه‌ركوك ناو) واده‌ڵێت.
سێ كچ و شه‌ش كوڕی هه‌بوو، به هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیانه‌وه 64 كه‌س بون، منداڵه‌كانی بێ باوك په‌روه‌رده كرد، چونكه هاوسه‌ره‌كه‌ی له شه‌ڕی هه‌شت ساڵه (1980-1988)ی عیراق و ئێران‌دا له‌ده‌ستداوه.
"من دایك و باوكیش بوم، ژیانێكی ساده‌مان هه‌بوو، قه‌ده‌ر رێگه‌ی نه‌دا به‌رده‌وامبێت".
كاتژمێر 8ی به‌یانی 3ی ئابی 2014ـیه، لەسەر نانی به‌یانی گوێبیستی بانگه‌وازی چه‌كدارانی داعش ده‌بن له‌رێی بڵندگۆوه، هێنده فریادهكهون له ماڵ ده‌ربچن و به‌ره‌و چیای شنگال بڕۆن.
خه‌ڵكی گرعوزێری باشوری قه‌زای شنگالن. "له 65 ئه‌ندامی خانه‌واده‌كه ته‌نیا 33 كه‌سمان گه‌یشتینه چیای شنگال، ئه‌وانیتر كه 32 كه‌س بون، له نێویاندا پێنج كوڕم كه‌وتنه ده‌ستی داعش".
له‌رێگه‌ی هه‌ڵاتندا له‌یه‌ك داده‌بڕێن، ئه‌وكاته دایێ شه‌مێ گه‌یشۆته چیای شنگال و له چاوه‌ڕوانی كوڕ و نهوهكانیدایه، به‌ڵام ته‌نیا كوڕێكی بەناوی ئه‌حمه‌د ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئەویش فیشه‌ك به‌ر قاچی كه‌وتووه.
32 كه‌س له خانه‌واده‌كه‌م كه‌وتنه ده‌ستی داعش
به‌پێی ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی به دایێ شه‌مێ گه‌یشتۆته‌وه، داعش داوای گۆڕینی ئایینی له كوڕه‌كانی كردووه، دوای دابڕانیان له هاوسه‌ر و منداڵەکانیان، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردۆته‌وه و به‌رجه‌س-ی كوڕه گه‌وره‌ی وتویه‌تی "هەر بە ئێزدی دەمرین و ئاینی خۆمان ناگۆڕین".
پێنج كوڕه‌كه‌ی دایێ شه‌مێ، له‌گه‌ڵ دوو نه‌وه‌یدا كه كوڕی به‌رجه‌س بون -یه‌كێكیان خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی و ئه‌ویتر له كۆلێژی زانستی بایۆلیۆژی زانكۆی موسڵ بون- هه‌مویان ده‌درێنه بەر ده‌ستڕێژی گولـله.
هاوسه‌ر و منداڵ و رفێنراوه‌كانی دیكه‌ی خانه‌واده‌كه ره‌وانه‌ی به‌عاجی خۆرئاوای موسڵ ده‌كرێن، له‌وێ نه‌وه‌یه‌كی دایێ شه‌مێ، كچی به‌رجه‌س-ی كوڕی، به‌ناوی جیلان، كاتێك چه‌كدارانی داعش هه‌وڵده‌ده‌ن له ئه‌میرێكی ماره بكه‌ن و ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر، ده‌ماری ده‌ستی ده‌بڕێت و گیانله‌ده‌ستده‌دات.
گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و كچه تا راده‌ستی ئاره‌زوی چه‌كدارانی داعش نه‌بێت وه‌ك چیرۆكێكی كاریگه‌ر له نێو ئێزییهكاندا باسده‌كرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، له رۆژانی سه‌رگه‌ردانی و ئاواره‌ییدا، هه‌واڵی ناخۆشتر به دایێ شه‌مێ ده‌گات.
"ئه‌حمه‌دی كوڕم رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه و هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی به برازاكانیهوه بكات، به‌ڵام چه‌كدارێكی داعش وه‌ڵامده‌داته‌وه و ده‌ڵێت هه‌ر هه‌مویان كوژراون".
كاتێك له نه‌مانی ته‌واوی 32 رفێنراوه‌كه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی دڵنیاده‌بێته‌وه، دایێ شه‌مێ ده‌چێته به‌رزاییه‌كی چیای شنگال تا كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، به‌ڵام نه‌وه‌یه‌كی به گریان و پاڕانه‌وه‌ی زۆر په‌شیمانی ده‌كاته‌وه.
"پاشگهزبومهوه چونكه ده‌مزانی به مردنیش ئارام نابم له‌كاتێكدا هێشتا ژماره‌یه‌ك له نه‌وه‌كانیشم له ژیاندا ماون".
له‌وكاته‌وه دایێ شه‌مێ له سۆراغدایه، كۆڵنادات و له هه‌موو مه‌راسیمه‌كاندا به‌شداره، تا ده‌نگی ئێزیدییه‌كان به دنیا بگه‌یه‌نێت و بێسه‌روشوێنانی دیكه‌ش بدۆزرێنه‌وه.
ده‌مزانی به مردنیش ئارام نابم
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی ئازادكردنی رفێنراوانی ئێزیدی له شه‌ش هه‌زار و 417 رفێنراو هێشتا زیاتر له دوو هه‌زار كه‌سیان بێسه‌روشوێنن.
دایێ شه‌مێ هه‌رچه‌نده منداڵ و نه‌وه‌كانی له ریزی قوربانیاندا هه‌ژمارده‌كرێن به‌ڵام گۆڕ ونن و نازانێت له كوێ خراونه‌ته ژێر گڵه‌وه.
"ئێستا شه‌ش نه‌وه‌م لایه، ئه‌وه‌ی هۆكاری ئارامی منن، ئه‌وانی تر چونه‌ته ئوسترالیا و وڵاتانی ئه‌وروپا".
شه‌ش ساڵه ئاوارهیە و بەنیاز نییە بگه‌ڕێته‌وه شنگال.
ڤیدیۆ: دایێ شه‌مێ له‌به‌رده‌م وێنه‌ی قوربانییه‌كاندا كوڕ و نه‌وه‌كانی ده‌لاوێنێته‌وه
"چۆن بتوانم چاوم له‌و خاكه ببڕمەوە كه زۆربه‌ی ئەندامانی خانه‌واده‌كه‌می تێدا كوژرا؛ چۆن ده‌چمه ئه‌و شوێنه‌ی ئازیزانی منی تێدا درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله".
دایێ شه‌مێ له هیچ شتێك دڵنیانییه، به دوری نازانێت جارێكی‌تر روبه‌ڕوی كاره‌سات ببنه‌وه، وه‌ك چۆن به درێژایی مێژوو له روداوی ناخۆش بێبه‌ش نه‌بون، بۆیه جارێ خێوه‌ت جێناهێڵێت و ده‌ڵێت "دەمەوێ یەتیمی ئاوارەیی بم نەک ببمە سەروەر و سه‌رۆكی زێدی خۆم".