حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بڕیاریدا به قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن و داخستنی ده‌روازه سنورییه‌كان و شوێنه گشتییه‌كانی وه‌ك چێشتخانه و مۆڵ، به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22ی كانونی یه‌كه‌می 2020 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق چه‌ند بڕیارێكی نوێی بۆ خۆپارێزی له كۆرۆنا ده‌ركرد.
به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عیراق كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، له 24ی ئه‌م مانگه‌وه ته‌واوی شوێنه گشتییه‌كانی وه‌ك چێشتخانه و مۆڵه‌كان بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته داده‌خرێن.
هه‌روه‌ها بڕیاردراوه به داخستنی ته‌واوی ده‌روازه سنورییه‌كان ته‌نیا له‌كاتی زۆر پێویستدا ده‌كرێنه‌وه.
حكومه‌تی عیراقی گه‌شتكردنی بۆ چه‌ندین وڵات قه‌ده‌غه كردووه له‌وانه ئێران، به‌ریتانیا، باشوری ئه‌فریقا، هۆڵه‌ندا، دانیمارك و به‌لجیا، رێگه‌نادرێت هیچ هاوڵاتییه‌كی ئه‌و وڵاتانه‌ش بچنه عیراق.
هه‌ر هاوڵاتییه‌كی عیراقی له‌و وڵاتانه‌وه ویستی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌بێت، پێویسته به ناچاری بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ كه‌ره‌نتینه بكرێن و تێكه‌ڵ به خه‌ڵك نه‌بن تا ده‌رده‌كه‌وێت توشبوی كۆرۆنا نین.
حكومه‌تی عیراق داوا له هاوڵاتیان ده‌كات رێكاره‌كانی خۆپارێزی په‌یڕه‌و بكه‌ن له نێویاندا به‌كارهێنانی ده‌مامك و دوركه‌وتنه‌وه له قه‌ره‌باڵغی.
هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه كه داوایانكردووه له پێنجشه‌ممه 24ی كانونی یه‌كه‌مه‌وه، رۆژانه له كاتژمێر 8ی شه‌وه‌وه تا كاتژمێر 6ی به‌یانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بسه‌پێنرێت، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند مانگێك دێت له هه‌ڵگرتنی یه‌كجاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له وڵات‌دا.
ئه‌و بڕیارانه‌ی حكومه‌ت دوای بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی نوێی كۆرۆنا دێت له به‌ریتانیا و ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌وروپا.
ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له عیراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته 586 هه‌زار و 503 كه‌س، له‌و ژماره‌یه 524 هه‌زار و 344 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه، 12 هه‌زار و 725 هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیانله‌ده‌ستداوه.