رێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتی
خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەكردوو لەسەر ئاستی عیراق بە (كەركوك ناو) دەدات

بایەخدانی (كەركوك ناو) بە پرسەكانی ژنان و روماڵی پرسە جێندەرییەكان لە كۆمەڵگەدا بەشێوەی پڕۆفیشناڵ، هۆكارێكی سەرەكی پێدانی خەڵاتەكە بووە

كەركوك ناو

ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەکردوو بۆ ساڵی 2020 وەردەگرێت، ئەوەش لە پێشبڕكێیەكدا بۆ ئەو دەزگا راگەیاندنانەی عیراق، كە بایەخیان بە روماڵی پرسەکانی ژن و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگا داوە.

ئەو پێشبڕكێیە كە لەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوز-ی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەچوو، تیایدا لەنێو دەیان دەزگای راگەیاندندا، لیژنەیەكی پسپۆڕ لە کادیری ئینتەرنیوز، شارەزایانی میدیایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، (كەركوك ناو)یان بە براوەی خەڵاتە دەستنیشانكرد بۆ ساڵی 2020.

رێکخراوی ئینتەرنیوز، ئەمساڵ یەکەمین بانگەوازی کراوەی راگەیاند، تیایدا بڕیاریدا گەشەكردوترین دەزگای راگەیاندن بۆ ساڵی 2020 لەسەر ئاستی عیراق خەڵات بكات، كە باشترین روماڵی هەبووە بۆ پرسەكانی ژنان و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگا، هاوكات خەڵاتێكی تر بۆ سێ راگەیاندنكاری مێینە.

بەپێی پێشبڕكێیەكە، لەپاڵ دیاریكردنی دەزگایەكی راگەیاندنی گەشەكردوو بۆ ساڵی 2020، كە  (كەركوك ناو) خەڵاتەكەی لەسەر ئاستی عیراق بردەوە، هاوكات سێ راگەیاندنكاری مێینەش خەڵاتیان پێدرا كە لە ماوەی هەمان ساڵدا باشترین رۆماڵی نیشتیمانی پرسی مافەكانی ژنانیان كردووە.

پێنجشەممە 24ی كانونی یەكەم، لێپرسراوانی رێکخراوی ئینتەرنیوز-ی نێودەوڵەتی لەڕێی تەلەفون و ئیمەیڵەوە پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتەكەیان لە ستافی (كەركوك ناو) كرد. كە بڕی خەڵاتەكە 5000 هەزار دۆلارە.

"لە رێگای ئەم خەڵاتەوە، رێکخراوی ئینتەرنیوز هەوڵ بۆ هاندان و پێشخستنی بەرهەمهێنانی بابەت و ناوەڕۆکی میدیایی دەدات لەسەر بنەمای پرسە جێندەرییە هەستیارەکان و خستنەڕوو و روماڵی ئەو پرسانەی کە پەیوەندیان بە مافەکانی ژنانەوە هەیە"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی ئینتەرنیوز.

لە رێگای ئەم خەڵاتەوە، رێکخراوی ئینتەرنیوز هەوڵ بۆ هاندان و پێشخستنی بەرهەمهێنانی بابەت و ناوەڕۆکی میدیایی دەدات لەسەر بنەمای پرسە جێندەرییە هەستیارەکان

هەر لە چوارچێوەی ئەو پێشبڕكێیەدا، ئینتەرنیوز خەڵاتی سێ راگەیاندكاری مێینەی كرد، لەنێو دەیان بەشداربوو لەسەر ئاستی عیراق، ئەوانیش هەریەكە لە سەنار حەسەن، ئارەزوو نوری حەكیم و نەهلا نەجا عەبدوڵا.

(کەرکوک ناو)، ماڵپەڕێکی هەواڵیی ئەلیکترۆنی سەربەخۆیە، ئەو چیرۆک و روداوانە بڵاودەکاتەوە کە پەیوەندییان بەو ناوچانەوە هەیە کە لە دەستوری عیراقدا بە ناوچەکانی جێناکۆک ناودەبرێت، ئەوەش بەئامانجی پتەوکردنی پێکەوەژیان لەو ناوچانە و دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەک بۆ گەیشتن بە زانیارییەکان.

internews
لۆگۆی رێكخراوی ئینتەرنیوز

لە سەرەتای 2019ەوە (كەركوك ناو) بڕیاریدا زۆرێک لە بنکۆڵکاریی و بەدواداچونەکانی بۆ پرسەکانی پەیوەست بە ژنان تەرخانبکات و بەپێی ئامارێك  لە (مانگی سێی 2019 تاوەکو تەمموزی 2020) زیاتر لە 20 بنکۆڵکاریی بۆ پرسەكانی ژنان هەبوو. بە نزیكەی بۆ هەر مانگێك دوو بنكۆڵكاریی، ئەمە جگە لە دەیان بابەتی تری رۆژنامەوانی لە راپۆرت، بەدواداچون و هەواڵ و سپۆت.

هاوكات ماڵپەڕەكە بەشێکی نوێی بە ناوی "چیرۆکی من" کردەوە، کە تا ساتی پێشكەشكردنی پێشبڕكێیەكە لەکۆی 21 چیرۆکی سەرکەوتن، 16یان تایبەتکراون بە ژنان، تیایدا توانای ئەو ژنانە نیشاندەدات و بڵاودەکاتەوە، کە بەهەوڵ و ماندوبونی خۆیان و بێ گوێدانە بەربەستانەی كۆمەڵگە توانیویانە سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

هەموو ئەو چیرۆكانە بە زمانەکانی كوردی، عەرەبی، ئینگلیزیی و تورکمانیش بڵاوکراونەتەوە و زۆرینەیان ئەو خانمانە بون كە لەناوچە نائارامەكان و ناوچەكانی جەنگ لە بوارێكدا سەركەوتوو بون.

ئامانجێکی گرنگی KirkukNow لە کردنەوەی بەشی "چیرۆکی من" لەپاڵ نیشاندانی توانای ئەو ژنانەی کە کەمتریان چاوی راگەیاندنیان لەسەرە، هەروەها هاندانی ژنان و کچانی ترە، تا گوێ بە بەربەستەکانی بەردەمیان نەدەن و بەدوای بەدیهێنانی خەونەکانیان بکەون.

بەشێکی تری کارە رۆژنامەوانییەکانی KirkukNow کە تایبەتکرابون بە پرسەکانی ژنان، لەساڵی 2019ە تا ناوەڕاستی 2020 گەیاندنی دەنگی ژنانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بوو، لەوانە کاکەیی، ئێزیدی، كریستیان، ژنانی تورکمان و كەمینەكانی تر، کە کەمترین چاوی راگەیاندنیان لەسەرە.

لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر عیراق لە حوزەیرانی 2014ەو ئاوارەبونی خەڵک، KirkukNow پرسی رۆماڵکردنی ژنانی ئاوارە و ژنانی قوربانی دەستی داعشی بە ئەرکێکی خۆی زانی، لەو نێوەندا دا بەشێکی گرنگی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی بۆ نیشاندانی مەینەتییەکانیان تەرخانکرد. ئەوەش بەهاوکاری تیمێکی راهێنراو لە رۆژنامەنوسانی مێینە لە KirkukNow، کە دەیانتوانی بە ئاسانتر تێکەڵی ژنان ببەن و مەینەتیی و خەم و ئازارەکانیان بگوازنەوە.

بڕوانە نمونەی چەند لینکێکی تایبەت بە ژنانی ئاوارە و قوربانیانی دەستی داعش:

https://www.kirkuknow.com/ku/news/59982

https://www.kirkuknow.com/ku/news/59970

https://www.kirkuknow.com/ku/news/62777

https://www.kirkuknow.com/ku/news/62731

https://www.kirkuknow.com/ku/news/61787

لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆرۆنا، KirkukNow بە هاوکاری چەند رێکخراوێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بڕیاریدا چاودێریی دۆخی ژنان و كچان بکات لەوکاتەی لە ماڵەوەن بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا.

ئامانجی KirkukNow ئەوە بوو تا بزانن ژنان چۆن کەرەنتینە تێدەپەڕێنن و گرفتەكانیان چییە و چۆن دەتوانن بە ئاسودەیی لەماڵەوە بن و گوزەرانیان چۆنە. هەروەها کاریگەرییەکانی مانەوە لەماڵ چۆنە لەسەریان.

kirkuknow-1
خەڵاتی (كەركوك ناو)، لەلایەن رێكخراوی ئینتەرنیوز-ی نێودەوڵەتییەوە

KirkukNow لە نیسانی 2011دا وەک ئاژانسێکی هەواڵی ئۆنلاین دەستبەکاربوو، تاکە دەزگای میدیاییە کە روماڵی پەرەسەندنەکان دەکات لە ناوچەکانی جێناکۆکی عیراق بە هەرسێ زمانە سەرەکییەکەی ئەو ناوچانە – عەرەبی، کوردیی و تورکمانی- هەروەها بە زمانی ئینگلیزی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT