قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، له بواره‌كانی ئابوری و خزمه‌تگوزاریدا بوژانه‌وه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، دوای چه‌ندین ساڵ له نائارامی و ئاواره‌یی.
چی گۆڕاوه؟
"تا ناوه‌ڕاستی 2018، له ته‌له‌عفه‌ر مۆڵ، ئارایشتگای ژنان، فڕن، خواردنی رۆژئاوایی، قاوه‌خانه و یاریگایه‌كی بچوك وه‌ك شاره‌كانی تر، به‌ڵام ئه‌مڕۆ چوار مۆڵ، ده‌یان ئارایشتگا، فڕن، قاوه‌خانه و خواردنگه‌ی جیاواز هه‌ن، له‌گه‌ڵ 13 یاریگای دوگۆڵی بچوكی پێنج كه‌سی" عیزه‌دین مه‌حمود، ده‌رباره‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌ی شاره‌كه‌ی واده‌ڵێت.
عیزه‌دین (49)، دانیشتوی ته‌له‌عفه‌ر به (كه‌ركوك ناو)ی وت ئه‌و گۆڕانكاریی و گه‌شه‌سه‌ندنه وایكردووه گه‌نجان دوای ساڵانێك له فشاره‌كانی جه‌نگ و ململانێی چه‌كداری بتوانن هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ن.
ئێستا بوین به یه‌ك جه‌سته و هیچ شتێك ناتوانێت یه‌كگرتوییمان تێكبدات
"چالاكوانانی شاره‌كه، به هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه، رێكخراوی ناوخۆیی و تیمی خۆبه‌خشیان دا‌مه‌زراند، له هه‌ڵمه‌ته‌كانی پاككردنه‌وه و سه‌وزكردندا به‌شدارن، به‌شێكیان چونه‌ته خولی پیشه‌یی و گه‌شه‌پێدان به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌زمونی زیاتر و به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانیان، هه‌روه‌ها چه‌ندین كۆڕ و كۆبه‌ندی شیعری و هونه‌ری و رۆشنبیری به‌ڕێوه‌چون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێشتر له ته‌له‌عفه‌ر نه‌بون" به‌وته‌ی عیزه‌دین مه‌حمود.
ته‌له‌عفه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش و به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانه‌وه روبه‌ڕوی وێرانكاری گه‌وره بۆوه، زیانی زۆر به‌ر موڵك و ماڵی هاوڵاتیان و حكومه‌تیش كه‌وت.
فادیه قاسم (31 ساڵ)، هاوڵاتیه‌كی دیكه‌ی شاره‌كه‌یه و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌پڵه‌مان بۆ ئه‌و كه‌سانه لێده‌دا كه هه‌وڵی په‌رته‌وازه‌كردنیان ده‌داین، به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌كه جیاوازه، بوین به یه‌ك جه‌سته و هیچ شتێك ناتوانێت یه‌كگرتوییمان تێكبدات، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم ته‌له‌عفه‌ر لاپه‌ڕه ره‌شه‌كانی پڕ له خه‌م و تونده‌ڕه‌وی و توندوتیژی داخست و ئێستا ژیانێكی نوێ ده‌ژی".
گه‌ڕانه‌وه‌ی پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان
"سه‌رباری قه‌یرانی دارایی له وڵات‌دا، له ته‌له‌عفه‌ر ژماره‌یه‌ك پرۆژه جێبه‌جێكراون له‌نێویاندا قیرتاو و شۆسته‌ی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان،... گۆڕینی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو كه رۆڵی له كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌مئاویدا هه‌بووه، له‌گه‌ڵ بنیاتنانی ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی به‌شێوازی مێژویی" عه‌لی حسێن، چالاكوانی توركمانی وای وت.
حسێن (38 ساڵ) ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی وێرانكارییه‌كانی ته‌له‌عفه‌ری بینیووه دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی له كۆتایی 2017دا پێیوابووه كاتێكی زۆری ده‌وێت تا جارێكی‌تر ژیان بۆ شاره‌كه بگه‌ڕێته‌وه، له‌كاتێكدا بودجه‌ی پێویست نه‌بوو، ژێرخانی شاره‌كه‌ش داڕوخابوو.
ته‌له‌عفه‌ر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ)، له حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و به‌هۆیه‌وه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌بون، كه نیوه‌یان له دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌وه -له ئابی 2017ـه‌وه تائێستا- گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
سه‌قامگیری ئه‌منی
له‌روی ئه‌منییه‌وه، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له پۆلیس، "له دوای كۆنتڕۆڵكردنیه‌وه تائێستا، جگه له ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو له 25ی كانونی یه‌كه‌می 2018دا، هیچ پێشێلكارییه‌كی دیكه‌ی ئه‌منی له شاره‌كه‌دا تۆمارنه‌كراوه، له‌كاتێكدا پێشتر له پێشه‌نگی هه‌واڵه‌كاندا بوو، چونكه لانیكه‌م رۆژانه ته‌قینه‌وه رویده‌دا و به بارودۆخێكی زۆر خراپی ئه‌منیدا تێده‌په‌ڕی".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بازاڕه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر ئێستا تا دره‌نگانی شه‌و خه‌ڵك رویانتێده‌كات، له تشرینی دوه‌می 2020ـیشه‌وه به‌شی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی كراوه‌ته‌وه، كه رۆڵی زۆریان له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی هاوڵاتیان به ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه هه‌یه".
له ساڵانی 2004 تا 2010 هه‌زاران هاوڵاتی توركمانی دانیشتوی ته‌له‌عفه‌ر بونه قوربانی و ئاواره‌بون به‌هۆی كرده‌وه‌ی توندوتیژیی تائیفییه‌وه.
په‌یوه‌ندی نێوان هاوڵاتیان پته‌وتر بووه
له روی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، "رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان هاوسۆزیی و پاڵپشتی زۆری خه‌ڵك و بازرگانه‌كانیان تۆماركردووه بۆ هاریكاری بێوه‌ژن و منداڵانی بێ دایك و باوك و خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت، ره‌نگه ته‌له‌عفه‌ر تاكه شاری عیراقیش بێت كه سواڵكه‌ری تێدا نییه" به‌وته‌ی له‌یلا عه‌بدوڵا، خۆبه‌خش له رێكخراوێكی ناوخۆیی.
له‌یلا (25 ساڵ) پێیوایه "هۆشیاری له نێو هاوڵاتیان له‌سێ ساڵی رابردودا زۆر زیاتر بووه، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پته‌وتر و نزیكتر بون، له‌كاتێكدا هه‌ندێك چاوه‌ڕێی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بون.. به‌ڵام واقیعه‌كه به پێچه‌وانه‌وه كه‌وته‌وه، ئه‌و ترسه نه‌ما و وایكرد ده‌وروبه‌ری سه‌دا 60ی دانیشتوانه‌كه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه".
"پێشتر به‌هۆی خراپی بارودۆخی ئه‌منییه‌وه، پێكهاته‌ی ئێزیدی و هاوڵاتیانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له سه‌ردانیكردنی قه‌زاكه دابڕابون، به‌ڵام ئێستا له بازاڕ و كلینیكه پزیشكییه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كاندا پڕن".
هه‌ندێك چاوه‌ڕێی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بون به‌ڵام واقیعه‌كه به پێچه‌وانه‌وه بوو
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له ته‌له‌عفه‌ر، هه‌زاران خێزانی ئاواره له كه‌مپه‌كانی كه‌ربه‌لا، نه‌هره‌وان له به‌غدا و حه‌سه‌ن شام له هه‌ولێر به خواستی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، دوای چه‌ند ساڵێك له وه‌سفكردنی به لار و لاواز، ورده‌ورده له ناخۆشی و ته‌نگانه ده‌رده‌چێت، هه‌وڵده‌دات باوه‌ش بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی له پێكهاته جیاوازه‌كان بكاته‌وه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌هێزتر بكات.