رێژه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ نه‌ینه‌وا ته‌نیا سه‌دا 2.2ـه‌

توركمان و ئێزیدییه‌كانی نه‌ینه‌وا: هێنده‌ی زیانه‌كانمان قه‌ره‌بوو ناكرێینه‌وه‌

نه‌ینه‌وا، 2018، هاوڵاتییه‌ك له‌سه‌ر داروپه‌ردوی خانوه‌ روخاوه‌كه‌ی له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – یوسرا عه‌لی / نه‌ینه‌وا

دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ئاواره‌یی، ئه‌و خێزانه‌ توركمانیی و ئێزیدییانه‌ی بۆ زێدی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گله‌ییان له‌ پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه هه‌یه‌، چونكه‌ كه‌متره‌ له‌و زیانانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ به‌ریانكه‌وت.

"خانوه‌كه‌م له‌ ساڵی 2013دا بڕی 60 ملیۆن دیناریان پێدام تا بیفرۆشم، به‌ڵام له‌ ساڵی 2018دا و دوای كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی داعش ته‌نیا داروپه‌ردوی مایه‌وه‌ و به‌هۆی بۆردومانی ئاسمانییه‌وه‌ روخا، دوای ئه‌وه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان كردیان به‌ مۆڵگه‌" كه‌مال مه‌حمود (55 ساڵ) وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ماڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری زۆرینه‌ توركمان، كاتێك له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی قه‌ره‌بووی كردووه‌، به‌ڵام توشی شۆك بووه‌، چونكه‌ ئه‌و قه‌ره‌بوه‌ی وه‌ریگرتووه‌ كه‌متره‌ له‌ چاره‌كی ئه‌و زیانه‌ی به‌ریكه‌وتووه‌ و به‌ مافی خۆی ده‌زانێت.

مه‌حمود به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌م له‌ده‌ستدا له‌گه‌ڵ خانوو و دوكانه‌كانمدا، بۆیه‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمداوه‌ ناگونجێت".

هیچ شوێنێك بۆ نیشته‌جێبون جگه‌ له‌ شه‌قامه‌كان شكنابه‌م

له‌ قه‌زای شنگالی زۆرینه‌ ئێزیدی، هه‌مان كێشه‌ روبه‌ڕوی حه‌واس سه‌میر بۆته‌وه‌ كاتێك دوای شه‌ش ساڵ له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و وتی "هه‌زاران خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان و ساده‌ترین هۆكاری سه‌قامگیرییان پێشكه‌ش نه‌كراوه‌، نه‌ دارایی نه‌ مه‌عنه‌وی".

خانوه‌كه‌ی سه‌میر له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه‌ی داعشه‌وه‌ خاپور كراوه‌، به‌ڵام هیچ قه‌ره‌بوو و هاوكارییه‌كی دارایی نه‌كراوه‌ تا نۆژه‌نیبكاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌یه‌كێك له‌و خانوانه‌دا نیشته‌جێی بووه‌ كه‌ هێشتا خاوه‌نه‌كانیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

"له‌ خانو‌یه‌كدا نیشته‌جێبوم كه‌ نازانم خاوه‌نه‌كه‌ی كێیه‌، ناشزانم كه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ركاتێك بگه‌ڕێته‌وه‌ هیچ شوێنێك بۆ نیشته‌جێبون جگه‌ له‌ شه‌قامه‌كان شكنابه‌م، به‌راستی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ ده‌یبه‌خشێت به‌ هاریكاری راسته‌قینه‌ هه‌ژمارناكرێت".

 التعويضات في تلعفر 2020
نه‌ینه‌وا، 2020، راییكردنی مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوی زیانه‌كانی شه‌ڕ له‌ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

سه‌دا 2.2ی زیانلێكه‌وتوان قه‌ره‌بوكراونه‌ته‌وه‌

لیژنه‌ی ناوه‌ندی بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ جه‌نگییه‌كان و هه‌ڵه‌ سه‌ربازییه‌كان و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، سێشه‌ممه‌ 22ی كانونی یه‌كه‌می 2020، نوێترین لیستی ناوی سودمه‌ندبوانی قه‌ره‌بووی بۆ هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار بڵاوكرده‌وه‌.

محه‌مه‌د مه‌حمود عه‌كله‌، به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی لاوه‌كی بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان له‌ نه‌ینه‌وا وتی "دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا، له‌ تشرینی دوه‌می رابردودا 510 بڕیاری په‌سه‌ندكردووه‌ بۆ قه‌ره‌بوی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان، ئێمه‌ ئێستا چاوه‌ڕێی ته‌رخانكردنی بودجه‌ین تا قه‌ره‌بوه‌كه‌‌ بكه‌ینه‌وه‌".

رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ وردبینی ئه‌منیش بۆ مامه‌ڵه‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ خێراتر كراون و هه‌ر له‌و مانگه‌دا دوو هه‌زار ناو له‌ وردبینی ئه‌منی ده‌رچون، به‌وته‌ی محه‌مه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو).

له‌كۆی 90 هه‌زار كه‌س كه‌متر له‌ دوو هه‌زار كه‌س قه‌ره‌بوكراونه‌ته‌وه‌

ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی تائێستا قه‌ره‌بویان وه‌رگرتووه‌ هه‌زار و 988 ناو تێناپه‌ڕێنن، له‌كاتێكدا بڕیاردراوه‌ 90 هه‌زار مه‌ده‌نی له‌ نه‌ینه‌وا قه‌ره‌بوبكرێنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی 50 هه‌زار كه‌س ته‌واوكراوه‌، كه‌ له‌كاتی شه‌ڕ و ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا دژی داعش زیانی گیانی و ماڵییان به‌ركه‌وتووه‌".

دادوه‌ر موزه‌فه‌ر مه‌هدی ساڵح، سه‌رۆكی لیژنه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، ئابی رابردوو ئاشكرایكرد "مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی له‌ كه‌سوكاری كوژراو و بریندارانی ده‌ستی داعش و كاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان ته‌واو كراوه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی 30 هه‌زار مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانی موڵك و ماڵ".

هه‌روه‌ها وتی "قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ به‌ چه‌ند قۆناغێك خه‌رجده‌كرێت، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كان ده‌دات و بودجه‌ی پێویست ته‌رخانده‌كات".

shngal-15
نه‌ینه‌وا، 2018، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

رێكاری ئاڵۆز و قه‌ره‌بوی كه‌م

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ ئاداری رابردودا دابه‌شكردنی پاره‌ی قه‌ره‌بوی به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری 600 زیانلێكه‌وتوی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر راگه‌یاند، ئه‌وكات وتی به‌ ته‌واوی مامه‌ڵه‌كانی قه‌ره‌بو پێویستیان به‌ 200 ملیار دینار هه‌یه.

"لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌بوو له‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتواندا په‌له‌ بكه‌ن تا له‌ قه‌باره‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوو، بۆ نمونه‌ زیانلێكه‌وتوانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌ی ته‌له‌عفه‌ر له‌ ساڵی 2007دا دوای زنجیره‌یه‌ك رێكاری ئاڵۆز له‌ ساڵی 2018دا قه‌ره‌بویان وه‌رگرت" ئامینه‌ عه‌لی (62 ساڵ)، دانیشتوی ته‌له‌عفه‌ر وای وت.

له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ گرفته‌كه‌ ته‌نیا دواكه‌وتن نییه‌، به‌ڵكو هه‌ر قه‌ره‌بوو نییه‌، وه‌ك سه‌عد حه‌مۆ، چالاكوانی مه‌ده‌نی وتی "له‌ ساڵی 2015ـه‌وه‌ زیاتر له‌ 20 هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شنگال به‌ڵام تائێستا وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ و ته‌نیا ناوی خه‌ڵك تۆماركراوه‌".

ڤیدیۆ: زیانه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ شنگال / كه‌ركوك ناو

به‌پێی یاسای ژماره‌ 20ی ساڵی 2009 هه‌مواركراو، كه‌سوكاری كوژراو و بریندارانی سه‌خت به‌ پێنج ملیۆن دینار قه‌ره‌بووده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی برینه‌كانیان سوكه‌ به‌ له‌ نێوان دوو ملیۆن و 500 هه‌زار تا چوار ملیۆن و 500 هه‌زار دیناریان پێده‌درێت، هه‌ر كه‌سێكیش قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه‌ بگیرێته‌وه‌ موچه‌ی مانگانه‌ی خانه‌نیشینی بۆ خه‌رجده‌كرێت.

قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر (69كم باكوری خۆرئاوای موسڵ) له‌ حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانه‌وه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كه‌ 225 هه‌زار كه‌س بون ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ بون، له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنیه‌وه‌ له‌ ئابی 2017ـه‌وه‌ تائێستا ده‌وروبه‌ری سه‌دا 60ی ئاواره‌كانی شاره‌كه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه.

چه‌كدارانی داعش، دوو مانگ دوای ته‌له‌عفه‌ر و هه‌ر له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگال (80كم خۆرئاوای موسڵ)‌، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌و گروپه‌وه‌ له‌ ئابی 2014دا زیاتر له‌ هه‌زار هاوڵاتی ئێزیدی كوژراون، هه‌زاران منداڵ بێ باوان بون، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار ئێزیدی رفێنران و 100 هه‌زار كه‌سیش به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی عیراق كۆچیان كرد، به‌رله‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ 2015دا كۆنتڕۆڵبكرێته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT