رۆژنامه‌نوسان ساڵێكی سه‌ختیان به‌ڕێكرد
كه‌ركوك له‌ ریزبه‌ندی دوه‌می پێشێلكارییه‌كاندایه‌

كفری، كانونی یه‌كه‌می 2020، خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر شه‌قامێكی سه‌ره‌كی قه‌زاكه‌ تایه‌ ده‌سوتێنن

ساڵی 2020؛ بۆ رۆژنامه‌گه‌ری له‌ عیراق ساڵێكی سه‌خت بوو، چوار رۆژنامه‌نوس كوژران و 305 پێشێلكاری دیكه‌ی جۆراوجۆر تۆماركران، له‌وه‌شدا كه‌ركوك له‌ ریزبه‌ندی دوه‌مدایه‌ دوابه‌دوای به‌غدا.

كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ عیراق، (305) پێشێلكاری دژی رۆژنامه‌نوسان له‌ شاره‌ جیاوازه‌كانی عیراقدا تۆماركردووه‌، له‌ نێو پێشێلكارییه‌كاندا تیرۆركردن، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، ده‌ستگیركردن، ده‌ستبه‌سه‌ركردن، په‌لاماردان و رێگریی، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی، هێرشی چه‌كداری بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوس و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان، برینداركردنی رۆژنامه‌نوس و داخستنی دامه‌زراوه‌ی میدیایی.

له‌ راپۆرته‌كه‌یدا كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ئاماژه‌ی به‌ "مه‌ترسیدارترین" پێشێلكارییه‌كانی سێ مانگی یه‌كه‌می 2020 كردووه‌ كه‌ هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراق.

زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی پێشێلكاریش له‌كاتی رێكاره‌كانی سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا بووه، به‌جۆرێك رۆژنامه‌نوسان كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ نه‌یده‌گرتنه‌وه‌ مافه‌كانیان پێشێلكراوه‌ و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كاركردنیاندا دروستكراوه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، سه‌رباری مه‌ترسی كاری رۆژنامه‌نوسی له‌وكاته‌دا بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری.

 

كوشتن و پێشێلكاری

رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنور، له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ سێ په‌یامنێر به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌ی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو برینداربون له‌كاتی روماڵی خۆپیشاندانه‌كاندا، رۆژنامه‌نوسێكی دیكه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان گیانیله‌ده‌ستداوه‌، كاتێك ویستویه‌تی له‌ پێكدادانی نێوان پۆلیس و خۆپیشانده‌ران هه‌ڵبێت.

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شبونی پێشێلكارییه‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكانی عیراقدا، كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ راپۆرته‌كه‌یدا نمونه‌ی 17 پارێزگای هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدا به‌غدای پایته‌خت دێت و به‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رته‌سك بۆ ئازادی كاری رۆژنامه‌نوسی بۆ دوو ساڵ له‌سه‌ریه‌ك وه‌سفی ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ تۆماركردنی 61 پێشێلكاری.

پارێزگای كه‌ركوك، به‌ 58 پێشێلكاری دژی رۆژنامه‌نوسان له‌ پله‌ی دوه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریدایه‌.

slemaniii
سلێمانی/ 11ی كانونی یەكەمی 2020/ گازی فرمێسكڕیژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دژ بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێنرێت فۆتۆ: زمناكۆ ئیسماعیل

كه‌ركوك له‌ پێشێلكارییه‌كاندا دوای پایته‌خته

ته‌نیا سێ پێشێلكاری پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌غدای پایته‌خت جیاده‌كاته‌وه‌، به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، كه‌ شوێن و كاتی پێشێلكارییه‌كانیشی تۆماركردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌ سێ دیارترین حاڵه‌تی ده‌ستگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌ كه‌ركوك كراوه‌، ئه‌وانیش:

- له‌ 14/5/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك تیمی كه‌ناڵی (كوردستان 2)یان له‌ باره‌گایه‌كی لیوای سه‌ربازیدا ده‌ستبه‌سه‌ركرد كه‌ له‌ هێمن ده‌لۆیی په‌یامنێر و نه‌وزاد محه‌مه‌دی وێنه‌گر پێكهاتبون، ته‌له‌فۆن و كامێرا و پێداویستییه‌كانی دیكه‌یان لێوه‌رگرتون، ئه‌وه‌ش دوای روماڵی راسته‌وخۆی سوتانی به‌رهه‌می گه‌نم و جۆی جوتیارانی گوندی زه‌نقری سه‌ر به‌ قه‌زای داقوق.

- له‌ 2/8/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك سۆران كامه‌ران، په‌یامنێر و نه‌وزاد محه‌مه‌د، وێنه‌گری كه‌ناڵی (كوردستان24)یان له‌كاتی روماڵی خۆپیشاندانێكی جوتیاراندا ده‌ستبه‌سه‌ركرد.

- له‌ 14/12/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسیان له‌كاتی به‌ڕێكردنی ئه‌ركه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیاندا ده‌ستگیركرد كه‌ پێكهاتبون له‌ ئۆژین جۆڵا، سۆران محه‌مه‌د، سۆران عه‌بدولكه‌ریم، هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن و ئاكام وه‌زیری، كاتێك له‌ گوندی په‌ڵكانه‌ی ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی قه‌زای دوبز بون و تۆمه‌تباركران به‌ وه‌رنه‌گرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك و سوپا بۆ روماڵكردن له‌و ناوچه‌یه‌، كه‌ چه‌ندجارێك ئاڵۆزی تیایدا رویداوه‌ به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ دیارترین پێشێلكارییه‌كان له‌ جۆری لێدان و رێگری و دروستكردنی به‌ربه‌ست كردووه‌ دژی رۆژنامه‌نوسان له‌ كه‌ركوك:

- له‌ 27/1/2020، پۆلیسی كه‌ركوك رێگریی له‌ سه‌یف ئه‌نوه‌ر، په‌یامنێر و ئه‌یاد حه‌مه‌ وێنه‌گری كه‌ناڵی (سپێده) كرد، كه‌ روماڵی خۆپیشاندانێكی جوتیارانی قه‌زای دوبز ده‌رباره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان بكه‌ن.

- له‌ 18/2/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگرییان له‌ ژماره‌یه‌ك میدیا كرد روماڵی خۆپیشاندانی نێو بازاڕێكی كه‌ركوك بكه‌ن كه‌ ئه‌وانیش كه‌ناڵی ره‌شید، روداو، ئێن ئاڕتی، كوردستان24، كه‌ناڵی ئاسمانی توركمانی، كه‌ناڵی كه‌ركوك، به‌یان، ئای نیوز، هه‌ردوو ئاژانسی رۆیته‌رز و (كه‌ركوك ناو).

- له‌ 23/2/2020، هه‌ریه‌ك له‌ نه‌به‌ز میقداد، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی له‌ كه‌ركوك و دیار محه‌مه‌د، په‌یامنێر و عه‌لی نوره‌دین، وێنه‌گری كه‌ناڵه‌كه‌ روبه‌ڕوی په‌لاماردان و لێدان بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، له‌كاتی روماڵی خۆپیشاندانی دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی نه‌سر له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبون.

- له‌ 9/4/2020، له‌ بازگه‌یه‌كی ئه‌منی كه‌ركوك پۆلیسێكی هاتوچۆ هێرشیكردۆته‌ سه‌ر ئیبراهیم عه‌بدوڵا، وێنه‌گری كه‌ناڵی ره‌شید له‌كاتی رۆیشتنی بۆ روماڵی رێكاره‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.

rozhnamanusss-1
كەركوك/ 23ی ئابی 2020/ ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە چاوەڕوانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەرشەد ساڵحی و خالید مەفرەجی (بڕیاربوو كاتژمێر 12كۆنگرەكە بكرێت بەڵام تا دوو و 15 خولەك سازنەكرا) فۆتۆ: سۆران محەمەد

- له‌ 29/5/2020، هێزه‌كانی سه‌ر به‌ لیوای 61ی تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك ریگرییان له‌ تیمی رۆژنامه‌وانی كه‌ناڵه‌كانی عه‌هد، شه‌رقییه‌، گه‌لی كوردستان، روداو و ئاژانسی (كه‌ركوك ناو) كرد و ده‌ستیان به‌سه‌ر پێداویستییه‌كانیاندا گرت، كاتێك روماڵی خۆپیشاندانێكی جوتیارانیان بۆ داوای وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ سایلۆی كه‌ركوك، ده‌كرد.

- له‌ 1/6/2020، چه‌كدارێكی سه‌ر به‌ لیوای 61 رێگری له‌ محه‌مه‌د ساڵح، په‌یامنێری كه‌ناڵی دیجله‌ كرد له‌ كه‌ركوك روماڵ بكات.

- له‌ 6/6/2020، به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆی كه‌ركوك رێگه‌ی نه‌دا هیوا حوسامه‌دین، په‌یامنێر و ئه‌حمه‌د نه‌جات، وێنه‌گری روداو روماڵی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی لیژنه‌ی كشتوكاڵ بكه‌ن.

- له‌ 8/6/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك رێگرییان له‌ ئه‌جی جه‌وهه‌ر، په‌یامنێری كه‌ناڵی عیراقییه‌ی كوردی و هه‌ژار ره‌شید، په‌یامنێری ئاژانسی شه‌فه‌ق نیوز كرد روماڵی خۆپیشاندانێك بكه‌ن.

- له‌ 9/6/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك رێگه‌یان به‌ تیمێكی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی نه‌دا بگه‌نه‌ نوسینگه‌ و شوێنی كاركردنیان.

- له‌ 2/8/2020، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ لیوای 19 رێگرییان له‌ ئازاد شكور، په‌یامنێری كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان و تیمێكی ئێن ئاڕتی كرد روماڵی خۆپیشاندانێكی جوتیارانی كه‌ركوك بكه‌ن.

- له‌ 26/8/2020، چه‌كدارانی حه‌شدی عه‌شایه‌ری له‌ كه‌ركوك رێگرییان له‌ یوسف موراد، په‌یامنێری كه‌ناڵی كه‌ركوك و هێمن ده‌لۆیی، په‌یامنێری كه‌ناڵی كوردستان24 و ئۆژین جۆڵا، په‌یامنێری ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی كرد روماڵی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو بكه‌ن، كه‌ مه‌راسینێكی حوسێینییه‌ی كرده‌ ئامانج، جگه‌له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس روبه‌ڕوی په‌لاماردان بونه‌وه‌ و زیان به‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانیان كه‌وت.

- له‌ 7/10/2020، چه‌كدارێكی سه‌ر به‌ لیوای 16 له‌ كه‌ركوك رێگریی له‌ عه‌بدولقادر فواد، په‌یامنێری كه‌ناڵی توركمانی ئیلیی كرد روماڵی خۆپیشاندانێكی هاوڵاتیان بكات دژی هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای گه‌یشتنی به‌ فولكه‌ی محافه‌زه‌ رێگه‌نه‌دراوه‌ وێنه‌ بگرێت و هه‌ڕه‌شه‌ی شكاندنی كامێراكه‌یان كردووه‌.

nrt1
سلێمانی/ 7ی كانونی یەكەمی 2020/ هێزێكی ئەمنی لەبەردەم كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، دوای راگرتنی پەخشەكەیان فۆتۆ: NRT

هەرێمی كوردستان.. زیندانی فراوانتر و ئازادیی رۆژنامەوانی بەرتەسكتر

(كه‌ركوك ناو) له‌ به‌دواداچونێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی بە ئاڕاستەی بەرتەسەككردنەوەی ئازادی رادەربڕین فروانتر كردووە، لە زیندانەكاندا مامەڵەی "تێكدەر" لەگەڵ رۆژنامەنوساندا دەكات و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكات، پەخشی كەناڵی ئاسمانی راگرتووە، یان ئاگاداركردنەوەیان بۆ رۆیشتووە، لەكاتێكدا هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی بۆ ئەو هەنگاوانە نییە.

لە ماوەی 10 رۆژی سەرەتای مانگی كانونی یەكەمی 2020دا، لانیكەم 20 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە، ئەوەش بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنوسانی کوردستان. بەڵام بەپێی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی رۆژنامەنوسان، 30 حاڵەتی پێشێلكاری هەبووە.

- لە قەزای رانیە، لەكاتی روماڵی نارەزایەتییەكاندا، لە 11ی كانونی یەكەم، پێشمەرگەیەكی یەكەی 70ی یەكێتی، بەچەك و جلوبەرگی سەربازییەوە هێرشیكردە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەڕای سوكایەتیپێكردن، مایكی كەناڵەكەی شكاند و لۆگۆی سەر مایكەكەی سوتاند، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر كامێرای كەناڵەكە، بەپێی هەواڵێكی ئەو كەناڵە.

رادیۆی دەنگ، لە كەلار لە 11ی كانونی یەكەم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە كە پەیامنێرێكیان محەمەد مەحمود، لەلایەن ئاسایشەوە راگیراوە و لە زیندانی تاكەكەسی هێڵدراوەتەوە، "ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەی سەرکۆنەئامێزی زۆری لەگەڵدا كراوە، هەروەها ھەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەو روماڵەی لە رادیۆی دەنگەوە کراوە بۆ خۆپیشاندانەكان، تەنانەت ھەڕەشەی ئەوەی لێکراوە کە شتەکەی لێ دەکەنە عەشایەری!"، بەپێی راگەیەنراوەكە.

- هه‌ر له‌ كه‌لار تیمی ڕۆژنامەوانیی كەناڵی ئاسمانی پەیام لە كەلار، هاوار محەمەد، پەیامنێر و ئاكۆ جومعە، وێنەگر لەكاتی رۆماڵی خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە هێرشكرایە سەریان.

- تیمی سلێمانی كەناڵی عیراقییه ئەمین ئەحمەد و سیروان بارزان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەركران، هەمان رۆژ ئازادكران، لە ناحییەی بازیان بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای بازیان پرێس (هەرێم مەجید)، لەلایەن هێزێكی پۆلیسەوە دەستگیركرا، پاش یەك كاتژمێر ئازادكرا.

- ئێوارەی 12ی مانگ، لەكاتێكدا خۆپیشاندانەكان هێوربونەوە، پۆلیسی سلێمانی سێ میدیاكاری كەناڵی كوردستان 24 (دالیا كەمال، هەردی حەسەن و بەرهەم جەمال)ی دەستبەسەركرد، بەهۆی ئامادەكردنی راپۆرتێك دەربارەی "گوڵەبەڕۆژە".

- یەكێك لە پێشیلكارییەكانی حكومەت، راگرتنی پەخشی كەناڵی ئێن ئاڕتی و ئاگاداركردنەوەی سێ كەناڵی تر بوو (پەیام، رووداو و سپێدە)، لەگرتنبەری هەمان هەنگاو، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT