ساڵی رابردوو؛ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك هه‌ڵكشا و له‌ گه‌یاره‌ راگیرا

كه‌ركوك، تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری بیره‌ نه‌وتێكی كێڵگه‌ی خه‌بازه‌ ده‌ده‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك له‌ ساڵی 2020 زیادیكرد، له‌ ملیۆنێك و 114 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ گه‌یشته‌ سێ ملیۆن به‌رمیل له‌ مانگێكدا، به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌یاره‌وه‌ كه‌ له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه‌دا‌ به‌ یه‌كجاری راگیرا.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی (كه‌ركوك ناو) له‌ كۆمپانیای به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عیراقی (سۆمۆ)وه‌ ده‌ستیكه‌وتون، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه‌ ساڵی 2020 ده‌وروبه‌ری 33 ملیۆن و هه‌شت هه‌زار و 818 به‌رمیل نه‌وتی خاو هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا كراوه‌.

تێكڕای هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ سه‌ره‌تای ساڵی رابردوودا ملیۆنێك و 114 هه‌زار به‌رمیل بووه‌ به‌ڵام له‌ مانگی ئایاردا گه‌یشتۆته‌ به‌رزترین ئاست؛ كه‌ سێ ملیۆن و 545 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ كراوه‌.

1-16
بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی كه‌ركوك به‌ درێژایی مانگه‌كانی 2020

داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك له‌ بازاڕی جیهانیدا به‌ ملیارێك و 193 ملیۆن و 920 هه‌زار و 862 دۆلاری ئه‌مریكی ده‌خه‌مڵێنرێت.

له‌ مانگی كانونی دو‌ه‌می 2020دا داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی كه‌ركوك 63 ملیۆن و 663 هه‌زار دۆلار بووه، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵه‌كه‌دا داهاته‌كه‌ زیادیكردووه‌ و گه‌‌یشتۆته‌ 144 ملیۆن دۆلار.

له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی گه‌یاره‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می 2020ـوه‌ راگیراوه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی (سۆمۆ)، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی گه‌یاره‌وه‌ مانگی شوبات 488 هه‌زار و 845 به‌رمیل، له‌ مانگی ئاداردا 129 هه‌زار و 49 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ كراوه‌، دواتر پرۆسه‌كه‌ راگیراوه‌.

داهاتی ساڵی رابردوی فرۆشتنی نه‌وتی گه‌یاره‌ له‌ بازاڕی جیهانیدا 12 ملیۆن و 765 هه‌زار و 420 دۆلار بووه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT